
شاخەوان عەلی حەمەد مامۆكی
قسەكردن لەسەر ئەدەبی منداڵان و ئەو جیهانە ئەرخەوانیەی منداڵان تێیدا ژیان دەكات و پێیدا گوزەر دەكات، ئەوە كەسی كارامەو پسپۆرو ئەكادیمی گەرەكە دەستی بگرێ، دروستی بكات و لەجەنجاڵیەكانی رۆژگار ببێتە دار عەساو بەئامۆژگاری جوان رێنوێنی بكات، چونكە ئەدەبی منداڵان دونیایەكی ئەوەندە فراوان و لەبن نەهاتووە، شارەزایی دەوێ تا لەقوڵایی دەریای ئەو جیهانەدا دوڕو گەوهەر دەربێنێ.
ئەوانەی بۆ گەوران دەنووسن، مەرج نییەئەوانەی بەتەمەن بچوكن لەونووسینانە تێیبگەن، بەڵام ئەوانەی بۆ منداڵان دەنووسن، هەم ئەوانە تێیدەگەن كە بچوكن هەم گەورەكانیش، لەم روانگەوە نووسەری بواری منداڵان دەبێ كەرەستەیەكی خاو و پێشینەیەكی باشی لەسەر قۆناغەكانی تەمەنی منداڵ لەبەردەستبێ وەك دەروونناسان ئاماژەیان پێیداوە، منداڵ لەقۆناغێكی دیاریكراو تەنها حەز دەكات دەست لەشتەكانی دەوروبەری بدات، لەقۆناغێكی دیكەدا دەست لەشتەكانی دەوروبەری بدات و لەقۆناغێكی دیكەدا لاسایی دەوروبەری بكاتەوەو....هتد.
منداڵ ئەوەندەی چێژو لەزەت لە ریكلامێكی ڕەنگاڵە وەردەگرێ، ئەوەندە چێژ لە فیلم و درامایەك نابینێ كە تەژیە لە سوود و وانەی پڕ مانا،.هەروەها ئەوەندەی چێژو لەزەت لە گۆرانیەك وەردەگرێ كە گورگ و رێوی و چی و چی رۆڵی تێدا دەگێڕێ نیوهێندە چێژو لەزەت لەو گۆرانیانە وەرناگرێ كە بەبەژن و باڵای كچێ یا خۆشەویستی خاك یا دیاردەو كەسایەتی و...هتد دەوترێ، بۆ شیعریش هەمان شت راستە.
لەم ماوانەی رابردوو نووسەرو شاعیری لاو، شاعیری هەست ناسك و بەسەلیقە مامۆستا (بەختیار كەڵهوڕی) شەشەمین كتێبی خۆی بەناوی (بەرەو خوێندنگا) لەدوو توێی چەنجاودوو لاپەڕە چاپ و بڵاو كردەوە كە نزیكەی چل شیعری ناسكی لەخۆگرتووەو بەزمانێكی سادەوساكاری بێ گرێو گۆڵ نووسیویەتی و یەكەمین شیعریشی بەناوی (بەرەو خوێندنگە)یە كە هەر ئەو ناونیشانەی كردۆتە ناونیشان و تایتڵی كتێبەكەی، وەكو شاعیر دەڵێت:
با هەموو بەیەك پۆشی
بەخەندەو رووخۆشی
پۆل بەپۆل و چین بەچین
بەرەو خوێندنگا بچین
كاتی پشوو بەسەرچوو
دڵخۆشین ئێمە هەموو
دەرگای زانین كراوە
نەزانین خۆی پێچاوە
لەهێلانەی هۆش و بیر
تێدەكۆشین ئێمەی ژیر
چونكە لەقوتابخانە
دوارۆژمان چرا خانە
