بەشی  (٣٥)

درۆزنەکانی جیهان یەکبگرن

گێلە فەقێ، ژیان خۆی واتا: درۆ. ئەوەی سەیرە !

لەو درۆستانە، هەرچی هاتووە و قسەی قۆڕی فڕێداوە و گوتوویەتی: ڕاستی ڕەها لای منە !

کوڕە دەبڕۆن، هەی لە خۆتان و ڕاستی و ڕەهاییتان بەم.

ڕاستی جگە لە درۆیەک، چیتر نییە. گرنگترین ڕاستی، ئەو درۆیەیە کە لە ڕێگایەوە بەرژەوەندیت دابین دەکەیت.

گێلە فەقێ، کۆجیتۆی بەرژەوەندیت بیستووە؟

من بەرژەوەندیم هەیه، کەواتا من هەم !

 دەڵێن:پەتی درۆ کورتە !

کوڕە دەولڵاهی بەس وانییه. درۆ پەتی بە قەتد شوورای چین ئەستوور و درێژه. 

وەلڵاهی دیواری بەڕلین بڕووخێت، هێزی درۆ ناڕووخێت.

یەکێتی سۆڤیەت، لە شەڕی ئابووری و سەربازی و سیاسی و دیبلۆماسی بلۆکی سەرمایەداری بدۆڕێت، بلۆکی درۆ ناکەوێت.

گێلەفەقێ، ئەی نەتبیستووە کە سیاسییەکان بەردەوام دەڵێن: بەرژەوەندی هاوبەش؟ بەرژەوەندی ئابووری؟ ئابووری هاوبەش. ئەوە مەبەستیان درۆی هاوبەشه.

جوانترین درۆ، لە سیاسەتدایە، کە دەڵێت لە سیاسەت ڕاستگۆیی تاسەر نییە، بەڵکوو درۆ هەیە، درۆ.

باشترین چینی کۆمەڵ، کە زۆرم خۆش دەوێن، ساسییەکانن. دەزانی ئەوان زۆر ئاقڵن و گەیشتوون بە ترۆپکی مرۆڤ بوون و بەو بڕوایە راستەقینەی کە ڕاستی گوتن، سوودی یەک سەڵکە تووری گوواوی نییە. تو قەت بینیوتە سیاسی بێت و درۆی نەکات؟  ئافەرین بۆ سیاسەتمەداران. ولڵاهی پیاو کوڕی پیاوینە. چاومانن سیاسییەکان. درۆزنن سیاسییەکان. ڕاستیگێنە سیاسییەکان. هەر هەبن سیاسییەکان. بژی سیاسی. درۆزنەکانی جیهان یەکبگرن.

هەرچەنده وتاری دوێنێت زۆر بە دڵم بوو، دە ئەوها پێی وەبنێ و بۆی زیادکە و بیقرتێنە و ترش و خۆی پێداکە ماڵت بە قوڕ نەگیرێت، خۆ دنیا کاوڵ نابیت.

گێلە فەقێ، گرنگ حەماسەتی ئەو خەڵکە مەڕەی بجووڵێنیت و باڵانسی کەرێتییان بەرزکەیتەوە. ولڵاهی بەس لۆوەی باشە پێیان ڕابوێریت و  خورافە و درۆیان دەرخوارد بدەیت.

ئافەرین گێلەگیان.

 بە قسەی مامی خۆت دەکەیت؟ پێت دەڵێم کەسی مامی، خۆ دڵگران نابیت؟ 

کەسی مامی، بە گوێم دەکەیت کە پۆلی دوازەت تەواو کرد، تا هێزت تێدایە شاپەکی لەو جامەدانییە عەلی باپیرییانەی سەرت بدە  و لۆخۆت واسیتەک، شتەکی بکە. دنیا هەمووی واسیتە و درۆ و بەرژەوەندییە. توویش  واسیتەک بکە و بڕۆ کۆلێژی سیاسەت و بەشی درۆی سیاسی.  بە خودای هەرچی خوێندکاری ماکیاڤیلی و تێزی درۆ و درۆی زل زلی هەزاران ساڵەی مێژووی درۆیە، هەمووی لەوێ دەخوێندرێت و دوای چوار ساڵ، درۆزنەکی قشتت لێ دەردەچیت و بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە درۆ وەردەگریت و دەبیتە دەرچووی بەشی درۆکردنێ. ماستەریش هەر لەدرۆ بێنە و ببه بە درۆناس و پسپۆڕی درۆیان.

هەرچەندە لای مەلاکانیش درۆ، بازاڕی گەرمە و گەر ئاقڵ بیت و مەلایەکی درۆزن بیت و قەت ڕاستی نەڵێیت، بە خوا نانت دەکەوتە ناو ڕوونی.

 گێلە فەقێ، بەگوێم بکە و ئاقڵ بە و بزانە لۆخۆت بیخۆ و پێلەقە لە قوونی بەختت مەدە.

بیرتە لەو مەولودەی دێیەکەی خۆتان، کاتێک ئەو ڕیوایەتەی لەبەرت کردبوو، لەبیرت چوو و مشەوش بوویت و گوتت چیبکەم ئێستا خودایه؟

هەرخۆت بە خۆتت گوتت: کوڕە دە هێندە قورسی مەکە و دوو قسەی عارەبی بکە و بڵێ پەیامبەر لە فەرمودەیەک وا دەلێت.

کە واتکرد، بێنیت  خەڵکی مزگەوت و مەولوودەکە، چۆن تەققەی سەریان دەهات؟

 

کەسی مامەی درۆ بەستە زمانە، جا لە درۆ بێ دەسەڵاتتر هەیه. هەموو کەسێک بە درۆ دەوێرێت. بڕوابکە درۆ نەبێت ژیان کۆتایی پێ دێت.

هەموو شتێک لەسەر بناخەی درۆ دروست بووە، ئەفسانەکان، ئایینەکان، ئایدۆلۆژیاکان، فەلسەفەکان..هتد.