بەشی(٢٨)

من و هێمنەڕێوی بووین بە فەقێ

مامۆستائاکۆ دوای ئەوەی هەموو پێنجشەممەیەک باسی عەقیدەی ئیسلامی و یەکتاپەرستی و ژیاننامەی پەیامبەران و هاوەڵانی پەیامبەر و جەنگ و جیهادی بۆ دەکردم، ڕۆژێک گوتی هیواگیان، شتێکت پێ دەڵێم، بەڵام دەبێت ئەو شتە بە هەند وەربگریت و نهێنی نێوانی من و تۆ و گۆڕ بێت و لێزانانە و زیرەکانە، بزانیت کە کێ بۆ ئەو یارییە هەڵدەبژێریت؟

کەسێک بێت، وەک خۆت ژیر و جێگای متمانەبێت و بە کەڵکی ئەو یارییه بێت. کە وای گوت، هەردووکمان پێکەنین. پێکەنینەکەمان بە یارییەکەبوو و بیری یەکەم ڕۆژی دانیشتنمان کەوتەوە. ئەوکاتەی مامۆستا پێی گوتم ئەو یارییه.

مامۆستائاکۆ بەخەندەوە گوتی: دەی بزانین کێی تر بە کەڵکی ئەو یارییە دێت و یاریزانێکی باش دەبێت بۆ هێرشبردن و گۆڵکردن لە بێبڕوایان و نۆکەرانیان و ئەنجامدانی یارییەکی زیرەکانە؟

هیواگیان، تۆ لە هاوڕێکانی خۆت، کێت پێ باشە لەگەڵ خۆت بیهێنیت؟ بەڵام تکایە نهێنیپارێزبە.

کە پێشت گوت، مەبەستم ئەو کەسەی هەڵیدەبژێریت، پێی بڵێ مامۆستائاکۆ فێری قورئانمان دەکات و هیچی تر.

باشە مامۆستا، بێخەم بە.

بیرمە لە قوتابخانەبووین، وانەی کۆتایی بوو، بە ئەسپایی ڕۆیشتمە نزیک هێمن و لەژێرگوێچکەکانیم چرپاند: هێمن، کە وانە تەواوبوو، مەڕۆوە، مامۆستا ئاکۆی بەڕێوەبەر کاری پێتە.

-بەمن؟

+بەڵێ.

-چ کارێک؟

+کە ڕۆیشتین دەزانیت، ئێستا بێدەنگ به و چیتر مەپرسه.

-باشە هیواگیان.

زەنگی کۆتایی وانەی شەشەم لێیدا، قوتابیەکان هەموویان ڕۆیشتنەوەماڵەوە، تەنها من و هێمن نەبێت.

ڕۆیشتین بۆ ئیدارە و لای مامۆستائاکۆی بەڕێوەبەر دانیشتین.

کە ئێمە چووینە ژوورەوە، مامۆستائاکۆ گۆرانییەکی ئەفغانی لەسەر ڕیکۆردەکە دانابوو.

پێشووتر لێیم پرسیبوو: گۆرانییەکە باسی چی دەکات و ئەو زمانی ئەڤغانی تێدەگات؟

مامۆستائاکۆ نەک گۆرانی دڵداری، تەنانەت میوزیکیشی به لاوە تاوان و حەرام بوو.

دەیگوت پەیامبەر دەفەرموێت: لەکۆتایی زەمان، قەومێک لەنێو موسوڵمانان پەیدادەبن، گۆرانی و میوزیک و لەبەرکردنی ئاوریشم و داوێنپیسی و مەیخۆری حەڵاڵ دەکەن!

«ليكونن من أمتي أقوام يستحلون الحر، الزنا والحرير والخمر والمعازف».

ئەو گۆرانییە ئەفغانییەی کە مامۆستا گوێی بۆ دەگرت، نە گۆرانی دڵداری بوو، نەیش میوزیکی لەگەڵدابوو.

ئەو دەیگوت: ئەوە سروودێکی ئایینی براموجاهیدە ئەفغانییەکانە و کاتی جەنگی نێوان موجاهیدەکانی ئەفغان و یەکێتی سۆڤیەتی شیوعی و مولحیدی داگیرکەری ئەفغانستان تۆمارکراوە.

مامۆستا دەیگوت: لێی تێناگەم، بەڵام هەرکاتێک گوێی بۆ شل دەکەم، هەست بە ئارامی و حەماسەتێکی دینی خۆش دەکەم.

جارێک گوتم: مامۆستا پێدەچێ گۆرانییەکی زۆر خۆشبێت.

مامۆستائاکۆ ڕەنگ و ڕووخساری گۆڕا و زۆر بەو قسەیەی من قەڵسبوو و گوتی: تکایه هیواگیان مەڵێ گۆرانی، بڵێ: سروودی دینی.

گۆرانی هی خوێڕی و بەرەڵاکانە، سروودیش هی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە.

ئەوڕۆژە کاتێک من و هێمن ڕۆیشتین بۆ ژوورەوە، یەکسەر مامۆستا ڕیکۆردەکەی بێدەنگ کرد. هەڵبەت لەبەر هێمن وای کرد.