مامۆستا بەختیار كەڵهوڕی جگە لەوەی كەسێكی پەروەردەكارەو لەئەزمونی خۆیدا چ وەكو مامۆستا، چ وەكو بەڕێوەبەر لەرۆژانی پێنجشەموان كاتێ قوتابیان ریزدەكرێن، بەپەیامێكی كورت و پوخت ئامۆژگاری و رێنماییان دەكات و بەرەو ئاڕاستەیەكی راست و دروست دەیانبات، فێریان دەكات چۆن رێزی خۆیان بگرن تا رێزی بەرامبەرەكەیان بگرن لە هاوپۆل و قوتابی و دایك و باوك و هەموو ئەوانەی لەو ژینگەیە گوزەر دەكەن، بەمەیش دەیەوێ ئومێدو هیوا لەدڵ و دەروونی منداڵان بچێنێ كە بەگەشبینیەوە بڕواننە ژیان، ئەوەتا لە شیعری (قوتابیم) ئەو پەیامە بەگوێمان دادەدا وەك دەڵێت:
ئەمساڵ منیش لە باخچە
جوان و ناسك وەك خونچە
بۆ قوتابخانە هاتووم
لەپۆلی یەك دانیشتووم
زۆر بەچاكی دەخوێنم
داری هیوا دەڕوێنم
مامۆستا بەختیار ئەو هیواو گەشبینیە بەخۆشەویستی خاك و نیشتمان پەیوەست دەكات كە ئینتیمامان بۆ وڵاتمان هەبێت، ئەوەتا لە شیعری (دەفتەرەكەم) دەنووسێ:
وشەی تێدا دەنووسم
بەخامەو بەپێنووسم
هەرچی رستەی جوانە
شایانی كوردستانە
شاعیر هەر بەوە ناوەستێ، لەبەسەرهات و رووداوەكانی رۆژگاردا نمونەیەكی جوانمان لە تابلۆیەكی سەرنجراكێش نیشاندەدات كاتێك گفتوگۆو دەمەتەقێی نێوان پیاوێكی بەساڵاچوو لەگەڵ مناڵێكی زیرەك دەیانەوێ سواری پاس ببن، لە زمانی ئەوانەوە دەدەوێ و دەڵێت:
لەچاوەڕوانی پاس بووم
بۆ قوتابخانە دەچووم
چاوم بەپیاوێك كەوت
لەبەردەمم دەركەوت
وەك من چاوەڕێی دەكرد
سڵاوێكی لەمن كرد
وتی: پاسەكەمان هات
گشتمان لەگەڵ خۆی دەبات
وتم: فەرموو پێش كەوە
تۆ سەرەتا سەر كەوە
وتی: سوپاس رۆڵەكەم
ئەی رۆڵە شیرینەكەم
رێزی گەورە دەزانی
بۆیە وا ڕەوشت جوانی
مامۆستا بەختیار هەر لەو رەوشت بەرزیەدا دەیەوێ منداڵان فێری ئەتەكێت وهونەری دەمەتەقێ بكات، بۆ نمونە من قسەم كرد تۆ گوێم بۆ بگری وەك چۆن تۆقسەت كرد من گوێت بۆبگرم و بەهات و هاوار قسەی خۆم بەسەرت نەخەم كە هەردەبێ قسەی منبێ:
كاتێك لەخۆم گەورەتر
دەردەبڕێ وشەی جوانتر
بەوردی گوێی بۆ دەگرم
قسەكانی پێ نابڕم
بەدەنگە دەنگ و هاوار
كەس لەخۆم ناكەم بێزار
چونكە جوانە پەروەردەم
بۆیە دڵخۆشم هەردەم
لەدوماهیدا شیعرەكانی (كارتی دەرچون – ئاوگرتنەوە – جەژنی منداڵان – ئەركی ماڵەوە – ساڵی نوێی خوێندن – زەوی – كلووی بەفر – كەمتەرخەمی – باخچەی ئاژەڵان و...هتد) هەموو ئەو شعرانە گوزارشتن بۆ دونیای منداڵان و بەزمانێكی سادەو ساكار نووسراون، هیوادارم ئەم كتێبە (بەرەو خوێندنگا) كەلێنێ لە كتێبخانەی كوردی پڕ بكاتەوەو چاوی منداڵ و قوتابی و خوێندكاران زاخاو بدات و ئاسۆی بیریان فراوان و رۆح و دڵ و دەرونیان ئارام و ئاسودە بكات.. بەهیوای بەرهەمی دانسقەو پوخت و پوختتر بۆ مامۆستا بەختیار دەخوازم.