بەشی(١٦)

بەڵێن بێت میز بکەم بە گۆڕەکەتا

بیرمە، ڕۆژێک من و جوانی پوورم لەگەڵ ڕێکانی کوڕی خاڵۆم سامی،  خەریکی یاریکردن بووین، هەرسێکمان منداڵ، من و ڕێکان بێ باوکیش بووین.

داپیرەم بانگی کردین:

ئا وەرن عەجوول و بجوولینە، ئێوە یەتیم و بێ باوکن، خودا بەشکو لەبەر خاتری ئێوە، بەزەییەک بنوێنێت و بارانێک ببارێنێت. دەی سەرکخڕینە، با بڕۆین بۆ(کاوڵەدێ).

 کاوڵەدێ؟ 

تا نەگەیشتین بەو شوێنە، نەمزانی کاوڵەدێ لە کوێیه!

 من پێشووتر زۆر گوێم لەو ناوە ببوو و وام زانیبوو کە دێیەکی زۆرکۆنە و هێشتا هەرئاوەدانە و خەڵکی لێی دەژیت. کە ڕۆیشتین، ڕێگای نیوسەعاتێک دوور بوو لە دێی ماڵی باپیرەم.

ئێمە بە پێ ڕۆیشتین، کە گەیشتین، جگە لە کۆمەڵێک گۆڕی کۆن، هیچی تری لێ نەبوو.

کۆمەڵێک گۆڕ، دەتگوت هی سەردەمی بەر لە دووسەد ساڵن، هێندە کۆن بوون، گڵکۆکانیان هەمووی بەردی ئاسایی بوون و بەردەکانیش زۆربەی لە زەوییەکە ڕۆچووبوون و هەندێکیان بە ئاستەم سەرەکەیان دیاربوون.

من بە خەیاڵی میوانی و شت بەگەڵ داپیرەم کەوتم، کەچی ئێستا جگە لە گۆڕستانێک، کە دەتگوت گۆڕستانی غەریبانە و کۆمەڵێک گۆڕی بێ ناز، هیچی ترم لێ نەبینی.

داپیرە کوا ماڵەکان؟ ئەی کوا مرۆڤەکان؟

بۆ ئێرە هیچ منداڵێک و هیچ کەسێکی لێ نییه؟!

بۆ وا چۆڵ و بێدەنگە و بۆنی نامۆیی لێ دێت؟

ئەوان بۆ کوێ ڕۆیشتوون؟ ئەی ئێرە دێ نییە؟ کەواتا کوا دانیشتووانەکەی؟

ڕۆڵەکەم، ئەوە ماڵی ڕاستەقینەی هەموومانە. ئەوەی ناوی مرۆڤە، گەر دووسەد ساڵ یان بەقەد تەمەنی نوح بژین، سەرەنجام دەبێت ڕۆژێک هەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو ماڵەڕاستەقینەیەمان.

گیانی داپیرەی، تۆ وای دەبینیت کە ئێرە چۆڵە و هیچ کەسێکی لێ ناژیت!

نەخێر، ئێرە ئاوەدانە و پڕیەتی لە مرۆڤ.

ڕۆڵەکەم، ئەوان ئێمە دەبینن، بەڵام ئێمە ئەوان نابینین.

تکایە من زۆر دەترسم، داپیرە بۆچی هاتین بۆ ئێرە؟

ڕۆڵەشیرینەکەم مەترسە، من لێرەم. 

دەزانی بۆ هاتووین؟

-بۆ؟

+بە هۆی بێعاری و سەرپێچیکردن و لادان و تاوانەکانمانەوە، خودا لە ئێمەی زیندوەکان تووڕەبوو و بارانی لێ گرتووینەتەوە.

ئەی ئەوانەی ئێره چ پەیوەندییەکان بە تووڕەیی خودا و نەبوونی باران و شتەوە هەیه؟

شیرینەکەم، ئەوانەی ئێرە، ئەوانەی ئێمە پێیان دەڵێین مردووەکان!

کە لە حەقیقەتدا ئێمەی بەناو زیندوو، مردووین. ئەوانەی ئێمە، بە هەڵە ناومانناون: مردوو! لە تاوان پاک بوونەتەوە و هەموویان وەک پەپوولەیان لێ هاتووە.

بۆیه هاتووم بەرد لەسەر گۆڕی ئەو مرۆڤە پاک و پەپوولانە ببەم.

خۆزگەم بە خۆیان!

 ڕۆڵەی داپیرەی، ئەوانەی لێرەن، جەنگ بەرپاناکەن و ڕقیان لە یەکتری نابیتەوە. لەسەر بنەمای بەرژەوەندی مامەڵەی یەکتری ناکەن. لێرە نە ستەم، نەیش گەندەڵی، بوونیان نییە.

