شەماڵ بارەوانی

بەشی(٢٥)

  

گەشتی ژیانم بەرەو توونێلی توندڕۆیی

هێدی هێدی و هەفتە دوای هەفتە، مامۆستا زیاتر بەو فیکرە شاراوەیەی کە خۆی بڕوای پێی بوو و هەڵگری بوو، منی گۆش دەکرد و بیروباوەڕەکەی خۆی دەرخوارد دەدام و لەسەر دۆگمەکانی خۆی تەلقینی دەدام.

ئەوەی مامۆستا بۆ منی باس دەکرد و دەیگوت، لەگەڵ ئەوەی مەلاسەمەد سەبارەت بە ئایین دەیگوت، دوو دنیابینی و دوو فیکر و شتی زۆر جیاوازبوون!

مامۆستائاکۆ کەسێکی فێندەمێنتالیست بوو، مەلاسەمەد به پێچەوانەوە، دەروێشێکی تەمام عەیاربوو.

ڕۆژێک گوتم: مامۆستا، ئەی بۆ مەلاسەمەد لەسەر مینبەر هێندە بە خراپی باسی محەمەدی کوڕی عەبدولوەهاب دەکات و دەڵێت پیاوێکی بە کرێگیراوی سەر بە جوولەکەبوو؟

پێکەنی و گوتی: هیواگیان، مەلاسەمەد کۆڵکەمەلایەکی نەخوێندەوار و کلکی دەسەڵاتە. هەر هێندەی لێ دەزانێت. شێخ محەمەدی کوڕی عەبدولوەهاب و شێخولئیسلام ئیبنولتەیمیە و شێخ عەبدولڵاعەزام و شەهید سەیدقوتب، ئەمانە موجاهید و موفەکیر و لە گەورە زانایانی پایەبەرزی ئیسلامن.

هیواگیان، ئیسلام تەنها نوێژکردن و ڕۆژووگرتن نییە، وەکو ئەوەی مەلاسەمەدی نەفام و ئـەو کۆڵکەمەلایانە لێی حاڵی بوونە!

ئایینی ئیسلام و سیاسەت، دوانەیەکی دانەبڕاون و

ئیسلام و شمشێریش تەواوکەری یەکترین.

حاڵی بوویت هیواگیان؟

ئیسلام بە هێز دەچەسپێنرێت. دەبێت ئەو ئایینە لە هەموو کایەکانی ژیانمان ڕەنگدانەوەی هەبێت. گەر تەنها شایەتومان بێت، وەک ئەوەی زۆرێک لە خەڵکی دەیکات، ئەوە فیرعەون و شەیتانیش موسوڵمانن. 

هیواگیان، ئیسلام پێویستی بە هیوایەکی وەکو تۆیە. هیواگیان من و تۆ دەبێت ئەو شکۆ و هێز و هیوایە بۆ ئیسلام بگەڕێنینەوە، کە  لای تاغووتان و نۆکەران و بێبڕواکان لێی زەوت کراوە.

هیوا، دەبێت ئێمە کار بۆ زیندووکردنەوەی خەلافەتی ئیسلامی و حوکمی شەریعەت و گەڕانەوەی حاکمییەتی ئەلڵای تەعالا بکەین. 

هیواگیان، ئیسلام بە شمشێری شێرەکەی ئیسلام، خالیدی کوڕی وەلید، بە غیرەتی قەعقاع و ترسی ئیمامی عومەر سەردەکەوێت، نەک حای حۆی وشکە سۆفییەک و  دەروێشکی نەزان.

هیواگیان، ئێستا ئوممەی ئیسلامی لە نەزانی و گومڕاییدا دەژین. هەمووی مەستی شایی و  سەما و گۆرانی و مۆسیقا و بەڕەڵایی و لاساییکردنەوەی جوولەکە و گاورە بێبڕواکانن.

هیوا گیان، دەبێت ئەو کۆمەڵگایانە دووبارە داوای موسوڵمانبوونیان لێ بکرێتەوە و زۆرینەی خەڵکی لە دین هەڵگەڕاونەتەوە و بێبڕوا بوونە و  پێی نازانن! جا با ڕۆژی پێنج جار نوێژیش بکەن و مانگی ڕەمەزانیش بەڕۆژوو بن.

