
بەشی 17
مەملەکەتی ئەفسانەکان
گۆڕستانێکی کۆن، بە دووری دووکیلۆمەترێک لە ڕۆژهەڵاتی دێیەکەی ئێمە هەبوو، هەمووی به پەڕۆی سەوز و سوور و ڕەنگاوڕەنگ داپۆشرابوو. هەرچوارلایشی بە تاتەبەرد کرابوو بە دیوار و پەرژین، تەنها دەرگایەکی بچووکی چوونەژوورەوەی هەبوو، دەیانگوت گۆڕی سەحابەکانە و لەکاتی شەڕی نێوان زەردەشتییەئاگرپەرست و کافرەکان و عەرەبەموسڵمانەکان شەهیدکراون!
هەرکەسێک بڕۆیشتبوایەتە زیارەتی ئەو گۆڕستانە، دەبوایە پارچەپەڕۆیەکی لەگەڵ خۆی ببردایە و لە کێڵی یەکێک لە گۆڕەکانی ببەستایە. دواتر ئەو پارچەپەڕۆ سەوزەی کە دەیانگوت تەبەڕکە، دەیهێنا و دەیکرد بە نوشتە و بە سنجقاقێک لە بەرچێلی خۆی دەدا یان وەک بازنێک لە دەستی خۆی دەئاڵاند.
لە دەوروبەری گۆڕستانەکەیش دەبوا زیارەتکار، حەوت قلۆتکە بەردیش دروست بکات.
بۆ ئەمەش خەڵکی دەیانگوت: ئەوەی وا نەکات، ئەقڵی تێک دەچێت و شێت دەبێت.
من تا تەمەنی هەرزەکاریشم تەواوکرد، هەر خۆم فۆبیای گوڕستان و دارمەیت و ژووری مردووشۆرینم هەبوو. هەمووجار کە لەگەڵ منداڵانی دێ، دەڕۆیشتین بۆ گۆڕستانەکە، زەندەقم دەچوو لە ترسان. گۆڕەکان هەمووی دوومەتر و سێ مەتر لە گۆڕی مرۆڤێکی ئاسایی درێژتر بوون.
دەیانگوت: سەحابەکان باڵایان درێژبووە و وەک ئێمە نەبوون، هەر دانەیەکیان، لە هەیکەل و قەدوقیافەت، سێ چوار جار هێندەی مرۆڤێکی ئاسایی بوون.
ئەوان پیاوانی خوا بوون، کەسانی باڵا و پیرۆز بوون. زۆر تایبەتمەندی و ڕێزی تایبەتیان لای خودا هەبووە، کە مرۆڤەکانی تر نییانە!
هەرکەسێک قسەیان پێ بڵێت، لە دین دەچێتە دەرەوە و کافر دەبێت. عەوێزەشێت هەبوو، خەڵکی دێیەکەی سەرووی دێی ئێمە بوو، ئەوکات تەمەنی شەست ساڵێک دەبوو، پیاوێکی قەڵەو و بە هەیکەل بوو و هەر لە دەشتودەر دەگەڕا. دەیانگوت بۆیە شێت بووە، کاتی هەرزەکاری، کێڵی یەکێک لەو گۆڕانەی سەحابەکانی شکاندووە و لە تۆڵەی ئەمە، سەحابە دەستیان لێ وەشاندووە!
گۆڕستانی سەحابەکان، ئەو گۆڕستانەی کچ و ژنانی دێ، هەموویان زۆرجار بە کۆمەڵ بۆ چاوەزار و نەزۆکی و کێشەی میزبەخۆداکردنی منداڵ و ژانەسەر و مرازحاسڵبوون و بەختبوونەوە، دەڕۆیشتنە زیارەتی.