هەمووی بە یەکسانی دەژین. 

ئێرە پەپوولەستانە پەپوولەستان.

 ڕۆڵەشیرینەکەم، ئەوانەی ئێره هەرگیز ناپاکی و دزی و درۆ ناکەن. لێرە هیچ کەسێک لە ژن نادات و ژن ناچەوسێنێتەوە.

بیری نێرسالاری و ژنکوشتن لێرە یاساغن. کە داپیرەم باسی دزی کرد، من ئەو هەموو دزییەی خۆم و هێمنەڕێویم بیرکەوتەوە و تەزوویەک بە لەشمدا هات و  ترسێکی فۆبیایی سەراپای گیانی تەنیم.

داپیرەم وا هەستی کرد، کە من لە مردووەکان و گۆڕستانەکە دەترسم.

 گوتی: ڕۆڵەی داپیرەی مەترسە، ئەوانە ئەزیەتی کەس نادەن و زیانیان بۆ مێروولەیەکیش نییە.

خۆ وەکو ئێمەی زیندووەکان نین، لە یەکتری بدەن و یەکتری بکوژن و وەک دڕندە، بکەونە وێزەی یەکتری.

دووبارە قسەم بە داپیرەم بڕی: -داپیرە گیان. 

+گیانی داپیرەی؟

-دەتوانم پرسیارێکی دیکەت لێ بکەم؟

+بۆ نا ڕۆڵەشیرینەکەم.

-ئەی ئەگەر باپیرە بمرێت و بیهێنن بۆ ئێرە، ئەویش وەکو ئەمانە دەبێت بە پەپوولە و چیتر جوێن بە ئێوەنادات و لە ئێوە نادات؟

+بەڵێ ڕۆڵەکەم، ئەویش بێت بۆ ئێرە دوای پرۆسەی پاکبوونەوە، دەبێت بە پەپوولە و ئیتر ئەو لووتبەرزی و خۆبەزلزانی و خۆ بە پیاوزانی و بیر و هەستی نێرسالارانەی کە  هەیەتی، لای نامێنێت.

-یانی ئەوکات بە مەسینە و دار و بەرد و پێڵاو و سۆندە لە ئێوە نادات؟

+نەخێر، ڕۆڵەکەم.

سەیرم کرد لەگەڵ قسەکردندا داپیرەم فرمێسک لەسەر گۆنای ڕێچکەیان بەستووە.

 -داپیرە بۆ دەگریت؟

+ڕۆڵەکەم، هیچ نییە.

کە بینیم داپیرەم دەگریت، ئەوە زۆر ئازاری دام.

تا هێزم تیابوو، گۆڕاندم: به نەفرەت بیت باپیرە، با بمرێت باپیرە، با بڕوات بۆ دۆزەخ باپیرە. با پاکبێتەوە باپیرە، جەللاد باپیرە، یەع لە باپیرە، من ڕقم لێتە باپیرە، کاتێک تۆ دەمریت باپیرە، بەڵێن بێت میز بە گۆڕەکەتدا بکەم باپیرە.

قێزم لێت دەبێتەوە ئەی باپیرە.

کە وام گوت: داپیرەم، بە هێمنی دەستی خستە سەر دەمم و گوتی: ڕۆڵەکەم بەسی کە، با مردووەکانیش وەک خودا لێمان زویر و تووڕە نەبن.

لێره نابێت جوێن بدەیت، ئەوان هەرگیز قبووڵی ناکەن.

داپیرەم کە سەیری کرد من دەگریم، ئەوجارە نەیگوت مەترسە من لێرەم، زانی من بۆچی دەگریم و هۆکاری ڕێچکە بەستنی ئەو هەموو فرمێسکەپاکەی کە لەسەر گۆنای منیش ڕێچکەیان بەستووە، چییە.  بە دەستەمیهرەبانەکەی دیکەشی فرمێسکەکانی دەسڕیمەوە.

ئینجا گوتی: دەی منداڵەکان درەنگ کەوتین. داپیرەم سێ چوار بەردی گچکەی لەسەر سێ چوار گۆڕ هەڵگرت و بە چاوەکانی ئاماژەی کرد، دەی با بڕۆین.

من هیچ لەو بەرد و شتە حاڵی نەبووم!

دووبارە پرسیم: داپیرە، ئەو بەردانەت بۆچییە؟

ڕۆڵەکەی داپیرەی، دەیخەینە ناو ئاوەوە، تا باران ببارێت.

لە ماڵەوە داپیرەم پەقرەجێکی پڕ ئاو کرد و بەردەکانی خستە ناویەوە و گوتی: دەبێت بەیانی زوویش بۆ شوێنی خۆیانی بگەڕێنینەوە.