دەبێت جارێکی تر ئێمە کار بۆ بەموسوڵمانکردنەوەی ئەو خەڵکە بێبڕوا و لادەرە بکەینەوە و لە شەریعەت و ئایین و حوکم و ئیسلامیان حاڵی بکەین. جارێکی تر ئەو کۆمەڵگاکافرەیە ئاشنای ئیسلام و ئیمان بکەینەوە.

وەک شەهید(سەیدقوتب)دەڵێت. بەڵێ، ئێمە ئێستا لە کۆمەڵگایەکی جاهیل و سەردەمی نەفامیدا دەژین هیواگیان.

شێخی موجاهید شەهید(محمدعەبدولسەلام فەرەج)، لە کتێبی«الفريضة الغائبة» زۆر جوان باس لە هەردووک حوکمەکانی جاهیلییەت و حاکمییەتی ئەلڵا دەکات. «أفحكم الجاهلية يبغون»  «إن الحكم إلا للە».

شەهید(سەیدقوتب)یش له «في ظلال القرآن» و لە«معالم في الطريق» باسی یەکتاپەرستی و تەوحیدی ئەلڵا و واتای ڕاستەقینەی: «لا إله إلا الله» و دروستبوونی کۆمەڵگایەکی ئیسلامی و تایبەت مەندییەکانی کۆمەڵگای ئیسلامی و حاکمییەتی ئەلڵا و جێبەجێکردنی شەریعەت و کۆمەڵگای جاهیل و گومڕا دەکات.

هیواگیان، ئەو ئایینەپیرۆزە هەزاران محەمەدعەبدولسەلام و سەیدقوتب و حەسەن بەننا و بیلالی لەپێناو شەهید بووە.

 ئەوە ئەرکی من و تۆ و هەموو موجاهیدێکی ڕێگای ڕاستییە هیواگیان. نابێ بترسین، با ئێمەش شەهیدبین لەپێناو ئەو ئایینە. شەهیدبوونمان شەرەفە لەپێناو بڵاوکردنەوە و گەیاندنی حەق و ئەو ئایینەپیرۆزە. نابێ درێغی بکەین هیواگیان نابێت.

پەیامبەرمان دەفەرموێت «بلغوا عني ولو آية». "مَنْ رَأَى مِنْكُمْ مُنْكَرًا فَلْيُغَيِّرْهُ بِيَدِهِ فَإِنْ لَمْ يَسْتَطِعْ فَبِلِسَانِهِ فَإِنْ لَمْ يَسْتَطِعْ فَبِقَلْبِهِ وَذَلِكَ أَضْعَفُ الْإِيمَانِ."

هیواگیان دەبێت ئێمە بیگەیەنین و مونکەرەکان بگۆڕین.

بە هێزی بازوو، گەرنا بە زمان، ئەوەشمان نەتوانی، بە دڵ پێمان ناخۆش بێت، کە ئەمەیان نزمترین و لاوازترین پلەی ئیمانە.

هیواگیان، نابێت ئێمە هێندە بێ غیرەت و ترسنۆک بین و بە ئەزعەفول ئیمانەکە ڕازی بین.

لەکوێ دەرفەتمان هەبێت و دۆخەکە لە بەرژەوەندی ئێمە بێت، دەبێت دەستی خۆمان بوەشێنین و بەهێز و بازوو بیانکوتینەوە و بێبڕوا و دووڕووەکان و هەموو نۆکەرانی سەڵیبییەت و سەهیۆنییەت و عەلمانییەتی کافر بشێلین.

مامۆستا وای گوت.

ئینجا مامۆستا کۆمەڵێک کتێبی ئیبنولتەیمیه و سەیدقوتب و محەمەد قوتب و شێخ عەبدولڵا عەزامی لابوو و نامیلکەیەکیشی پێم دا، گوتی بیبە لەگەڵ خۆت، بیخوێنەوە و دواتر بۆمی بگەڕێنەوە.

بەڵام تکایە، با کەس نەیبینێت.

یەکێک لە کتێبەکان زۆر بە خراپی باسی جووەکانی دەکرد.

ئەو کتێبە منی کرد بە کەسێکی فێندەمێنتالیست و دەمارگیرێکی تەمام عەیار!

 ئەو کتێبەی ڤایرۆسی فیکری ڕادیکاڵی لە  مێشکمدا چاند و سەراپای تێڕوانین و بیرکردنەوەکانی گۆڕیم. 

بەڵێ ئەو کتێبە هەستی کوژاندمەوە و مرۆڤبوون ویژدان و بوونی تیرۆرکردم و جیهانی منداڵی لێ سەندمەوە.

