
بەشی (١٤)
جەنگاوەرانی ڕێگای تاریکی
هیوا، من و تۆ دەبێت گرووپێک لە منداڵانی گەڕەک دروست بکەین. من و هێمن، گرووپێکی منداڵانمان بۆ شەڕەگەڕەک دامەزراند. گرووپەکەشمان ناونا: گرووپی جەنگاوەرانی ڕێگای تاریکی!
من دواتر کە کتێبی« جەنگاوەری ڕێگای ڕووناکی» نووسەری بەڕازیلی(پاولۆ کۆیلۆ)م خوێندەوە، زۆر شەیدای بیرکردنەوەکانی ئەو جەنگاوەرەی ڕێگای ڕووناکی بووم.
زۆرجار ئێمە لە دێیەکەمان، منداڵەکانی خێڵەکەی ئێمە، دەبووین بە گرووپ و شەڕمان لەگەڵ گرووپی منداڵانی خێڵەکەی تر دەکرد.
منداڵێکمان دەکرد بە سەرۆکخێڵ و من و هێمن جزمێکی عەممەمان لە مزگەوتەکەی دێ دەدزی و لەگەڵ خەنجەرێکی لە داردروستکراودا، له داری ئەو کەپرەمان هەڵدەواسی کە ئەندامانی گرووپی خێڵەکەی خۆمان، پێکەوە بۆ سەرۆکخێڵەکەمان دروست کردبوو. لاسایی گەورەکانمان دەکردەوە.
سەرەتا بە تەنیی ژێرەوەی سێلی نانکردن، سمێڵ و ڕیشمان بۆ خۆمان دروست دەکرد. ئینجا جزمی عەممە و خەنجەرەکەمان دەهێنا و هەمووان لەبەردەم سەرۆکخێڵدا ڕادەوەستاین و دەستمان لەسەری دادەنا و سوێندنی وەفا و بەیعەتدانمان پێی دەخوارد و بەڵێنمان دەدا تا دواتنۆکی خوێن و کۆتا هەناسه، دڵسۆز بین بەرامبەر بە خێڵەکەمان و لەپێناو پرەنسیپەکانی خێڵ و سەروەری خێڵ، هەمیشە گیانمان لەسەر دەستمان بێت و ئامادەبین بەرگری و جەنگ بۆ خێڵ و پرەنسیپ و مۆڕاڵی خێڵ بکەین و لەپێناو مانەوە و پیرۆزی خێڵ، خۆمان بکەین بە قوربانی.
گرووپەکەی ئێمە، هێمنەڕێوی سەرۆکخێڵ و سەرۆکی گرووپەکەیش بوو، منیش جێگری.
منداڵانی خێڵی بەرامبەریش بە هەمان شێوەی ئێمه، گرووپێکیان دروست کردبوو و ناویان نابوو(گرووپی ڕێگای ڕاستی). ئەوانیش بە هەمان شێوەی ئێمە، خەنجەر و جزمی عەممە و سەرەکخێڵیان هەبوو.
بەو شێوەیه، لەگەڵ یەکتری دەکەوتینە جەنگەوە. دیلمان لە یەکتری دەگرت و دیلگۆڕینەوەمان دەکرد و دەمێک دانوستان و دیالۆگ و ڕێککەوتنمان دەکرد و مەرجمان بەسەر یەکتریدا دەسەپاند، دەمێکی تر دووبارە دەکەوتینەوە ناو جەنگ و ناکۆکییەوە.
جاری وا بوو منداڵانی دوو خێڵ، لە دژی خێڵەکەی بەرامبەر یەکتریان دەگرت تا شکست بەو خێڵە بهێنن. ئێمە بەو شێوەیه لاسایی گەورەکانمان دەکردەوە.
لە دێیەکەمان نەریتێک هەبوو، کاتێک خێڵێک لەگەڵ خێڵێکی دێیەکەی تر ژن بە ژنییان دەکرد، لە کاتی ژنگواستنەوە و بووکگۆرینەوەکەدا، دەبووە ناکۆکی و کێشه، لەسەر ئەوەی کامە خێڵ بووکەکەی خۆی زووتر و بەر لەوەی دیکە وەربگرێت.
