
غەمگین خدر
.....
بەسەرچووە، وەك چیڕۆكی ناو ساڵە قاتوقڕییەكان
بەسەرچوو، بۆنی دارچینی چایەی بن خانووە قوڕەكان
كەس بیری كولێرەی ناو تەندوور ناكات،
بیری قووقەقووقی كەڵەباب گۆرانی نۆستۆلۆژیای منداڵیمە
بیری سڵاوكردن بە دەستێكی پاك و دەنگێكی پڕ میهرەبانی
زەمەنی ئەوە نییە بە یەكزمان دەركەویت
خوێنی پیاوی ناو ڕەشەباكان/ وەك مانگ لە تاریكی ڕۆژگاردا دەردەکەوێت
ئێستانەكینێ ژیان ڕەش هەڵگەڕاوە
هاوڕێیەتی وانەی بیركاریییە
هەنگاوێك لە تۆ و دوو شەقاو لە من
نابێت پێویست بكات، ڕەنگت بە ڕۆژ بگۆڕی
نابێت پێویست بكات، ماسكەكان ڕەنگ بكەی
ئەو ڕۆژگارانەی پیاوی ڕەسەن بەدڵێكی سادە بەناو ژیانێكی قورس هەنگاوی دەنا، ئەو چركانە ئاهەنگی زۆڵییان گێڕا. هەموو شتێك تام و چێژی خۆی كردە پلاستیك/ ڕەسەنایەتی وەك چێشتێكی بێ خوێی لێهات.
تەنیایی پیاوی سەرڕاستی دەوێت
قەرەباڵغی ئیشی ئەوانەیە زمانیان وەك كولێرەی گەرم و بە ڕۆنە
بێزارم لە سبەی و ئەمڕۆش ناچمە دەرەوە.
دەرەوە دەستپێكی كارەساتە
نامەوێت لەناو خۆشمدا بێمە دەرەوە/ ناشمەوێت ئیتر كەس بێتە ناوەوەم و تەنیایی ڕاستەقینەم تێك بدات. سەرقاڵ دەبم بە پارچەكانی خۆمەوە/ سەرقاڵ دەبم بە شوێنپێی ئازارەكانمەوە/ ئەوەی ئازاری گەورەی نەبێت، ناتوانێت تەكانی گەورە بدات. هەتاكوو ورد و خاش نەبی، ناتوانیت خۆت خڕ كەیەوە.
ئێستا زۆر زۆر سەرقاڵم/ كاتم زۆرە بۆ فرۆشتن دەست نادەن
بە ڕیز بوەستن، دڵنیام پەلەتانە وەك گایەك بۆ جەژنی قوربانی خوێنم بڕژێت
تێنوویەتی زمانی تۆ بە ئاوی سووری من ناشكێت.
لە نێوان هەزار كەونەی دیكەیش
" ئەوەی هەیە وەك هەقیقەتێك ڕوونە/ ڕوونتر لە ئاوی چاوم. من گۆشتم بە كەڵكی ئەو شاعیرانە نایەت، تەنیا لەناو شیعردا شاعیرن، لەناو پارچەکانی خۆیاندا فریشتەیەكی زووڵملێكراو و لە دەرەوەی شیعریش زاڵمێكی دڵڕەش."