
بەشی(١۷)
ڕاکەن ئەسحابە هات
کاتێک لە ماڵی داپیرەم گەڕامەوە و بەسەرهات و بابەتی بەردهێنانەکەی (کاوڵەدێ)م لە سەرەتاوە هەمووی بۆ هێمنە ڕێوی باس کرد، گوتی دەی هیوا، با ئێمەش بڕۆین بۆ زیارەتی گۆڕستانی سەحابەکان. من و هێمنەڕێوی و فایەقە قوونخوار و حوسەشەل و بازەفتقۆ و حەمەفسگەنی و سەعەزیپکە و ڕزگارەسوور ڕۆیشتین. لەوێ پێڵاوەکانمان دانا و بە پێخواسی ڕۆیشتینە ناو گۆڕستانەکە، گوتمان ئێرە پیرۆزە و گوناحباردەبین و خودا لێمان تووڕە دەبێت و دەمانخاتە دۆزەخەوە.
منداڵەکان هەموومان لە بەردەم گۆڕەکان خۆمان چەماندەوە. دواتر یەکە و پارچەیەک پەڕۆی سەوزمان لەو داره لێوەکرد، کە لە کێڵی یەکێک لە گۆڕەکانیان ئاڵاندبوو و ئینجا بۆ تەبەڕوک، هەموومان لە مەچەکی خۆمان بەست.
دواتر یەکە و بەردی بچووکیشمان دەستدایه و لەناو گۆڕستانەکە پاشە و پاش هاتینە دەر.
دەیانگوت دەبێت پاشە و پاش بێیتە دەر، گەرنا گوناحبار دەبیت.
خەریک بووین هەر منداڵە و حەوت غلۆکە بەردمان لە دەوروبەری گۆڕەکە ڕۆدەنا، لەپڕ هێمنەڕێوی گوتی: هاوڕێیان خێرا ڕاکەن، سەحابەیەک وا بەرەو ڕوومان هات.
هەموو منداڵەکان، تا هێزمان تێدابوو، بە گریان و هاوارکردن ڕامان کرد و بەردەکانمان هەمووی فڕێدا.
کە گەیشتینەوە نزیک دێ، هێمن دایە قاقا و گوتی وەڵڵا بەقەستی وامگوت و درۆم کرد و گوتم تا تۆزەک بترسن، گەرنا هیچ سەحابە و شتێک نەهات.
چیرۆکەکان سەبارەت بە چیڕۆکە خورافی و ئەفسانەکانی مەملەکەتی ئەفسانەکان هێندە زۆرن، دەیان ڕۆمانیان لەبارەوە بنووسرێت، هەر تەواو نابێت.
بیرمە کوڕێک لە دێیەکی نزیک دێیەکەمان، چیرۆکێکی سەیری لەبارەوە بڵاوکرایەوە، گوایه شەو ڕۆیشتووە بۆ بەهەشت و گەشتی دۆڵەکانی دۆزەخیشی کردووە و زڕدایکەکەی لە دۆزەخ و دایکی حەقیقی خۆیشی لە بەهەشت بینیوە و کوڕە بووە بە فریشتەی ئاسمان و خوداوەند زۆر زانیاری و نهێنی پێی بەخشیوە !
خەڵک لەسەرتاسەری وڵات و تەنانەت لە وڵاتانی تری وەکو تورکیا، سووریا و ئێرانیش پۆل پۆل دەهاتن بۆ لای، بە مەبەستی مرازحاسڵبوون و منداڵبوون و چاکبوونەوە و چوونە بەهەشت و شتی لەوجۆرە.
بیرمە شەوێک کۆمەڵێک پیاوی دێیەکەمان، مەلا سەمەدی دێیەکەشمانی لەگەڵدابوو، هەموو ڕۆیشتن بۆ لای ئەو کوڕە. لەوێ عارفی کوڕی پووم، کە پێشووتر شەلەل لە دەم و لێوەکانی دابوو. گوتی بە کوڕەکە بڵێن با بێت، کوڕەکە هات و تا هێزی تێدابوو دوو شاپی لە قڕوقەپۆزی عارفی دا، تا بگەڕێتەوە سەر شێوەی سروشتی و ئاسایی جارانی خۆی.
لە ڕێگا، کاتێک دەگەڕاینەوە بۆ دێیەکەمان، هەمووان لەناو پاشی پیکابێکی مۆدێل هەشتاودوو بووین.
ئەوە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو دەڵێم. تەنها من و هێمنەڕێوی لەنێویاندا منداڵ بووین.
لە ڕێگا هەرهێندەمان زانی مەلاسەمەد گوتی: سوبحانەلڵا سوبحانەلڵا!