جارێک لەسەر ئەمە، لەنێوان پیاوەکانی خێڵەکەی ئێمە، لەگەڵ هی خێڵی دێیەکەی تر بوو به شەڕ و ناخۆشی.
هەرخێڵە و لەو دیوی بەستێک و لەسەر تەپۆلکەیەک وەستابوو، لە چاوەڕوانی هاتنەپێشەوەی لایەنی بەرامبەر و ڕادەستکردنی بووکەکە. ئەمیان دەیگوت: ئێوە یەکەمجار وەرنە پێش و بووکەکەمان ڕادەست بکەن، ئەویان دەیگوت: نەوەڵڵا دەبێت ئێوە یەکەمجار.
سەرەنجام، بوو بە دەمەقاڵێ و شەڕ لەنێوان هەردوو خێڵ و هەر لایە و دەیگوت: دەی با بڕۆینەوە و ئەو ژن بە ژنی و زەماوەندە هەڵوەشێنینەوە.
لەو مەملەکەتەی ئێمە، خێڵ سەرچاوەی بڕیاردان و سەرەتا و کۆتا و هەموو شتێک بوو. مارەبڕینی کچ و بە شوودان، ژنکوشتن و ناکۆکی و دنیاکاوڵکردن و شەڕ و ئاشتی، کەیف و خۆشی، شین و شایی، پێکەنین و گریان، هەڵچوون و هێمنی، دانیشتن و هەستان، خواردن و خواردنەوە و خەوتن، ئەنجامدانی وەرزش و یاریکردن، پرسەی مردوو و زەماوەند و ژنگواستنەوە، هەموو ورد و درشتێکی ژیان، دەبووایە لە چوارچێوەی یاساکانی خێڵ و هەر هەمووی به پێی ڕەزامەندی سەرۆکخێڵ و لەژێر هەژموونی نەریتی خێڵ بووایە و خەنجەری خێڵ بڕیاری کۆتایی خۆی لەبارەیەوە بدایە.
لە دێیەکەی ئێمەدا، هەرماڵە و قورئانێک و خەنجەرێک و وێنەی سەرۆکی خێڵ به دیواری ژووری میوانەوە هەڵواسرابوو.
وەکو ئاماژه و هێمایەک، کە لە هەموو کێشە و بکە و نەکە و ترشی و خۆشی و ناخۆشییەكدا، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ قورئان و خەنجەر و قسە و بڕیارەکانی سەرۆکخێڵ و نەریتەکانی خێڵگەرایی.
کەس بۆی نەبوو قسەی لەسەر قسەی سەرۆکخێڵ بکردایە. خێڵ هێلی سوور بوو.
تۆ بۆت نەبوو تا پۆلی شەشی سەرەتایی زیاتر بخوێنیت.
دەیانگوت: گەر ڕۆڵەکانی خێڵ درێژە بە خوێندن بدەن، ژەهر دەچێتە مێشکیانەوە و ئەقڵیان تێک دەچێت و دوایی لە یاساکانی خێڵ لادەدەن و لە بڕیارەکانی سەرۆکخێڵ و لە نەریتی خێڵگەرایی یاخی دەبن.
کچەکانیشیان هەر لە پۆلی پێنجی سەرەتایی دەهێنایە دەر له قوتابخانە، دەیانگوت نابێت کچ لەوە زێتر بخوێنێت، عەیبە.
ئێمە لە دێ، سەرۆکخێڵەکەمان خوێندەواری نەبوو و هیچی لە قوتابخانە نەخوێندبوو، تەنها ئەوە نەبێت، کە کاتی خۆی لای مەلای دێیەکە جزمی عەممەی بە عەنجەیی خەتم کردبوو. مەلای دێش لە کتێبی فەتحولقەریب و خوێندنەوەی قورئان، ئەمیش بێ تەجوید و شت، هیچی تری لە ئایین نەدەزانی.
