بەشی(15)

باپیرەم کۆپییەک بوو لە نیرۆن

من هەردووک باپیرەم: باوکی باوکم و باوکی دایکم، یەکە و سێ هاوسەریان هەبوو.

ئەو باپیرەی من لێرە باسی دەکەم، باوکی دایکمە.

من ئەوم لەبیرە و منداڵبووم، دەمبینی کە چۆن لەگەڵ هاوسەرەکانی، واتا داپیرەکانم، وەک جەللادێک ڕەفتاری دەکرد.

باپیرەم پیاوێک بوو، ئایکۆنی نێرسالاری بوو. ڕێک دەتگوت کۆپییەکی(نیرۆن)ییە.

باپیرەم وەک هەر پیاوێکی کورد، هەستێکی تەواو نێرسالارانەی هەبوو. لە ڕوانگەیەکی زۆر پاتریارکییانە لە ژنی دەڕوانی.

داپیرە گەورەم، کاتێک گەنج بووە، بێ ویست و هەڵبژاردنی خۆی، لە پرۆسەیەکی عەشایەرانە لە باپیرەم مارە کرابوو.

باپیرە و داپیرەم، ئامۆزای یەکتری بوونە و داپیرەم هیچ برا و خوشکێکی تری نەبووە و تاقانەی باوکی بووە. گوتوویانە ئەو کچەجوانە نابێت بۆ خەڵکی بێت. بەو شێوەیە و بێ پرس و ڕای خۆی، لە باپیرەمیان ماره کردووە.

داپیرەم تا لە ژیاندابوو، زۆرجار هەمووان بۆ شۆخی پێیان دەگوت: تۆی هێندە جوان، چۆن شووت بە پیاوێکی وا کرد؟

 داپیرەم، کاتێک مەرگ یەخەی گرت، تەمەنی لە نەوەدساڵی نزیک دەبووەوە، بەو پیراتییەی خۆی، هێنده جوان! ئەی دەبێت سەردەمی گەنجی چۆن بێت!؟

ئەو پێوەرەی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی و لەنێویشیاندا کورد، بۆ ژنی جوانیان داناوە، هەمیشە ڕەنگی سپی و چاوی شین لە پلەی یەکەمدایه.

داپیرەم چاوی شین و ڕەنگی پێستی سپی بوو. ڕێک لە ژنەگۆرانیبێژی تورک(سیپەل جان)دەچوو. لە خەندەکردنیش دەتگوت ئەنجلینا جۆلییە.  

من لە تەمەنی منداڵیم، زۆر لە ماڵی باپیرەم دەمامەوە.

باپیرەم جوێنێک بەردەوام لەسەر زمانی بوو(کیرتڕدایکینە)

من و کوڕەخاڵەکانم بەردەوام توڕەمان دەکرد و هەمووجار بە گۆچانەکەی بە دوامان دەکەوت و دەیگوت: بوەستن، هەی کیرتڕدایکینە.

قسەی بە هەرکەسێک بگوتبا، پێی دەگوت: با بڕوات ئەو کیرتڕدایکە.

باپیرەم هەست و ڕۆحییەتێکی ئاغایانە و دەرەبەگانەی تێدابوو.

خۆی بە هەموو ئاغاکانی دنیا نەدەگۆڕییەوە. خەڵکیش حیسابی ئاغایەکیان بۆ دەکرد.

سەرەڕای ئەوەی وەکو زۆربەی پیاوانی تری کورد لەو سەردەمە، تا سەر مۆخی ئێسقانی کەسێکی نێرسالاربوو، وەلێ کەسێکی زۆر به هەیبەت دیاربوو و ژووری میوان، یان کۆشکەکەی، وەک خۆی ناوی نابوو، بەردەوام جممەی دەهات لە ڕیشسپی و پیاوماقووڵانی دێ و دڤەرەکە. دەیان سوڵحی عەشایەری لەسەر دەستی باپیرەم و لە کۆشکەکەی ئەو دەکران.

باپیرەم سەرەڕای مامەڵەی زبر و خراپی لەگەڵ هەرسێک لە داپیرەکانم، دڵێکی میهرەبانیشی هەبوو.

من سەرەڕای ئەوەی زۆر تووڕەم دەکرد، کەچی منی زۆر خۆش دەویست و پێی دەگوتم: ڕۆڵەکەم، وەرە ماچێک بدە باپیرەی.

ماڵی باپیرەم ژوورێکی سادەی لە قوڕ دروستکراویان هەبوو، باپیرەم ناوی نابوو(کۆشک).

ئێمەیش هەموومان بەو ژوورەمان دەگوت: کۆشک.

باپیرەم لە ستایلی جلپۆشین و جامانەکەی، لاسایی شێخانی سورچی دەکردەوە. لە باڵا و ڕەنگ و ڕووخساردا، باپیرەم باڵایەکی قەلەمی درێژی هەبوو. پەشمە و بەرگووزی بادینی زۆرجوان لێ دەهات. کەسێکی ڕەشئەسمەر و تا بڵێیت خوێنشیرین بوو. لەگەڵ ئەوەی زوو تووڕە دەبوو و زۆر جوێنی دەدا، لە هەمان کاتدا، دڵێکی گەورە و ڕووخسارێکی تا بڵێیت خەندەئامێزی هەبوو.

هەر کێی بیدیتبوایە خۆشی دەویست.

باپیرم بە پێی فەلسەفەکەی(نیچە) کاری دەکرد.

وەک چۆن نیچە دەیگوت: هەر کاتێک ڕۆیشتن بۆ لای ژن، قامچیتان لە بیر نەچێت.

باپیرەشم دەیگوت: مەسینەی ئاسنینتان لە بیر نەچێت.

تەنها جیاوازییەک لەنێوان نیچە و باپیرەم، ئەو دەیگوت: قامچی و ئەم دەیگوت: مەسینە.

یەک فیکر و ئامانج، دوو ئامرازی جیاواز.

قامچی-مەسینە.

بەڵێ، ئەوە تاقە جیاوازی نێوان نیچە و باپیرەم بوو.

باپیرەم بەردەوام دەیگوت: ژن بێعار و کەمئەقڵ و کیرتڕدایکن.

زۆر لە داپیرەکانمی دەدا.

دواتر باپیرەم کاتێک گەیشت بە ترۆپکی نێرسالارانەی خۆی، دڵنیام خوێندەواری هەبوایە و نیچە و تێڕوانینی نیچەی سەبارەت بە ژن، بخوێندبوایەتەوە، ڕەخنەی لە نیچە دەگرت و دەیگوت: نیچەی کیرتڕدایک، دەبوا زۆر توندتربوایه لەگەڵ ژن.

"هەرکاتێک ڕۆیشتی بۆلای ژن،  مەسینەی ئاسنینت بیرنەچێت"

ئەوە  فەلسەفەی باپیرەم بوو و باپیرەم داهێنەر و خاوەنی ئەو تیۆرییەیە.

باپیرەم، لەپاڵ مەسینەی ئاسن، کاتێک کە تووڕە دەبوو، هەرچی شتێکی بکەوتبایەتە دەست، دەیوەشاند. بە پێڵاو، دار و بەرد،  سۆندە و گۆچان، دەیدا لە سەری داپیرەکانم.

داپیرەگەورەم تا مرد، دەیگوت: ڕۆڵەکەم، سەرم تەپەتەپ دەکات و مێشکم وڕەوڕ. خاڵۆم دەیگوت: هەموو هی ئەوەیە هێندەی باوکم مەسینەی پێدادایە.