ئەوکات پزیشک و شت وا زۆر نەبوو و خەڵکی دێیەکەی ئێمە بە مانگ و ساڵ، شاریان نەدەبینی، مەگەر چەندماڵێک کە بە پەنجەی دەست دەژمێردران، ئۆتۆمبیلیان هەبوو. ئۆتۆمبیلەکان هەموویان لە جۆری: داستۆن، پیکابی هەشتا، هەشتاودوو، هەشتاوپێنج و کرۆسیدە یان هەشتاونۆ بوون. شۆفێرەکانیان کاریان پێ دەکردن و دەرۆیشتنە دێهات و شار و شارۆچکە جیاوازەکان.
من تا بووم بە دوازدە و سێزدەساڵانیش، شەوان میزم دەکرد بە خۆمدا.
دایکم زۆرجار منی دەبرد بۆ سەردانی گۆڕستانەکە و دەیگوت: وەرە کوڕەشیرینەکەم، ئەوە مەرقەدی موبارەکی سەحابەکان و گوڕی پیاوچاکانە. سەرەتا دەستی بە دانەدانەی کێڵەکان دادەهێنا و ماچی دەکردن. ئینجا لەگەڵ وتنی(بسم اللە) دەستی بە پشتمدا دەهێنا. دواتر بەردێکی لەسەر یەکێک لە گۆڕەکان هەڵدەگرت و بەدەم نزا و پاڕانەوە، دووسێ جار لە پشتی دەسووم.
سەبارەت بە گۆڕستان و مناسب و شت، ئەو مەملەکەتەی ئێمە، کەم دێ هەبوو، گۆڕستانێکی سەحابە یان مناسب و گۆڕی پیاوچاکێکی تێدا نەبێت و هەر گۆڕ و مناسب و پیاوچاکێکیش، دەیان ئەفسانەی ترسناک و سەرسامکەر و چیرۆکی خاریقولعادەیان لەبارەوە دەگێڕایەوە.
قلۆتکە بەردێکی تریش لەخوار دێیەکەمان ڕۆ نرابوو، ئەوێش هەمووی بە پەڕۆی سەوز و شین و مۆر و سوور ڕازێنرابووەوە و خەڵکی بە مەبەستی تەبەڕک و مرازحاسڵبوون و نەزۆکی و چاکبوونەوە لە نەخۆشی و خۆبەدوورگرتن لە چاوەزار و شتی تر، زیارەتی ئەو شوێنەشیان دەکرد و ئەفسانە و چیرۆکی سەیرسەیریان لەبارەوە باس دەکرد.
ئەو شوێنە خەڵکی پێیان دەگوت(سەرکۆڵ) وەک نزرگە(مناسب) و شوێنی پیاوچاکێک سەیر دەکرا. قسەیەک هەبوو، کە کاتی خۆی شێخێک، گوایە وەسیەتی کردووە، کە خەڵکی ئەوەی ناتوانێت بگات به زیارەتی مـن، شوێنێک لەو دیێیە لەجیاتی ئەوە دروست بکەن و ئەو خەڵکەی ناگات بە زیارەتی یاشێخ، بڕواتە ئەوێ!
ئیتر کچ و ژنانی دێ، تەنانەت دێیەکانی دەوروبەریش، بە مەبەستی مرازحاسڵبوون و نزا و داواکاری، پۆل پۆل ڕوویان لەو سەرکۆڵە دەکرد و زیارەتی ئەو شوێنەیان دەکرد.
گۆڕستانێکی تریش لەخوار دێیەکەمان هەبوو، خەڵکی دێ لەوێ مردووەکانیان دەناشت.
سەبارەت بەو گۆڕستانەیش زۆر میتۆلۆژیا و چیرۆکی سەیرسەیر باس دەکرا!
یەکێک لە چیڕوکەکان ئەوەبوو: جەمالەورگنی کوڕی قادرۆکی دێیەکەی خوار دێی ئێمە، شەوێک بەپێ دێت بۆ دێیەکەی ئێمە، بۆ ماڵی مامۆی فەیزوڵلا، پیاوێکی نوورانی پۆشاک سپی، فانۆسێکی بە دەستەوە دەبێت و لە گۆڕستانەکە دێتەدەر و شوێن جەمال دەکەوێت و دەیەوێت بیکوژێت! خۆشبەختانە، جەمال ڕادەکات و قورتاری دەبێت.