مەلا، لە وەرزی هاویندا جوزئی عەممەی بە منداڵانی دێ دەگوتەوە و هەرکاتێک دەگەیشتینە سوورەتی(الفاتحە)و ئایەتی(اهدینە سیراتەلموستەقیم) یەک بە دەنگ دەیگوت: اهدینا، هێلکەوڕوونە، لۆ مامۆستای بینە.
لە سووەتی(الماعون) و لە ئایەتی(ويمنعون الماعون)یشدا دەیگوت: وەیەمنەعونەلماعونە، جلی مامۆستا بژوونە و قاڵبێک سابوونی بۆ بێنە، ئێمەش یەک بە دەنگ لە دوای دەمانگوتەوە، تا دەنگمان بگات بە کەشکەڵانی ئاسمان و هەموو خەڵکی دێ.
لە هەمووی خۆشتر، لە سوورەتی (النصر) و لە ئایەتی(ٳنَّەُ کانَ تَوَّابَ) لەگەڵ مەلا پڕ بە گەروو دەمانگوت: ئیننەهو کانە تەووابە، مریشکە ڕەشەی قەحپەبابە، لۆ مامۆستای بکە کەبابە.
دواتر دەڕۆیشتینەوە ماڵەوە و ئەو ئایەتانەی لەو ڕۆژەمان دەخوێند، بە ماڵەوەم دەگوت و ئەوانیش دەیاندا قاقا و دایکم مریشکێک و دەدوازدە هێلکە و سێ قاڵب سابوونی پێم دەدا و دەیگوت: ها کوڕەکەم بۆ ماڵی مامۆستای ببە.
لە کولتووری خێڵەکەی ئێمەدا، کچ وەکو عەیبە و نەنگییەک و پەلەیەکی ڕەش، سەیر دەکرا.
هەرکاتێک هاوسەری یەکێک لە مامەکانم، منداڵێکی کچیان دەخستەوە، داپیرەم دەیکرد بە ڕۆژی حەشر و دەهری دەبوو و کفری هێندە گەورەی دەکرد، ئەبو جەهل بە ئەبو جەهلی خۆی کفری وای نەکردووە.
ڕووی له ئاسمان دەکرد و دەستەکانی جارێک بەرز دەکردەوە ڕووە و خوا، جارێکیش سینگی خۆی پێ دەکوتا و دەیگوت: ئۆهـ خودایە، بە قوربانت بم، باشە تۆ بۆ وامان لەگەڵ دەکەیت؟!
خۆ ئێمە کەعبەمان نەڕووخاندووە و هێلانەی قەتێمان خراپ نەکردووە، تا دیسان کچمان پێ ببەخشیت!
ژنی خەڵک کوڕی چارپەلقەوی و سەرکئەستوور دەخەنەوە و هی ئێمەش، کچی چڵمن و بێ سوود.
کچ ئاوا کەم سەرنج دەدرا لە کولتووری خێڵەکەی ئێمە.
هەرچەندە گرانی بوو و پارە زۆرکەم بوو و ئێمە زۆر هەژاربووین. زیاتر هێلکە و گەنم و جۆ و نۆکم دەبردە فرۆشگا، تا نوقڵ و کێک و بنێشتی پێ بکڕم، وەلێ گەر جارجار پارەم ببردبووایە، ئەوا من دەرهەمێکم وەردەگرت بۆ چوونە فرۆشگا، نازداری خوشکمیش نیو دەرهەم. من و براکانم(بێوار و زامدار) خۆمان جل و پێڵاو و شتمان بۆ خۆمان هەڵدەبژارد و بە دڵیشمان نەبوایه، دەجار بە ماڵەوەمان دەگۆڕییەوە.
خوشکەکانم(نازدار و گوڵناز و دڵناز) ئەو مافەی شتگۆڕینەوە و بەخۆ هەڵبژاردنی جلوبەرگ و پێڵاو و شتەکانیان نەبوو! یان دایکم، یان برا گەورەکەم بۆیان هەڵدەبژاردن و گۆڕینەوەش نەبوو، دەبوا هەر ئەوەبێت کە کڕدراوە.
