
شەماڵ بارەوانی
بەشی(٣٦)
با بمانبەن بۆ گوانتانامۆ
دوای ماوەیەک، مامۆستا ئاکۆ لە دێیەکەی ئێمە بێسەروشوێن کرا و کەس نەیدەزانی چی لێ بەسەرهاتووە و لە کوێیە!
بیرمە من و فەقێ هێمنی هاوڕێم، بە سەردانی لە فەقێیاتی هاتبووینەوە ماڵ، بە نهێنی ڕۆیشتین بۆ ئەو دەڤەر و دێیەی مامۆستا ئاکۆ بۆی گواسترابووەوە.
کە ڕۆیشتین، هاوسەرەکەیمان بینی لەگەڵ باوک و براکانی.
گوتیان ئێمەش نازانین چی لێ بەسەرهاتووە. هاوسەرەکەی کە منی بینی، گوتی تۆ هیوای، وایە؟ گوتم بەڵێ.
کە وام گوت، دایە پرمەی گریان و گوتی مامۆستائاکۆ بەردەوام باسی تۆی دەکرد و هەر دەیگوت زۆر بیری دەکەم و زۆری خۆش دەویستی.
دوای سێ مانگ لە بێسەروشوێنبوونی، هەواڵ بڵاوبووەوە کە مامۆستائاکۆ بە تۆمەتی تیرۆر و پەیوەندی ژێربەژێر بە ڕێکخراوی قاعیدە، دەستگیرکراوە.
من و فەقێ هێمن، ڕۆیشتینە بەندیخانە بۆ سەردانی مامۆستا.
لە بەندیخانە، مامۆستا ئاکۆ کە من و هێمنی بە کڵاو و جامانە و تەرتیباتی فەقێیاتییەوە بینی، ئامێزی لێوەرهێناین و ماچی کردین و فرمێسک لەسەر گۆنای ڕێچکەیان بەست و یەکسەر خۆی چەماندەوە و کڕنۆشێکی برد و گوتی سوپاس خودایه، لە کۆتاییدا خەونەکەم هاتەدی.
هیواگیان، لە خەوندا بینیم تاریکەشەوێکی زۆر بە هێزبوو لە دێیەکەتان و لەپڕ دوو ئەستێرە بە ئاسمانەوە دەرکەوتن.
من دڵنیام ئەو دوو ئەستێرەیە هێمن و هیواکەی من، دووشێرەکەی ئیسلامن.
مامۆستا ئاکۆ وای گوت.
من و هێمن کە مامۆستائاکۆمان لەو دۆخە بینی، نەمانتوانی کۆنترۆلی خۆمان بکەین و دەستمان کرد بەگریان. مامۆستا ئاکۆ گوتی ئەگەر بگرین لێتان زویر دەبم.
هەرچی مرۆڤی بە غیرەت و بە عیززەتە هەمووی لێرەیه!
مەبەستی مامۆستا، ئەو هەموو گەنج و پیاوەی بزووتنەوەی ڕێگای حەق و بزووتنەوەی ئیسلامی و ئەنسارولئیسلام و جوندولئیسلام بوو، کە لە بەندیخانەکە بوون و هەموویان بە تۆمەتی تیرۆر و قاعیدەبوون بەندکرابوون.
هێمن پرسی مامۆستاگیان، ئەی چارەنووستان چی لێ بەسەردێت؟ هیچ هەواڵێک، هەوڵێک، شتێک هەیه بۆ ئازادبوونتان؟
مامۆستا گوتی: ئێمە دەرچووی قوتابخانەی ئەیوب پەیامبەرین، وانەی سەبرمان خوێندووە و لە پەیامبەرەکەمانەوە فێری هونەری خۆڕاگری بووینە.
با بمانبەن بۆ گوانتانامۆ.
مامۆستائاکۆ لە وەڵامی پرسیارەکەی فەقێ هێمن وای گوت.