
سەیرە لەلام کێ وەکو تۆ ،
لەسەفەرێکدا مانگ ون دەکا ؟!
کێ وەکو من ،لەدڵڕەقی بــا
شیعرەکانی بۆ باران دەکا بەهەرمێ ؟!
ئاخر عیشق لەناوەرۆکدا شتێکی ترە !
لەولای هێڵەکانی مردنەوە
ئەو تازە خەریکی قرتاندنی ئاوریشمەکانی گزنگەو
تازە پاساریەکانی نەغمە
ڕادەسپێرێ بۆ یاخی بون !
ئێستا کوا چاخی گۆرانیە ؟!
لێرە سەردەمی بەقەرەج بوونی باخچەکانی عەترە
تازە من جارێکی تر لە ئێوارە ناگێڕمەوە
تا بێ وشووشەی لەیلاکانی لێرە بشکێنێ
سەیری گۆمی پەمەییم کـا !!
هەتا دەستێک دەهێنی
بەهەڵمی جامخانەی ئەو حەسرەتەم
حەزدەکەی باسمکە بۆ هەنار
تا باخێک شەکردانەکەی پڕدەکا لەمیوەی قسەو
لەززەتەکەی بەمۆمێکەوە دەهێنێ بۆ سۆفیەکی شەرمن !
تا درەنگ نەبووە ،
بۆ گۆرانیەکم بگێڕەوە ،
تاپرچەکانی لە ئاوازەکە دەئاڵێن !
کەلەکتێبی ترسەوە ،
خەتێک دەهێنی بەژێرمداو
بەبیانووی شتێک لەسێوێکدا لەتم دەکەی
بۆ ڕێواسێکم باسکە ،
تابەڕێکەوتیش پەنجە نەکاتەوە ناو درزەکانی بەهار !!
تاکۆچی دوایی باران ،
ڕۆژبەڕۆژ لەناومدا خۆت ڕادەخەی،
لەگەڵ هەموو برینداربونێکمدا
جلەکانت قسەدەکەن ،
ڕەنگی پرچت قسەیەکی تر !
هەر بینە دەستەکانم لەشیعردا وون بون
زۆرجار حەزدەکەم ئازارەکانمت پێوە نێم
خۆڵەمێشی هەموو شەوەکانت بۆ ڕاخەم !
گۆڕستانێک لە وشەو
ماڵی گریانێکت لەبەردەرگا دانێم !!