
بەشی(٣٠)
هیچ خودایەک بوونی نییە
خەڵکی دێیەکەی ئێمە، هەموویان بیروباوەڕ و تێڕوانین و فیکرێکی دەروێشانەیان بەسەردا زاڵبوو.
سوێندەکانیان هەموو هەر بە مەرقەد و سەیید و غەوس و شێخ بوو. هاوارکردن و نزاکردنیش، هەر بۆ سەیید و مەرقەد و غەوس و یاشێخ بوو.
من و هێمنیش(تەبای عامێ دەچمەشامێ)، سەرەتا تێڕوانینێکی دەروێشانەمان بۆ ژیان و ئایین و بوون هەبوو.
بڕوامان وابوو، شێخ خاوەنی کەرامەتە و خوداوەند زۆر تایبەتمەندی و هێزێکی زۆری سەرووسروشتی(خارق العادة)ی پێ بەخشیون و سەییدەکانیش ئەولادی ڕەسوولن و بە پلەیەک لە سەرووی مرۆڤی ئاساییەوەن و هەرکەسێک بە خراپ باسی شێخ و بە کەم سەیری سەییدەکان بکات، گوناحبار و شێت دەبێت!
سەییدێک هەبوو، زۆر دەهاتە دێیەکەی ئێمە. سەیید(نەجمەدین)یان پێ دەگوت. ئەفسانە و چیرۆکی زۆر خورافی سەبارەت بەو پیاوە لە دێیەکەی ئێمە و لە هەموو دەڤەرەکە، ئەم دەست و ئەو دەستی پێ دەکرا. زۆرێک سوێندیان دەخوارد، کە بە چاوەکانی خۆیان مام سەییدیان بینیوە لە ئاسمان فڕیوە.
دەیانگوت: یەکێک لەو هێزه سەرووسروشتییانەی کە مام سەیید هەیەتی، دەزانێت کێ بەهەشتییە و کێش دۆزەخییە و لە زۆر شوێن پێلاوی دۆزەخی و بە هەشتییان لێکتری جیادەکاتەوە!
من و هێمنیش وەک ئەو خەڵکە، هەر لە منداڵی و تەمەنێکی زۆربچووکەوە، فیکری دەروێشیمان هەبوو و بەو خورافیات و ئایدیای دەروێشییانە، گۆش و پەروەردە کراین و تەڵقین دراین.
بیرمە هەموو ساڵێک لە وەرزی بەهار، دائیرەی دەروێشەکان دەردەکەوتن و لەم دێ بۆ ئەو دێی دەڤەرەکە دەگەڕان و زیکر و شتیان دەکرد.
کاتێک دەهاتن بۆ دێیەکەی ئێمە، هەموو پیاو و گەنج و منداڵانی دێ، کۆ دەبوونەوە و دەڕۆیشتنە خوار دێ، لە پێشوازی و چاوەڕوانی دەروێشەکان دەوەستاین.
کاتێک دەگەیشتن یان دەڕۆیشتنە پێش ماڵی کوێخای دێ، یانیش بەردەرگا یان حەوشەکەی مزگەوت.
سەعاتێک ئاوا، زیکر و شتیان دەکرد، تا لە بن ئاو و ئارەقە ڕەش هەڵدەگەڕان، هەڵدەپەڕین و سەمای دەروێشانەیان دەکرد. ژێرپیاڵە و شەمعە و شووشەیان دەخوارد و شمشێریان لە زگی خۆیان دەکوتی و تا هێزیان تێدابوو، ویحە ویحیان دەکرد و دواتر پشوویەکیان وەردەگرت و چا و ئاویان دەخواردەوە، ئینجا دەڕۆیشتن.
من زۆر دەترسام لەو دەروێشانەی کە قژیان وەک هی ئافرەت درێژبوو. هەندێک لە دەروێشەکان خوری و کەوڵی مەڕیان لەبەرکردبوو و یەکە و شمشێریشیان بە دەستەوە بوو، دەترسام، دەمگوت نەکو لە زگم بدەن، یان سەرم پەڵ دەن.
دوایی کە لە ڕێگای مامۆستائاکۆوە من و هێمنەڕێوی بووین بە هەڵگری فیکری بناژۆخوازیی، بووین بە دوژمنێکی سەرسەختی دەروێشگەرێتی و تەسەووف و شێخ و سەیید و تەریقەت.
پیاوێک هەبوو لە دێیەکەمان نوێژی نەدەکرد و ڕۆژووی نەدەگرت. کە دەوێشەکان دەهاتن، یان خۆی لە ماڵێک حەشاردەدا یانیش لە دێ دەڕۆیشتەدەرەوە، تا دەروێشەکان دەڕۆیشتن. دەروێشەکان دەیانگوت: کێ نوێژ ناکات و ڕۆژوو ناگرێت، پێمان بڵێن با سەری ببڕین.
بیرمە لە مانگی ڕەمەزان، شەوانی لەیلەتولقەدر، پیاوانی دێ لەگەڵ مەلاسەمەد، هەموویان یەکە و تەزبیحێکیان لا بوو، ئێمەی منداڵیش بەگەڵیان دەکەوتین و دەبووین بە دوو گرووپ. گرووپێک لەو دوو گرووپە، تا هێزیان تێدابوو دەیانگوت: لا ئیلاهە،
گرووپەکەی تر لێیان وەردەگرتنەوە و دەیانگوت: ئیلەلڵا.
دواتر من و هێمن کە بووین بە فێندەمێنتالیست.
بەو خەڵکەمان دەگوت ئەو جۆرە زیکرە داهێنراو و کفرە.
ئێوە ئەو گرووپەتان خۆتان کافر دەکەن کە دەڵێن(لا ئیلاهە) یانی هیچ خودایەک نییە!
ئەوە ئێوەی نەزان، بێئەوەی پێی بزانن و لە ماناکەی تێبگەن، نەفی بوونی خودا دەکەن و گرووپەکەی دیکەشتان کە دەڵێن(ئیللـەلڵا)، ئەوە ئیسپاتی بوونی خودا دەکەن.
کە وامان پێ دەگوتن، دەروێشەکان زۆر لێمان قەڵس و تووڕە دەبوون.