ئەو کتێبەی بەقەد هەر شەش مانگی وانەکانی مامۆستائاکۆ دەروونی شێواندم و وای لێ کردم ببم بە کەسێکی ئایدیۆلۆژیست.

 کتێبێک، ڕێک مێشکی هاککردم و ئەقڵی قفڵ دام. وای لێ کردم تەنها ڕەنگی ڕەش و سپی ببینم و دنیا بەسەر بەرەی ڕاست و هەڵە، کافر و بڕوادار، بەهەشتی و دۆزەخی، دۆست یان دوژمنی خوداوەند دابەش کەم. 

کتێبێکی بچووک و لە قەبارەی نامیلکەیەک دەبوو. ئەو کتێبۆکەیەی جووەکانی وەکو مار پیشان دەدا و وێنەی مارێکی کوبرای لەپاڵ ناوی جووەکان دانابوو.

 ئەو کتێبۆکەیەی ئەوەی لە مێشک چاندم، کە هەموو دنیا دژی ئەو مەزهەب و ئیدەلۆژیا و ئایینەیە کە من باوەڕم پێی هەبوو، لە دژایەتی کردن و پیلاندان.

 کتێبێک، زۆر لە کتێبەکەی( خەباتی من)ی هیتلەر، بە نەفەسێکی نامرۆڤانەتر و ئیدەلۆژیانەتر و ڕاسیزمانەتر نووسرابوو و زیاتر لەو کتێبەی ئەدۆلف هیتلەر، دەمارگیری و ڕەگەزپەرستی و ڕقی تێدا حەشاردرابوو، لەبەرامبەر جووەکان.

 کتێبۆکەیەک، تا بڵێیت لە دیدەنیگایەکی نزم و ڕاسیزمانە و فێندەمێنتالیستانەوە نووسرابوو. 

 خۆزگە وەزارەتی ڕۆشنبیری هەر نامیلکە و کتێبک، کە تۆوی دووبەرەکی و دەمارگیری ئایینی و بیری ڕاسیزمگەرێتی و ڕقی مەزهەبی و لێکترازان لەنێوان مرۆڤەکان دروست دەکات، سانسۆر و قەدەغەی دەکرد. خۆزگە فلتەرێکی دادەنا، بۆ ئەو بەرەڵایی و بێسەروبەرییەی جیهانی کتێب و کتێبۆکە و نامیلکە لەچاپدان.

 بەتایبەتی ئەوانەی ئایینی و مەزهەبین و ئیسلامگەرا و فێندەمێنتالیست و سەلەفیگەراکان دەیاننووسن و بەوپەڕی ئازادی و بێ هیچ فلتەرێک چاپی دەکەن و بڵاوی دەکەنەوە!

ئەو کتێبانەی لە سەدەی بیست و یەک و چاخی ڕۆشنگەری و سەردەمی شۆڕشی تەکنەلۆژیا و زانست و چوونەسەرمانگ و ڕۆبۆتدا، باس لە گەڕانەوە بۆ حوکمی خەلافەت و دەوڵەتی سیوکراتی و دۆزەخی سەدەکانی ناوەڕاست دەکەن.

 ئەو کتێب و نامیلکۆکانەی ڕەوایەتی بە کۆیلایەتی و بە کەنیزەکردنی مرۆڤ دەدەن. ئەو کتێبانەی وەک مامۆستائاکۆ، جیهان بەسەر دوو بەرە و دوو ڕەنگ دابەش دەکەن.

 بەرەی کفر و ئیمان و سپی و ڕەش. ئەو کتێبانەی دژی خۆشەویستی و لێبووردەیی و فرەیی و ڕۆحی پێکەوەژیان و دیموکراسییەت و مافەکانی مرۆڤ و هەستی نەتەوەیی و مرۆڤدۆستی و بنەماکانی سیکۆلاریزم و ژیانێکی شارستانی و کۆمەڵێکی کراوە و  لۆژیک و ئەقڵانییەت و دەوڵەتێکی مەدەنین.

ئەو نامیلکۆکە و کتێبانەی پڕن لە ڕقی مەزهەبی و پێشەکین بۆ بوون بە فێندەمێنتالیست و داعش.

