
شەماڵ بارەوانی
بەشی(٢٦)
بیلال لە ئەفغانستان شەهید بوو
خۆزگە منیش وەکو بیلالی پاڵەوان، بیلالی بەغیرەت، بیلالی بوێر، پلەی شەهیدیم بە نسیب دەبوو و لەڕێگای جیهادەوە، وەک موجاهیدێک شەهید دەبووم.
هیوا گیان، من هێندە بێغیرەت نیم، تا بێم و لەو دێیە دوورەدەستەی خاکی ئیسلام دانیشم و خەریکی خەوتن و خواردن و خواردنەوەبم.
بەڵێ، من جارێ ئەرکی ترم لەسەرشانە هیواگیان.
ئەرکی من پەروەردەکرنی نەوەیەکی ئیسلامی و دروستکردنی کۆمەڵێک شێری وەکو تۆیه بۆ گیانی بێباوەڕان.
ئاخ بیلال گیان ئاخ، خۆزگە دەتزانی چەندە بیرت دەکەم!
دڵنیام ئێستا لە فیردەوسی ئەعەلایت و حەفتاودوو حۆری لەسەر ئەو ڕووخسارە نورانییەت شەڕیانە.
دڵنیام ئێستا لە خۆشترین کۆشکەکانی بەهەشتیت.
دڵنیام ئێستا خەریکی نۆشینی شیر و شەرابی تەهووریت.
مامۆستا وای گوت و دووبارە لێزمەی فرمێسک لەسەر گۆنای ڕێچکەیان بەست.
مامۆستا ماوەیەک بە بێدەنگی سەری خستە سەر کۆشی خۆی.
هیواگیان، بیلال کوڕێکی زۆر به غیرەت و بوێر بوو. ئەو زۆر کەیفی بە شمشێرەکەی خودا( خالدی کوڕی وەلید) دەهات و وەکو ئەویش پاڵەوان بوو.
من و بیلال، هەموو کاتێک هەر پێکەوەبووین. بەردەوام باسی تەوحید و جەنگ و جیهاد و فەلەستین و ئەفغانستان و ئەندەلوس و چیچانمان دەکرد.
بیلال بەرلەوەی بڕوات بۆ ئەفغانستان، ڕۆیشت بۆ
چیچانستان و لەوێ لەگەڵ براموجاهیدەکانمان دژی سوپای مارکسییەت و ئیلحاد، سوپای رووسیا جەنگا. دواتر چوو بۆ ئەفغانستان.
بیلال بەرلەوەی بڕوات بۆ چیچانستان و ئەفغانستان و دەوڵەتی ئیسلامی و ڕیزی براموجاهیدەکانمان لەو دوو وڵاتە، لێرە، لەشەڕی نێوان(بزوتنەوەی ڕێگای حەق) و حزبێکی عەلمانی کافری کوردستان زامداربوو و خەریک بوو قاچێکی لەدەست بدات. بیلال عەدەدئارپێچی بوو.
لەو جەنگەی بزووتنەوەی ڕێگای حەق، لەگەڵ ئەو حزبە ئشتراکییە عەلمانییە کافرە، دەیان مارکسی کافری تۆپاند و بە دۆزەخی سپاردن.
بیلال بەهۆی زیرەکی و بوێری و قارەمانێتییەوە، لەناو بزووتنەوەکە، نازناوی(سەیفولئیسلام)ی پێ درابوو و هەموو بە شمشێرەکەی ئیسلام بانگیان دەکرد.
بیلال دوای ئەوەی لێره شەڕی نێوان بزووتنەوەی ڕێگای حەق و ئەو حزبه باکگراوەند چەپ و مارکسییە ڕاوەستا، گوتی من دەڕۆم بۆ ئەفغانستان و لە ڕیزی برایانمان لەناو بزووتنەوەی تاڵیبان، بەرگری لە خاکی ئیسلام دەکەم و درێژە بە جیهادی پیرۆز دەدەم، لە دژی بێ باوەڕان و نۆکەرانیان.
بەداخەوە دوای ساڵێک لە ڕۆیشتنی بۆ ئەفغانستان، لەگەڵ شەش موجاهیدی تری تاڵیبان، لەو وڵاتە ئیسلامییە و لەپێناو سەرخستنی دینی ئیسلام شەهیدبوو.
خۆزگە دەزانیت تۆ چەند لە بیلال دەکەیت هیواگیان. تۆ دەقاودەق کۆپییەکی بیلالیت!
دڵنیام چۆن شێوەت لە شەهید بیلال دەکات، بوێری و هەڵوێست و هەموو شتێکی تریشت وەک هی ئەو دەبێت. بەڵێ، من دڵنیام کە تۆ لە داهاتوودا دەبیت بە بیلالێکی تر بۆ گیانی مارکسی و عەلمانییەکافرەکان و هەموو دووڕوو و بێباوەڕان و نۆکەرانیان.