ئینجا خەندەیەکی دەستکردی بەڕوودا کردین و گوتی: بەخێربێن بەخێربێن، شێره کوڕینە. دوای  کەمێک گفتوگۆی ئاسایی. مامۆستا هەستا و ڕۆیشت و  کتێبەکەی ژیاننامەی پەیامبەرانی هێنا و دەستی کرد بە باسکردنی چیرۆکی ژیانی ئەیوب پەیامبەر و خۆڕاگرییەکەی.

لەبەر هێمن، ماوەی مانگێک هەر ئەو کتێبەی بۆ باسکردین و دواتر کتێبێکی تری هێنا، ناوی(سیرة النبویة)ژیاننامەی پەیامبەر بوو.

مامۆستا زۆر جیاوازتر لەو کتێبەی (قصص الٲنبیاء)، چیڕۆکەکانی بۆ دەگێڕاینەوە.

بەو شێوەیە من و هێمن، هەموو ڕۆژانی پێنج شەممە، دەڕۆیشتین بۆ لای مامۆستائاکۆی بەڕێوەبەر. مامۆستا تا دەهات لەکاتی گێڕانەوەی بەسەرهات و چیرۆکە ئایینییەکان و گێڕانەوەی ژیاننامەی پەیامبەران و بەسەرهاتی ژیانی هاوەڵەکانی پەیامبەر، تۆنی دەنگی توندتر و حەماسەت و عاتیفە و فیکری جیهادی زیاتر دەئاخنییە ناو قسەکانی. زۆر باسی جەنگی ئوحود و حونەین و بەدر و خەندەق و بەنی قورەیزه و بەنی قەینوقاع و بەنی نەزیر و پیلانی جوولەکە و غەزای موسوڵمانان لەگەڵ کافرەکان و  پیرۆزی سەحابە و جیهاد و بەرگریکردن لە موقەدەساتی ئیسلامی و ڕووبەڕووبوونەوەی سەڵیبیەتی جیهانی و کۆمەڵێک تەوەری تری لەوبابەتانەی بۆ دەکردین و زۆر سەرسامی خۆی بە خالیدی کوڕی وەلید و ئەبوقەعقاع دەردەبڕی.

لەو تەمەنە زووەوە، دواجار و دوای چەندین مانگ، هێمنیش وەک من، بە تەواوی کەوتە ژێر کاریگەری فیکری جیهادی و قسەکانی مامۆستائاکۆ و چیرۆک و هەموو ئەو شتانەی بۆی باس کردین.

بیرمە من و هێمن ڕۆژێک بە بیانووی کڕینی جلی وەرزشی ڕۆیشتین بۆشار. لە ڕاستیدا، لەسەر پێشنیازی مامۆستائاکۆ و بۆ کڕینی دوونامیلکە، دانەکیان(ئایە دەزانی جۆرەکانی شیرک چین؟) و ئەوەکەیتر شەرحی(ئەربەعین نەوەوی)بوو بە کوردی. لەگەڵ کڕینی کۆمەڵێک سیدی و کاسێتی وتار و وەعزی مەلا و بانگخوازی ئیسلامی.

دوای ئەوە من و هێمنەڕێوی بووین بە فێندەمێنتالیست.

دانی بەیانی لە قوتابخانە و دوای نیوەڕۆ، بە بیانووی وانەخوێندن، دەرۆیشتینە چۆڵەوانی و دوو کتێبەکەمان دەخوێندەوە و ڕیکۆردێکیشمان لەگەڵ خۆمان دەبرد. ڕیکۆردەکە هی باوکی هێمنەڕێوی بوو و هێمن لەگەڵ خۆی دەیهێنا و لەوێ وتار و وەعزی مەلا و بانگخوازەکانمان گوێ بۆ دەگرتن و شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینیش، بەردەوام دەڕۆیشتینە لای مامۆستائاکۆ، تا باسی تری ئایینی وەک: جیهاد و خۆڕاگری و بەرگریکردن و عەقیدە و شتمان بۆ بکات. من و هێمن، دواتر و دوای ڕووخانی سەدام حوسێن و بەعس، کاتێک ڕێخراوی قاعیدە هاتە عێراق، بە تەواوی کەوتینە ژێرکاریگەری فیکری قاعیدە. بەڵام هیچ کۆنتاکتێکمان لەگەڵ دروست نەکردن.

 هەر دووربەدووری، موسعەب زەرقاویشمان، بەهەمان شێوەی ئەیمەن زەواهیری و ئوسامە بن لادن خۆشدەویست.

دواتر کە ئێمە پۆلی شەشمان تەواو کرد، مامۆستائاکۆ لەو دێیەی ئێمە نەما و خۆی گواستەوە و ڕۆیشت بۆ دێیەکی تر و دەڤەرێکی تری زۆردوور.

ئینجا من و هێمن ڕۆیشتین بۆ دێیەکی ئەولاتری دێیەکەی خۆمان و ڕوژانە دەچووین وانەی فەقێیاتیمان دەخوێند، بەوشێوەیە تا نزیکەی ساڵێک لەوێ خوێندمان.

دواتر لەڕێگای ئەو مەلایەشەوە، من و هێمن بووین بە ئەندامی هێزێکی بناژۆخواز و ڕۆیشتین بۆ قوتابخانە و حوجرەیەکی سەربەوگرووپە بناژۆخوازە.