بۆ شوشتنەوەی دەماغی ڕۆڵەکانی کورد و شێواندنی ئەقڵ و هۆشی تاک و ناشیرینکردنی مرۆڤ. ئەو کتێبانەی پڕ لەو فەتوایانەن، کە لە ئاستێکی زۆر نائینسانی و نزمدان. ئەو فەتوایانەی جەژنە پیرۆزەی ئایینەکانی تر حەرام دەکەن و سڵاوکردنیان بە کفر دەزانێت و تێکەڵاوییان بە لادان!

 ئەو کتێبانەی مرۆڤبوونی مرۆڤ دەشێوێنن و ناخ و بیری خوێنەر ژەهراوی و زەینی کوێر دەکەن. ئەو کتێبانەی مێشکی خوێنەر هاک و ئەقڵی بە بەستەڵەک و هێزی بیرکردنەوەی تیرۆر دەکەن. خۆزگە هەر کتێبێک و کتێبۆکەیەک، باس لە توندوتیژی دەکات و هانی دەمارگیری و ڕق و ڕاسیزمبوون و جیاکاری ڕەگەزی دەدات، وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕێگری لە بڵاوکردنەوەی بکردبا و ئەوەی بڵاویش بووتەوە قەدەغەی کردبایە.

قۆناغی هەرزەکاری چەندە هەستیارە، هەرزەکار چەندە زوو دەکەوێتە ژێر کاریگەری ئەو شتەی گوێی لێ دەبێت و دەیخوێنێتەوە و دەیبینێت. لەو قۆناغەی هەست و سۆز زاڵە و لۆژیک و بیرکردنەوە و ئەقڵ ونە.

بۆیه دەبێت ئاگاداری ئەوە بین، چی دەخوێنینەوە و چۆن دەخوێنینەوە. من لەو قۆناغەدابووم، مامۆستائاکۆ و ئەو کتێبۆکەیە وایان لێ بەسەر هێنام. 

پێشووتر هەر ئەوەم بیستبوو کە(کتێب باشترین هاوڕێیە). من دوای خوێندنەوەی ئەو کتێبەیە بۆم ڕۆشن بووەوە، کە وانییە و بەو ڕەهاییە نییە. هەندێک کتێب هەن لەجیاتی ئەوەی باشترین هاوڕێ بن، خراپترین دوژمنن. بۆیە دەبێت ئەوە بزانیت، مەرج نییە خوێندنەوەی هەموو پەرتووکێک سوودبەخش بێت. کتێب هەیه مرۆڤ دەکات بە فاشیست و بە تیرۆرست. مرۆڤ لە مرۆڤبوون دەخات و ویژدانی لێ دەسەنێتەوە و دەیکات بە بابایەکی بێهەست و  ئامێرێکی بێگیان و وێرانکەر. کتێب هەیە هۆش دەگوشێت و ئەقڵ لە قاڵب دەدات و هێزی بیرکردنەوە دەکوژێت و مرۆڤ دەکات بە بوونەوەرێکی مەزهەبی و ئایدیۆلۆژیست و بیرتەسک و ئەقڵداخراو و وای لێ دەکات، دوو بست ئەولاتری لووتی و تێڕوانینی خۆی، هیچی دیکە نەبینێت.

کتێب هەیه، مرۆڤ دەکات بە هۆڤ، مازۆکی و سادیک. کتێب هەیه هونەری کۆیلایەتی، ڕاسیزمبوون، ترس، تووڕەیی، ڕق، جینۆساید، جەنگ، سووتان، کوشتن و تیرۆر فێری مرۆڤ دەکات.

کتێبیش هەیه فێری تۆلەرانس، ئیشق، لێبوردەیی، ئەزموون، مەعریفە، نەتەوەپەروەری، مرۆڤبوون و مرۆڤدۆستی، خۆشەویستی ژیان و ئەوانیتر، ئاژەڵدۆستی و ژینگەدۆستیت دەکات.

 مەولانا، شێرکۆ، مەلای گەورە، هەژاری موکریانی، هێمنی شاعیر، مارکس، گاندی، تۆلستۆی، هیتلەر، ستالین، سەددام، سەیدقوتب،  بەغدادی و بن لادنیش کتێبیان دەخوێندەوە و لە منداڵدانی کتێب و هەناوی کتێبخانەکانەوە هاتنە دەرەوە.

دەڵێن کەسێک زۆر کتێبی لەسەر ئاژەڵان خوێندەوە. لەکۆتاییدا بوو بە گیاخۆر.