
بەشی (٣٦)
خۆزگە دەمزانی ئەو دەنگە سەگبابە کێیە
بێدەنگگگگگگگگگگگگگگگگگگگ.
مێشکت بردمممممممم.
بڕۆ و ونبە. شێتت کردممممممممممممم، تۆ کێێێێێێێی؟
تاهێزم تێدابوو، بەسەرم دا گوڕاند.
سەیرم کرد، دوو گەنج بانگم دەکەم، مامۆستا مامۆستا؟
گوتم: چییە کاکە؟ چییبووە؟ هەستم کرد شتێک ڕوویداوە؟
خودایە، ئەوە چی بوو؟! من خەونم بینی؟ یان وڕێنەم دەکرد؟
ئەوەچی بوو؟!
هەربەڕاستی دەبێت جندۆکە دەستیان لنەوەشاندبم؟
خۆ داپیرەم و دایکم، بیرمە کاتێک منداڵ بووم، زوو دەیانگوت: فلانە ژنە، جندۆکە دەستی لێوەشاندووە. فیسار پیاو جندۆکە دەستی لێوەشاندووە !
هەبیت و نەبیت، یان ئەوەی منیش جندۆکەیەک دەستی لێوەشاندووم، یان من تووشی کابووسێکی مەترسیناک بووم !
ئای خودایە، من چیم بەسەر هاتووە؟!
خودایە فریام کەوە، گەرنا من ئیتر ئارامی و دین و ئیمانم لەدەست دەدەم.
خودایه، ئێستا من چیبکەم؟ خۆمن هەموو قورئان و چوار هەزار فەرموودەی پەیامبەریشم لەبەره و چوارساڵیشه یەک شەو نوێژم نەچووە.
باشه خۆ دەڵێن ئەو شوێنەی قورئانی لێ بێت، هەرگیز هیچ هێزێکی خراپ ناوێرێت ڕووی تێبکات و توخنی بکەوێت. ئەی بۆچی ئێستا جندۆکە و دەستی خراپ و هێزی شەڕانگێزی و کابووس، خەریکە ڕۆحم داگیردەکەن و لە ئاین و بیرو باوەڕەکەم، تووشی گومان و دەیان پرسیارم دەکەن !
خودایە فریام کەوە.
من چیم لێهاتووە؟ هیچ تێناگەم خودایە !
خۆزگە دەمزانی ئەو دەنگە سەگبابە کێیە؟ ئەو دەنگەی دەلێیت دەنگی فەیلەسوف و شتە. نا، نەخێر، هەرگیز نابێت ئەو دەنگە دەنگێکی ئاسایی بێت.
خۆ دەڵێن ئەهریمەن بە قەد هەموو دنیا زانست و زانیاری لایە و مەلا سەمەد زۆرجار دەیگوت: عیلمی هەموو دنیای لایە و هێندە زیرەکە، دەتباتە سەر ئاو و لێناگەڕێت قومێک ئاو بخۆیتەوە !
کوڕە دەولڵاهی دەنا ئەوە خۆیەتی !
ئێ باشه ئەوە گریمان ئەهریمەن خۆیەتی، باشە لەناو ئەو هەموو مەلا و فەقێ و خەڵکە، بۆچی هاتووە و یەخەی منی گرتووە؟
باشە من هێندە گرنگم؟ ئێ خۆمن پەیامبەر و شت نیم، تا بێت و من فریو بدات؟ من تازە فەریکە فەقێیەکم و هیچیتر. ئێ وایە، خۆمن حەزرەتی یۆسف و شێخی سەنعان و مەولانانیم، تا خودا وەک چۆن ئەمانی بە زولەیخا و ئۆرتینە و شەمس تاقیکردەوە. منیش بە دەنگێکی ئاوا نەگریس !
خودایە دەی تکایە تۆ پێم بڵێ: ئەو دەنگەچییە و بە دیاریکراوی چی لە من دەوێت؟