دایکم کاتێک قازێک، یاخود مریشکێکمان سەردەبڕی و گۆشتەکەی لێدەنا، جەرگ و قیسک و هەرچی بەشی موهیم بوو لە گۆشتەکە، دەیدا بە من و بێوار و زامداری برام، پێچک و بەشی تری لاوەکیش بۆ خوشکەکانم.
هەر لە منداڵییەوە دایکم بە خوشکەکانمی دەگوت: دەی کچینە، خێرا هێلکە بۆ براکانتان بکەنە ڕوونەوە، گۆرەوییەکانیان بشۆن، جێگای خەوتنیان بۆ ڕاخەن، خاولی و جلەکانیان بۆ ببەنە گەرماو، دەی پەلە بکەن. ئەگەر یەکێک لە خوشکەکانم جارناجارێک بیویستبوایە لە ڕووی ئەو فرمان و بڕیارەی دایکم بوەستێتەوە و بوێری بنوێنێت و یاخی ببێت و بڵێت: وڵڵاهی عیلاقەم پێی نییە، با خۆی بیکات، یاخود هیلاک و ماندووم و تازە لە قاپشوشتن و گەسکلێدان و فلان کارە قورسە بوومەتەوە. ئینجا داپیرەم لەوکاتەدا دەهاتە وەڵام و توڕەییەکی توند دایدەگرت و پێی دەگوت: عەمرت نەمێنێت و بە قوربانی براکانت بیت.
من و براکانمی هان دەدا کە سنوورێک بۆ ئەو بێ ئەدەبییەی خوشکەکەم، یاخود خوشکەکانمان دابنێین و پێی دەگوتین: بیکوژن، کوره ئەو قەحپەیە زمانی زۆر درێژ بووە و بۆی ببڕن. جاری وابوو ئێمەش بە پێلەقە و نەعلە و تف و جوێن، هورژوممان بۆ دەبرد و هێزی نێراتی خۆمان پیشان دەدان و دەکەوتینە سەروگوێلاک و گیانی خوشکەکانمان و یەک دنیا سووکایەتی و بێڕێزیمان پێ دەکردن و قسەی بریندارکەر و ناخۆش و ڕەقمان پێ دەگوتن.
زۆرجار دایکم دەهات قژی خوشکەکەمی لە دەست دەهێنامه دەر و پێی دەگوتم: کورە بەردە، قژیت هەمووی دەرهێنا، کورە کوشتت، هەی مێشکقەوی.
هەمووجار، تۆپەڵەک قژی خوشکەکەم بە تایبەتی گوڵناز، کە ساڵێک لە من بچووکتربوو، دەهێنا دەر و پیشانیم دەدایەوە و پێیم دەگوت: بێ ئەدەبی دەکەیت، ئاوات لێ دەکەم.
گوڵناز به توڕەیی و بە چاوی پڕ فرمێسک و بەبێ دەنگییەوە سەری خۆی دادەخست و دەڕۆیشتە ژوورەوە و دەرگای لەسەر خۆی دادەخست.
مێیینە و کچ، ئاوا لە ڕوانگەیەکی نزم و نەرێنی و نامرۆڤانەوە لێی دەڕوانرا. ئاوا و هەر لە منداڵی و تەمەنێکی زۆر زووەوە لەناو خێزان، تۆوی جیاکاری ڕەگەزی و نەخۆشی نێرسالاری و مێنتاڵێنتی پاتریارکییان دەچاند و دووبەرەکی و جیاوازی و دژایەتییان دەخستە نێوان هەردووک ڕەگەزەوە و کچ فێری هونەری کۆیلێتی و ئەتەکێتی خۆبەکەمزانین و یاسای گوێڕایەڵی و ڕێساکانی پاشکۆیەتیکردن و هونەری خۆڕادەستکردن دەکرا و پرۆڤەی لەسەر ڕێزگرتن لە پرەنسیپەکانی کولتووری نێرسالاری و جێ بەجێکردنی نەریتی خێڵ و ترسان لە خەنجەر پێ دەکرا.