
بەشی(٣٩)
دوایین دیداری نێوان من و فەقێ هێمنی هاوڕێم.
وەکو ئاماژەم پێ دا، ئیدی من دوای تەواوکردنی خوێندنی ئیسلامی و ئامادەیی ئیسلامی، چوومە کۆلێژ و لە کۆلێژی زانستەئیسلامییەکان تا گەیشتم بە قۆناغی دووەم، زۆر گۆڕانکاری بەسەر جیهانبینی و تێڕوانینم داهات و دەتگوت هەرگیز من ئەو فەقێ هیوا دۆگمایی و ڕادیکاڵەی پێشووتر و جاران نیم!
خەریک بووم پێداچوونەوەی تەواوم بە تێگەیشتن و بیرکردنەوە و تێڕوانینەکانی پێشوومدا دەکرد و گومانی زۆرم لا دروست ببوو و دەستم کردبوو بە لێکدانەوە و بیرکردنەوە و پرسیارکردن و ڕەخنەگرتن. لە زۆر شتی ئایینی و فیقهی و فیکری و کەلەپووری ئایینی و مێژووی ئیسلامی. لە پاڵ ئەمانەش، ئەو حیزبە فێندەمێنتالیستەی کە من و فەقێ هێمن، ماوەی چەندین ساڵ کارمان لەگەڵ کردن و دوو ئەندامی هەرە چاڵاکیان بووین، وازم لێ هێنان.
هێمنیش بەرلەوەی لە حوجرە بڕوات، وازی لەو حیزبە هێنا. بەڵام وازهێنانی من و هێمن لەو حیزبه، لە دوو سۆنگە و ڕوانگەی زۆر جیاوازەوەبوو!
فەقێ هێمن دەیگوت: هێزێکی لادەر و کافر و مورتەد و گومڕا و ترسنۆکن و باوەڕیان بە کۆمەڵێک بت و کفری وەک دیموکراسییەت و پەڕلەمان و ئەو جۆرە تڕوهات و شیرکانە هەیە و ژنەکانیان برۆکانیان هەڵدەگرن و میکیاج دەکەن و حیجابەکانیان شەرعی نین و میوزیک لە کەناڵەکانیان دادەبەزێنن.
ئەو ترسنۆک و موشریکانە، ڕۆیشتوونەتە سەر ستایلی ئەو هێزە عەلمانییە موشریک و کافرانە و لە هەموو ورد و درشتێک لاسایی نەسارای سەڵیبی و جوولەکەی سەهیۆنی و غەربی کوففار دەکەنەوە، تا لێیان ڕازی بن.
هەمووجاریش فەقێ هێمن ئەو ئایەت و فەرموودەیەشی دەهێنایەوە(وَلَن تَرْضَىٰ عَنكَ الْيَهُودُ وَلَا النَّصَارَىٰ حَتَّىٰ تَتَّبِعَ مِلَّتَهُمْ ۗ)، ((لَتَتَّبِعُنَّ سنَنَ مَنْ قَبْلَكُم شِبْرًا بشبْر، وذراعًا بذراع، حتَّى لو سَلَكُوا جُحْر ضَبٍّ لَسَلَكْتُمُوهُ))؛ قلنا: يا رسول الله؛ اليهودُ والنَّصارى؟ قال النَّبيُّ صلى الله عليه وسلم: ((فَمَن؟!))؛
ئەوە هۆکاری وازهێنانەکەی هێمن بوو.
وازهێنانەکەی من، کرانەوەی فیکری و بوونم بوو بە کەسێکی سیکۆلار و گومانکردن و پرسیارکردن و ڕەخنەگرتنم بوو لە زۆر شتی ئایینی و مەزهەبی و فیقهی و ئیسلامی سیاسی.
بەتایبەتی ئەو هێزە فێندەمێنتالیستەی من و فەقێ هێمن لەگەڵیاندا کارمان دەکرد و دوو ئەندامی تا بڵێیت چاڵاک و دڵسۆزیان بووین. جارێکیش بە نووسین، کۆمەڵەک ڕەخنەم لەو حیزبه گرت و بردم بۆ بەرپرسی مەڵبەندی ئەو حیزبه لەو شارەی من لێی بووم و بە لێپرسراوی مەڵبەندەکەم گوت: دەمەوێ دوو بە دوو دانیشین و دنیایەک گومان و گلەیی و پرسیار وقسە و ڕەخنەم هەیه لێتان.
بە تایبەتی جەنابت و مەڵبەندەکەت. گوتی باش، پەیوەندیت پێوەدەکەم.
