
حەمەسەعید حەسەن
ئایا داعش قارچک ئاسا، لەخۆوە هەڵتۆقیوە؟ یان ڕەگوڕیشەی قووڵ بە مێژووی ئیسلامدا ڕۆچووە؟ ئایا داعش هیچی نوێی داهێناوە؟ ڕەوتارێکی تازەی نواندووە؟ یان هەر چییەکی کردووە، بریتیبووە لە لاساییکردنەوەی ڕووداوەکانی نێو دیرۆکی ئیسلام؟ هەموو ئەوانەی بڕێک شارەزایییان لە ڕابردووی ئیسلامدا هەبێت و خەریکی گەوجاندنی خەڵک نەبن، دەزانن و دڵنیان، داعش وەچەی شەرعی و دەرهاوێشتەی مێژووی ئیسلامە و هێشتا کارێکی نەکردووە، بە زەوتکردنی ژن و بە سووتاندنی دیلیشەوە، لە سەردەمی خودی پەیامهێن و یاوەرانیدا نەکرابێت و تەنانەت هێشتا هیچ سەرپێچییەکی لە دەقی پیرۆزیش نەکردووە. ئەگەر تەمی گومانێک لەوەی داعش درێژەپێدانی ئیسلامە یان نا، بەرچاوی لێڵ کردبین، ئەوا بە گوێگرتنمان لە گوتاری بەشێک لە مەلایان و بانگخوازان و پەرلەمانتارانی ئیسلامی، تەمی ئەو گومانەمان دەڕەوێتەوە و ئاسۆی بەرچاومان ڕۆشن دەبێتەوە.
ئەوانەی داعش پەسەند ناکەن، پێ بزانن، یان نا، مێژووی ئیسلام ڕەت دەکەنەوە. ئەوانەیشی دیرۆکی ئیسلام بە چەشنێکی ناکۆک لەگەڵ داعشدا دەناسێنن، ئەگەر نەزان نەبن، بازرگانن. هەموو ئەوانەی ئیسلامناسن و مێژووی ئیسلام، وەک مێژوویەکی تژی لە ئاشتی و بەزەیی و لێبوردەیی باس دەکەن، ئەوە بازرگانی بە دینەوە دەکەن و نان و دەسەڵاتیان بە شێواندنی ئەو دیرۆکە پڕ لە شەڕ و ڕق و دوژمنکارییەوە گرێ دراوە. ئەوەی داعش لە واقیعدا پێشکەشی دەکات، وەک فیلمێک وایە، پشتی بە بەڵگەنامەی حاشاهەڵنەگری دیرۆکی و ڕووداوە ڕاستەقینەکان بەستبێت و لە مێژووی سەرهەڵدان و گەشەکردنی ئیسلام لای نەدابێت.
ئەوەی دیرۆکی ئیسلام، کەسانی وەک جەزیری، خانی، نالی، مەولەوی، مەلای گەورە، شێخ موحەممەدی خاڵ و مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیسی پێ بەخشیوین، لە فریودانی عەوام بەولاوە، شتێکی دیکە نییە، ئاخر هیچی هاوبەش لە نێوان ئەو هێژایانە و ئەو دیرۆکە ڕەشەدا نەبووە، کە ئەو ئایینەی بە زەبری شمشێر سەپاندووە. نە قازی موحەممەد، نە شێخ مەحموودی حەفید و نە شێخ سەعید پیران، هیچیان سەر بە مێژووی ئیسلام نەبوون، سەر بە بزووتنەوەی کوردایەتی بوون، خەباتیان لە نیشتمانپەروەرییەوە سەرچاوەی گرتبوو، نەک لە مێژووی خوێناویی ئیسلامەوە.
وەک چۆن تورکی ئینساندۆست، بەرانبەر بە ئەرمەن خۆی بە شەرمەندە دەزانێت، وەک چۆن ئەڵمانیا شانازی بە قڕتێخستنی جووەوە ناکات، وەک چۆن فەرەنسا شەرمەزارە لەوەی جەزائیری داگیر کردبوو، وەک چۆن ئەوە پەڵەی شەرمە بە هەنیەی ئەورووپایییە داگیرکارەکانەوە، کە خەڵکە ڕەسەنەکەی ئەمریکا، (هیندییە سوورەکان)یان قەلاچۆ کرد، ئەوەیش شەرمەزارییە بۆ خەڵکی نیمچە دوورگەی عەرەب، کە بە ناوی بڵاوکردنەوەی دینەوە، لە ڕێی کاولکاری و خوێنڕشتنەوە، کولتووری وڵاتانی دیکەیان سڕییەوە و کولتووری خۆیان سەپاند. لە ئاستی ئەوەدا کە باپیرانی تاڵانچی بوون، وڵاتانیان خاپوور کردووە و شارستانیی غەیرە عەرەبییان لەنێو بردووە، هەر عەرەبێک هەست بە شەرمەزاری نەکات، ئینساندۆست نییە، هەر میللەتێکیش شانازی بە کولتووری بە شمشێر سەپێندراوی داگیرکارانییەوە بکات، پێ بزانێت یان نا، بە کۆیلایەتی ڕازییە.