ئەو دێیانەی دەوروبەریشمان وەک گوتم: زۆرێکیان نزرگە و گۆڕی پیاوچاک و سەید و سەحابەیان تێدابوو. هەریەکە و بۆ چارەسەری و مەبەستێک خەڵکی ڕوویان لێ دەکردن و دەیان چیرۆک و ئەفسانەیان لە بارەوە دەگێڕایەوە.
ئەو سەرکۆڵەی دێی ئێمە، دەیانگوت: نەخۆش بیت و بڕۆیتە زیارەتی و بڵێیت: هاوارە یا سەرکۆڵ، ئەوە من هاتووم بە کۆڵ، دەی تۆش یان بمکوژە یان چارەم بکە، گەر چارەسەری نەدا، ئەوە بێگومان دەتکوژێت.
داپیرەشم زۆرجار وای دەگوت.
ڕۆژێک بە داپیرەمم گوت: داپیرە، ئەی ناڵێن مردن و ژیان و هەموو شتێک لەدەست خودایه؟
باشە بۆچی خەڵکی داوا لەو سەید و شێخ و سەحابە و گۆڕ و پیاوچاکانە دەکەن؟
گوتی: کوڕەکەم وسبە، کۆرە دەبیت کۆرە، ئەوانە ئەولادی خودان.
مەبەستی ئەولادولڕەسوول بوو.
داپیرەم مرۆڤێکی هێندە دڵپاک بوو، زۆبەی کات لەسەر بەرماڵ بوو و هەموو دووشەم و پێنج شەممەیەکیش بەڕۆژوو دەبوو.
گەلێ جار دەیگوت: ئەو ڕووباری دیجلەیە، پێشووتر زۆر هار و هاج بوو و دەنگی شەپۆلەکانی هەموو خەڵکی بەغدای بێزارکردبوو، تا ڕۆژێک شێخ عەبدولقادری گەیلانی پێی گوت: بێدەنگ بە ئەی ڕووبار. لەوساوە دیجلە بێدەنگە ڕۆڵەکەم!
هەر سەبارەت بەو مناسب و سەرکۆڵەی دێی ئێمە، خەڵکی دێ، وەک گوتم چیرۆک و ئەفسانەی زۆریان دەگێڕایەوە.
لەوانە:
عاسیەی ژنی موختاری دێ، حەوت ساڵان منداڵی نەدەبوو، ڕۆیشتە سەرکۆڵ و منداڵێکی بوو.
هندرێنی کوڕی حاجی یاسینەچاوپیسی، بەردەوام ژانی تورکی دەگرت، دوای زیارەتکردنی ئێرە، چاکبوویەوە.
پەروینی کیژی جەوێ بەدووکەتی، هەر ئەو مناسبەیە قسمەتی هەڵساند و مێردی کرد.
داپیرەم، هەفتەیەک بەرلەوەی بمرێت، ڕۆیشتە زیارەتی سەرکۆڵ و من و دایکیشم لەگەڵیدا ڕۆیشتین و لەوێ داپیرەم بەرلەوەی بگەینە ناو مناسبەکە، لەسەر گاگۆلکە ڕۆیشت و خۆی بۆ سەرکۆڵەکە چەماندەوە و دەستی بۆ درێژکرد و گوتی: ئەی پیاوچاکی خودا، ئەی سەرکۆڵی پیرۆز، ئەوە منی بەندەی زەلیل، هانام بۆتۆ هێناوە و هاتووم بۆ قاپی تۆ، یان بمکوژە یان چاکم کەوە! ئینجا داپیرەم بۆ ماوەی پێنج خولەکێک، ئاوا بە بێدەنگی و بێ جووڵە ڕاکشا.
هەفتەیەک دوای ئەوەش داپیرەم مرد.