
گەڕەکە هەناریەکەی من ..
لێرەوە تۆ هەڵدەکەیت
دەبیتە چاخەکانی سەڕاب و
بە پەنجەکانی ئەسەفێک گیای گریانم دێنی و دەبەیت !
ئەو ڕۆژەی دەستت چووە باشوری چراکانی خۆتەوە
ئەو ڕۆژە ،ڕۆژی جوانەمەرگ بوونی باران و
ڕۆژی ونبوونی تاوسەکانی هەتاوو
ڕۆژی نەهاتنەوەی عەترە ،
بۆ گەڕەکە هەناریەکەی من !!
چەند ناخۆشە ؟!
مەغریبێک ، سەیوانەکەی سەری لێ تێک چووبێ
چراکەی پڕکا لەبیرەوەری من و
شەوانیش لای تۆ مەرکانەکانی پڕکـا لە ئەستێرە ؟!
چەند ناخۆشە ؟ !
هەورازەکانی شیعر ،
بەدەم وەشاندنی زیخەکانی یادگاری
بەردێک بەر شووشەی گۆڕستانی غەریبی ئەو نەکەوتبێ و
شەقامێک ، مۆسیقا سەری سپی نەکردبێ ،
کەچی هەمو بەردەکانی تەنیایی خۆی بگرێتە من !!
خوایە لەشەڕی تەنیایی چەند دەترسام ؟!
ئێستاش ،
وەک منداڵ شینم لەبەر پەنجەرەیەک هەڵدەلەرزێ و
پیاسە بەناو گەڵاکانی سەبردا دەکەم !
وەک شاعیرێک ،
بەوەنیە منی گریان
سەرم خستۆتە ناو ژووری دڵشکان و هەناردەگرم
ئێستاش، کەقەڵەم سەفەرێک بەناو تەمی مندا ڕێکدەخات ،
بەدەم چەقـچـۆی شیعرێـکـەوە وورد دەبم !!
محمدی مام ڕەسوڵ
٢١ / ١٢ / ٢٠٢٤