گوتم ئاخر من نایەمەوە لای جەنابت جارێکی تر، گوتی من بە تێل پێوەندیت پێوە دەکەم و دێم بۆ ئەو حوجرەی تۆ لێی دەمێنیتەوە. کەچی نە پەیوەندی کرد و نەیش هاتە حوجرە.
دوای ماوەیەک لەوە، من بەهۆی گۆڕانی فیکریم، ئیتر نەمتوانی چیتر لەناو حیزبێکی دینی فێندەمێنتالیست درێژەی پێ بدەم و بمێنمەوە. سەرەنجام نامەی دەستلەکارکێشانەوەم پێشکێش کرد و بە یەکجاری دەستبەرداری دۆگم و فیکری ئیسلامی سیاسی و بیری ئیخوانی بووم.
بەڵام تا دوای ماوەيەك هەر دیندارێکی ئاسایی پڕی لە گومان و پرسیار و ڕخنە مابوومەوە.
دوای دوو مانگ لە تێکچوونی پەیوەندی نێوانمان و ڕۆیشتنی بۆ حوجرەیەکی تر، ڕۆژێک فەقێ هێمن تێلی بۆ کردم و گوتی: هیواگیان، ئێوارە لای من میوانیت.
ئەوە بۆ من وەک شۆکێک وابوو!
دەبێت هێمن چ کارێکی بە من هەبێت؟!
ئاخر ئەو لەو ڕۆژەی ڕۆیشتووە، تێلم هەڵناگرێت و قسەی لەگەڵ نەکردووم و لە کۆلێژیش دوو سێ جار سڵاوم لێ کردووە، وەڵامم ناداتەوە و ڕووی خۆم لێ وەر دەگێڕێت و ببڕای ببڕ تێکەڵاویم ناکات!
بەهەرحاڵ، ئێوارە کە ڕۆیشتم، هێمن جگە لە بەخێرهاتنێکی نا بەدڵانە و سڵاوێکی ساردوسڕی بێڕۆح، تا یەک کاتژمێر هیچ قسەیەکی تری لەگەڵ نەکردم.
بە بێدەنگی دانیشتبووم و سەیری فەقێ هێمنم دەکرد و خەیاڵم لە خەیاڵ دەدا و لەخۆمم دەپرسی: باشە دەبێت فەقێ هێمن چی کارێکی بە من هەبێت؟
بۆچی بانگهێشتی کردبم؟ دەبێ شتێک ڕوویدابێت؟ فەقێ هێمن دەیەوێ چیم پێ بڵێ؟ من لەو فیکر و خەیاڵانەدا ڕۆچووبووم.
فەقێ هێمن قورئانێکی لەبەردەمی خۆی دانابوو و بە بێدەنگی دەیخوێندەوە و جارجاریش بە تیلەی چاو، سەیرێکی دەکردم.
سیدییەک لەوێ بوو. دوای کاتژمێرێک لە بێدەنگی، فەقێ هێمن لەپڕ هەستا و ڕۆیشت و کاسێتێکی مەلاسەربازی هێنا وخستییە سەر سیدییەکە.
مەلاسەرباز، زۆر بە حەماسەت و بە گەرووی پڕ لە گریان و چاوی پڕی لە فرمێسکەوە باسی شەهیدکردنی ئیمامی حوسێنی دەکرد.
فەقێ هێمن پێی گوتم: هیوا باش سەیری بکە و گوێی بۆ بگرە، زۆر ئیمانی و کاریگەر و بەهێزه.
دوای ئەوەی مەلاسەرباز تەواوبوو، هێمن کتێبێکی دا پێم. گوتی فەقێ هیوا، ئەوە دیاری منە بۆ تۆ. کتێبەکە کۆمەڵێک شیعری( مەلاکرێکار) بوو. شیعرەکان هەموو شیعری جیهادی بوون.
هیواگیان، هێشتا هەر ئازیزترین هاوڕێ و باشترین برای منیت. هێشتا هەر خۆشمدەوێیت و بەردەوام نزای خێرت بۆ دەکەم.
هیوا گیان، نامەوێ چیتر دەست بەو جەدەلییەتە بێزەنتییە بێتامەی نێوانمان بکەینەوە و لەوە زیاتر لێکتری دڵشکاو و زویر بین. تەنها یەک تکای برایانەم لێت هەیە. تکایە هیواگیان، واز لەو کتێبە قۆڕانە بێنە.
ئێستا دەتوانیت بڕۆیت، دەی خوات لەگەڵ.
فەقێ هێمن وای پێ گوتم. بە بێدەنگی هەڵسام و ئەوناوە و هێمنم جێ هێشت و ڕۆیشتم. ئەوە دوایین دیداری نێوان من و فەقێ هێمنی هاوڕێم بوو.