سەرنجی مێژووی عەرەب بدەن، شاعیرێک یان زانایەکی تێدا هەڵنەکەوتووە، باوەڕی بە ئایینی ئیسلام پتەو بووبێت. چی زانا و شاعیری گەورەی عەرەب هەبوون، لەلایەن دەسەڵاتی ئیسلامەوە، بە زەندیق لە قەڵەم دراون و گەلێکیشیان کوژراون! هەر بەگوێرەی ئەو دیرۆکەی خۆیان نووسیویانەتەوە، ئیسلام بریتیبووە لە گەڕان بە دوای دەسەڵات و سامان و ژناندا، ئەوەی بەلایەوە گرنگ نەبووبێت، ئەدەب و هونەر و زانین بووە.
بەپێی مێژووی بە قەڵەمی خۆیان نووسراوە، ئیسلام ئایینی لایەنگرتنی پێکەوە ژیان نەبووە، دینی یاسای دارستان و دادگای بیابان و قەتڵوعام و تواندنەوەی کولتووری گەلانی دیکە بووە. باسکردن لەوەی ئیسلام ئایینی لێبوردەیی بووە، سووکایەتیکردنە بەوانی تر، ئاخر بە چ هەق و بە چ پاساوێک ئیسلامخواز خۆی لەوانی دیکە، پێ باڵاتر بێت و بڵێت: لێبوردەم بەرانبەتان؟ ئینسان هەمان بەهای هەیە، بەچاوپۆشین لەوەی سەر بە کام ئایینە، دیندارە یان بێدین، کەس مافی نییە، خۆی لەوانی دی بە بەخشندەتر بزانێت. ئەوە لە فریودان بەولاوە هیچی تر نییە، کۆیلەی دەستی ئایینێک بین و بە سەرچاوەی هەموو هەڵسەنگاندنێکی بزانین و باس لە لێبوردەیی، یەکسانی، ئازادی و فرەلایەنییش بکەین.
نابێت هیچ ئایینێک لە ئینسان بە پیرۆزتر بزانین، ئاخر بەدرێژایی مێژوو بە ناوی ئایینەوە، سووکایەتی بە ئینسان کراوە، ئیدی هەر لە زەوتکردنی ئاوەز و ویستەوە، هەر لە سەرانە لێ سەندن و ژن بە تاڵانی بردنەوە، تا سڕینەوەی کولتوور و کۆکوژی. ئایین هیچ چارەسەرێکی پێ نییە، هەمیشە کێشەی ناوەتەوە و هەر شەڕی لێ کەوتووەتەوە. شوێنکەوتنی ئەوپەڕگرانە و توندڕۆیانەی ئایین، گیرخواردنە لە بازنەیەکی داخراودا، کەسانێک کە خۆیان گیریان خواردبێت، کە توانای ئەوەیان نەبێت، هەنگاوێک بچنە پێشەوە، ئیدی چۆن فریای ئەوانی دیکە دەکەون؟ کە ئیمیل سیوران گوتوویەتی: (بێجگە لە حەوجەی بۆ ڕەها، دەتوانین هەموو شتێکی دیکە لە ئینساندا بچەپێنین، ئاخر ئەو پێویستییە، بە ڕووخاندنی پەرستگەکان لەنێو ناچێت،) بیری بۆ ئەوە نەچووە کە ژمارەی ئەوانەی بە سەلیقە، بڕوایان بە دەسەڵاتی نادیاری سەرووی سروشت نییە، ڕەنگە لە ژمارەی بڕواداران هەڵکشاوتر بێت.
بۆچی لە دوورترین گۆشەی دونیاوە، لاوان بە پۆل دێن و دەچنە ڕیزی داعشەوە؟ چونکە ئیلهام لە میژووی ئیسلامەوە وەردەگرن. ئەوەی ئیش بۆ گونجاندنی ئەو گەنجانە لەگەڵ کولتووری خۆرئاوادا ناکرێت و پەراوێز دەخرێن، ئەوەی زانکۆیان تەواو کردووە و لەبەر نەبوونی دەرفەتی یەکسان، ئیشیان دەستگیر نابێت، ئەوەی لە ئازادیی ویژدان و خواپەرستی بێبەش کراون و دەیان پاساوی دیکە، هەموویان خۆدزینەوەن لە گوتنی ڕاستی، کە بریتییە لەوەی، مێژووی ئیسلام سەرچاوەی تیرۆرە و تا ئەو مێژووە جێگەی شانازی بێت، تیرۆر بەردەوام دەبێت.
