شەماڵ بارەوانی

بەشی(٢٩)

من و هێمن بووین بە خۆکوژ

گوتم من و هێمن ڕۆژێک بە بیانووی کڕینی جلی وەرزشی، ڕۆیشتین و دوو نامیلکەمان کڕی(ئایە دەزانی جۆرەکانی شیریک چین؟) و شەرحی(ٲربعین نووی) بە کوردی و

لەگەل کۆمەڵێک کاسێتی وتار و وەعزی مەلا و بانگخوازی ئیسلامی.

دوای ئەوە، من و هێمنەڕێوی بووین بە فێندەمێنتالیست.

دانی بەیانی لە قوتابخانە و دوای نیوەڕۆ، بە بیانووی وانەخوێندن دەرۆیشتینە چۆڵەوانی و کتێبەکانمان دەخوێندەوە و فەرموودەکانی ئەربەعین نەوەوییەکەشمان لەبەردەکرد و گوێمان لە وتار و وەعزی مەلا و بانگخوازەکان دەگرت و شەوی پێنجشەممانیش دەڕۆیشتینە لای مامۆستا ئاکۆ، تا باسی تری ئایینی وەک جیهاد و خۆڕاگری و بەرگری و شتمان بۆ بکات.

وەک ئاماژەم پێ دا، ڕاستە هیچ کۆنتاکتێکمان، لەگەڵ دروست نەکردن و هەر دووربەدووری ڕێکخراوی قاعیدەمان خۆش دەویست. وەلێ بەردەوام نزای سەرکەوتنمان بۆ دەکردن و ڕۆژانە لە ڕێگای سەتەلایت و تیڤی و ڕادیۆوە، ئاگاداری هەواڵەکانیان بووین. کاتێک کە لە هەواڵەکان دەمانبینی: ئەمڕۆ لە فلان شارەی عێراق، ڕێکخراوی قاعیدە تەقینەوەیەکی خۆکۆژی ئەنجامدا وە و ئەوەندەی لە هێزەکانی مارێنز و هاوپەیمانان و نۆکەرانیان کوشتووە، من و هێمن ئەلڵاهوئەکبەرمان دەکرد و لە دڵخۆشییان شاگەشکەدەبووین و دەمانویست لە شەققەی باڵ بدەین و بفڕین و بڕۆین بۆ بۆشایی ئاسمان.  من و هێمن خۆشحاڵی خۆمان دەردەبڕی و ئامێزمان لەیەکتری وەردێنا و فرمێسکی دڵخۆشی لەسەر گۆنامان ڕێچکەیان دەبەست و پیرۆزباییمان لە یەکتری دەکرد.

  بەردەوام نزامان دەکرد و دەمانگوت: خودایە، بەهەمان شێوەی شەهید بیلال، شەهادەتیش بکەیتە بەشی ئێمە.

مامۆستا هێندەی باسی جیهاد و ئەفغانستان و چیچان و فەڵەستین و ئەندەلوسی بۆ کردبووین، زۆر ئارەزوومان دەکرد کە بڕۆینە چیچان یان ئەفغانستان و فەڵەستین، بۆئەوەی دژی شیوعییەت و ئەمریکا و جوولەکە جیهاد بکەین و لە کردەیەکی خۆکوژیدا خۆمان بتەقێنینەوە.

دەمانویست بڕۆین بۆ یەکێک لەو وڵاتانە، بەڵام نەماندەزانی چۆن و بە چی ڕێگایەک؟

نەشماندەوێرا لای هیچ کەسێک باسی وەها بابەتێک بکەین.

لە توندڕۆییدا وامان لێهاتبوو، خۆمان لە هەموو هاوڕێکانمان دوورخستەوە و پەیوەندیمان لەگەڵ پچڕاندن و تێکەڵایی هیچ کەسێکمان نەدەکرد، مەگەر زۆر پێویست بوایە، یان بمانخواستبا بانگەوازی لەگەڵ بکەین بۆ دوورکەوتنەوە لەشیرک و گۆشکردنی بە عەقیدەی تەوحید و گەڕانەوە بۆ سەرڕێگای قورئان و سوننەت و ڕێبازی سەلەفی ساڵح.

بەوشێوەیە من و هێمن بووین بە هەڵگری بیری توندئاژۆیی و فیکرەی خۆکوژی وەکو نیکۆتینی جگەرە، تێکەڵ بە دەمار و خوێن و بیر و خەیاڵمان بوو.