هەمووان گوتیان چی بوو؟
گوتی نەتانبینی؟ نوورێک لەسەر ئەو دێیه و ڕێک لە ڕاست ماڵی کوڕەکە بەرزبووەوە بۆ ئاسمان!
هەمووان پێکەوە دایانە سەڵاواتلێدان و ئەستەغفیرەلڵا و ئەلڵاهو ئەکبەر و دەنگیان دەگەیشتە کەشکەڵانی ئاسمانێ.
مەلاسەمەد، مەلایەکی بیردەروێشی تا خودا حەزبکات نەخوێندەواربوو.
منداڵ بووم و بە ئاستەم بیرم دێتەوە، مەلا سەمەد لە هەموو وتارێکی ڕۆژانی هەینی دەیگوت: دەجال لە ئێرانێ بە زنجیر بەستراوەتەوە و ئاخیری زەمانە و هێندەی نەماوە زنجیرەکان بپسێنێت و بێت.
کە وای دەگوت، من ترسێکی زۆرم لێ دەنیشت.
مەلاسەمەد تووشی دەجالۆفۆبیای کردبووم.
زۆر لە هاتنی دەجال دەترسام. زەندەقم لە دەجال چووبوو و شەو بە ترسی دەجالەوە دەخەوتم و چەندین جار لە ترسی دەجال، شەو میزم دەکرد بەخۆمدا و دەمگوت: کێ ناڵێت کاتێک ئێمەی خەڵکی دێ هەموومان لە پرخەی خەوداین دەجاڵ نایەت و بدات بەسەرماندا و سەرمان ببڕێت؟
زۆرجار بەهۆی فۆبیای هاتنی دەجالەوە، دەڕۆیشتمە سەربانێ و سەیرم دەکرد بزانم دەجال نەهات.
مەلاسەمەد دەیگوت: دەجال کەرێکی لەگەڵە، کەرەکە لەجیاتی قەرسەقوڵ، خورما دەکات، هەرکەسێک لەو خورمایە بخوات کافردەبێت!
سەبارەت بەو شەوە و بەو نوورەی مەلاسەمەد، ڕۆژی دواتر، بێ ئەوەی خۆم نوور و شتم بینیبێت، بە ماڵەوە و داپیرەمم گوت: بەو خوایەی، شەو بە هەردووک چاوەکانی خۆم بینیم نوور لە ئاسمانی دێی ماڵی کوڕەکە بەرزبووەوە. ئەوانیش هەمووان دایانە سەڵاواتدان و سوبحانەلڵا!
شەوێک، پوورەخانزادی دایکی هێمنەڕێوی لە ماڵی ئێمەبوو و لەگەڵ ماڵەوە هەموو پێکەوە لە ژووری میوانان دانیشتبوون، وەک چۆن لە هەموو دەر و دەڤەر و دێ، باس باسی ئەو کوڕە و موعجیزەکانی بوو، لە ماڵی ئێمەش ئەو باسەبوو.
هێمن گوتی: هیوا وەرە با فێڵێکیان لێ بکەین.
گوتم: چی فیڵێک؟
گوتی: شوێنم بکەوە و مەپرسە.
من و هێمنەڕێوی ڕۆیشتینە دەرەوە و لەبەر پەنجەرەی ژوورەوە، ئەوکات بۆن(گوڵاو)ێکی فەڕەنسی هەبوو، بۆنی زۆر تیژ بوو. باو باوی ئەو بۆنەبوو. هێمن بۆنێکی لەوجۆرەی لابوو، لەبەر پەنجەرەکە تۆزێکی پڕژاند و بۆنەکە خێرا بەو ناوەدا پەرشوبڵاو بووەوە و گەیشتە ژوورەوە. داپیرەم و دایکم و پلکەخانزاد گوتیان: سوبحانەلڵا. ئەوانەی لە ژوورەوەبوون بە سەرسڕماوییەوە پرسیان: چی بوو؟!
سوبحانەلڵا لە گەورەییت خودایه، چۆن باسی ئەو کوڕەمان کرد، یەکسەر بۆنی بەهەشتێ هات!
من و هێمنیش لەبەر پەنجەرەکە گوێمان بۆ شل کردبوون، بزان چی دەڵێن.
کە وایان گوت، دامانە قاقا و بە پێکەنینەوە ڕۆیشتینە ژوورەوە و حەقیقەتی چیڕۆکی بۆنەکەمان بۆ باس کردن. هەمووان دایانە قاقا و داپیرەم و پوورەخانزادیش تێر قسەیان پێ گوتین.