ئەدونیس شتێکی وا دەپرسێت: (باشە ئاوەز کەڵکی چییە، ئەگەر بێ چەندوچوون بڕوا بەوە بهێنین، چواردە سەدە و قوسوور لەمەوبەر، خوا بە پۆستەچییەکدا (جوبرەئیل) پەیامی بۆ بازرگانێک (موحەممەد) هەناردووە؟ باشە ڕۆشنبیر ئیشی چییە، ئەگەر وەحی نەخاتە ژێر پرسیارەوە؟) ئەدی کێ دەڵێت، تەواوی سیناریۆکە لە پێناوی قازانجدا نەنووسراوە؟ ئاخر بازرگان بەر لە هەموو شتێک بیر لە قازانج دەکاتەوە. لە جاهیلان گەڕێ کە لە پێناوی ویساڵی حۆرییاندا دەخەبتن، لای ئەوانەی خۆیان وەک داکۆکیکاری سەرسەخت لە ئایین نمایش دەکەن، دین هیچ پێوەندییەکەی بە ڕۆح و بە ویژدانەوە نییە و جۆرێکە لە بازرگانی کە بە هۆیەوە هەم بە دەسەڵات دەگەن و هەم بە دراو. باشە ژن گوناهی چییە، تا بە گوێرەی ئەو پەیامە کە ئەگەری ئەوە هەیە زەوینی بێت، وەک هەر کاڵایەکی دیکە، بازرگانیی پێوە بکرێت؟ ئایا ژن مافی نییە، سەروەری خۆی بێت و بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات؟ ئیسلام وەک ئایینێکی نێرسالار، لە قەفەزیشدا ڕێ بە فڕینی مێ نادات، نەک بڕوای بەوە نییە، ژن توانای داهێنانی هەبێت، بەڵکوو ناچێتە ژێر باری ئەوەیشەوە، ژن عەقڵ شک ببات، ئاخر تەنیا وەک جەستە دەیبینێت. ئیسلامخواز ئەگەر زۆر دلۆڤان بێت، ئەوسا ددان بەوەدا دەنێت، ژنیش عەقڵی هەیە، بەڵام عەقڵێکی نوقسان.
ئەگەر بە نیاز بین، جڤاکێکی سڤیلسالار ڕۆ بنێین، دەبێت ئەوە لەبیر خۆمان ببەینەوە، کە دەوڵەت دینی هەبێت، ئەگەرنا تا ماوین دەبێت لە قوڕی نەزانی و ئەفسانە و غەیبدا بچەقین و هەنگاوێک لە ئازادی و دیموکراتی و یەکسانی نزیک نەبینەوە. سروشتی دین وایە، نە ملکەچی یاسای گۆڕانە، نە گەشە دەکات و نە ڕیفۆرمی تێدا دەکرێت، ئاخر دین ئەوەیە کە هەیە، نەک ئەوەی ئێمە دەمانەوێت، بۆیە هیچ (بژارە)یەکی دیکەمان لەبەردەمدا نییە، یان دەبێت ببین بە کۆیلەی، یان لە هەموو جومگەکانی دەوڵەتی جودا بکەینەوە، ناخر ناتوانین لەگەڵ بزاڤی کۆمەڵدا بیگونجێنین. ئەوانەی دەڵێن: ئایین بۆ هەموو هەلومەرجێک دەشێت، یان هێندە جاهیلن، جیاوازی لە نێوان لاهووت و ناسووتدا ناکەن، یان نانیان لەسەر ئەوەیە، قۆناغی جاهیلی تێنەپەڕێنین. ئیسلام بۆیە مێژوویەکی هێندە خوێناویی هەیە، چونکە هاوزەمان هەم ئایین بووە و هەم دەسەڵاتیش، بۆیە نەک هەر وەختی هاتووە، بەڵکوو درەنگیشە بۆ لە یەکدی جیاکردنەوەیان.
*
(١) إمیل سیوران، تأریخ و یوتوبیا، ترجمە: أدم فتحي، ص ٥٠ دار الجمل ٢٠١٠ بیروت.
(٢) أدونیس، لا تحقق الدیمقراطیة ما دام الدین هو مرجع القیم، عباس سلیـمان، السفیر ١٩ حزیران ٢٠١٥ بیروت.
(*) بژارە: بە عەرەبی خیار و بە ئینگلیزی (چۆیس)ە. بژاردە: بە مانای نوخبە دێت کە بە ئینگلیزی (ئیلیت)ە.
(**) لاهووت: ئەو شتانەی پێوەندییان بە خواوە هەیە. ناسووت: ئەو شتانەی پێوەندییان بە ئینسانەوە هەیە.