
هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس
نووسەری دیاری كوردستان (حەمە ساڵح فەرهادی) ساڵانێكە لە بواری منداڵاندا دەنووسێت ، خاوەنی چەندین كتێبە لە چەند گۆڤاری منداڵان ،وەكو دەستەی نووسەران و سەرنووسەر كاری كردوه، لەم بوارەدا خزمەتێكی زۆری منداڵانی كوردستانی كردووە،هەر بۆئەم مەبەستە پێمان باش بوو لە نزیكەوە بە چەند پرسیارێك بەسەری بكەینەوە.
- هەرچەندە بەرێزتان نووسەرێكی دیاری كوردستانن، بەڵام پێمان باشە بەكورتی باس لە ژیانی ئەدەبی خۆت بۆ خوێنەرەكانمان بكەیت.
* ناوم (حەمە ساڵح مەلاسادق فەرهادی)یە بەڵام بە (حەمە ساڵح فەرهادی) ناسراوم لە ساڵی 1949 لە دایك بووم ،سەبارەت بە ژیانی ئەدەبیم یەكەمین بەرهەمی بڵاوكراوەم لە گۆڤاری (تیشك) بوو لە ساڵی 1969 دا بووە، وەكو رۆژنامەنووس لە چەندین دەزگادا كارم كردووە، وەكو:رادیۆی دەنگی هەولێرو رادیۆی گوڵان لە ساڵانی 1992- 1994 ، گۆڤاری (هەنگ) ی منداڵان لە 1993- 2011) ئەندامی دەستەی نووسەران و پاشانیش بۆماوەی (13) ساڵ سەرنووسەری گۆڤارەكە بووم،وەكو ئەندامی دەستەی نووسەرانی چەند گۆڤارێك و بڵاوكراوەدا كارم كردووه ، وەكو گۆڤاری (گوڵزار) گۆڤاری (چرۆ) ، گۆڤاری (نووسەری نوێ) وەكو دەستەی نووسەران پاشانیش سكرتێری نووسین،بڵاوكراوەی (لانە) ی منداڵان، بەشداریم لە كۆنگرەی دامەزراندن و كۆنگرەی دووەمی رۆژنامەنووسانی كوردستان كردووە لە هەولێر.
هەروەها،بەشداریم لە كۆنگرەی شەشەمی یەكێیتی نووسەرانی كورد كردووە كە لە ساڵی 2010دا لە سلێمانی بەستراو بە ئەندامی مەڵبەندی گشتی و پاشانیش بە سكرتێری كارگێری یەكێیتیەكە هەڵبژردرام،ساڵانی (1997-2006) بەربەردەوامی بەرنامەیەكی هەفتانەی منداڵانم بۆ رادیۆی(هەرێم) ئامادەكردووەو لەوماوەیەدا (445) ئەڵقەی بڵاوكرایەوە،تائێستا (20) كتێبم بەچاپ گەیاندووە،چەند كتێبێكی تریشم ئامادەن ،چاوەڕەیی دەرفەتی چاپكردنن، بەشداریم لە وەرگێران و ئامادەكردنی(8) كتێبی بەرنامەكانی خوێندنی بنەڕەتی و ئامادەیی كشتوكاڵیداكردووە، پێداچوونەوەی زمانەوانیم بۆ (8) كتێبی دیكەش كردووە، بەربەردەوامی لە زۆربەی لەرۆژنامە و گۆڤارەكاندا دا بابەت بڵاو دەكەمەوە .
- چۆن بوو، بواری ئەدەبی منداڵانت هەڵبژارد؟
* من هەر لە منداڵییەوە سەودای خوێندنەوەم هەبوو ، پاشانیش كە دەستم بە نووسین كرد،بابەتی لێكۆڵینەوە لەبارەی رۆژنامە نووسیی كوردییەوهەم هەڵبژارد ،پێش ئەوەی هیچ بابەتێكی تایبەت بە منداڵان بڵاوبكەمەوە، دوو كتێبیشم لە بارەی رۆژنامەنووسیی كوردییەوە بە چاپ گەیاندبوو.پێش ئەوەی گۆڤاری (هەنگ)یش دەربچێت لەسەر داوی هاورێی دێرینم كاك (مەولوود ئیبراهیم حەسەن) و بە هاندانی ئەو ،چەند بابەتێكی كورتم لە هەفتەنامەی(پەریستان)ی منداڵاندا بڵاوكردەوە.ئەو هەفتەنامە یە پاشكۆیەكی تایبەت بە منداڵان بوو،كە رۆژنامەی (كوردستانی نوێ) دەریدەچواند.
كەگۆڤاری (هەنگ)یش لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیرییەوە دەرچوو و دكتۆر مەولوود ئیبراهیم حەسەن بوو بە سكرتێری نووسینی گۆڤارەكەو لەسەر داوای ئەو لەیەكەم ژمارەی گۆڤارەكەدا بابەتێكم بە ناونیشانی (هەنگ)نووسی وئەو بابەتەلە دوای سەروتاری گۆڤارەكە،یەكەم بابەتی گۆڤارەكە بوو تێیدا چەند زانیارییەكەم لە بارەی هەنگەوە بۆ منداڵان بڵاوكردەوە.
لە ژمارە(2)ی گۆڤارەكەشەوە بەفەرمی كرام بە ئەندامی دەستەی نووسین، ئیتر تادوا ژمارەی گۆڤارەكە كەلە ساڵی (2011 دا تێیدا بەردەوام بووم ، پێنج ساڵ وەكو ئەندامی دەستەی نووسین و سێزدەساڵیش وەكو سەرنووسەر .
- ئەو بنەمایە سەرەكییانە چین ،كە پێویستە لە نووسینی ئەدەبی مناڵان دەبێ رەچاو بكرێت؟
* هەندێك بنەمای سەرەكی هەن، پێویستە لە نووسینی ئەدەبی منداڵانداڕەچاو بكرێت لە مانە:
1- بابەتەكە بە زمانێكی پاراو و منداڵانە بنووسرێت و ڕێنووسەكەی لەگەڵ ڕێنووسی كتێبەكانی بەرنامەی خوێندنی قوتابخانەكان بگونجێت،وشەكان لە فەرهەنگی منداڵەوە هەڵقوڵابن، بابەتەكە كورت بێت و درێژداریی تێدا نەبێت،بابەتەكان لە هەرجۆرێك بن، دەبێ بەشێوەیەكی پەروەردەییانە بخرێنە بەرچاو.
2- ئامۆژگارییەكان ،ئەگەر هەبێ ،راستەوخۆ و لە شێوەی ئەمر و نەهیدا نەبێت،رەچاوی ئەو بەهایانەی تێدا بكرێت، كە بوونەتە بنەما لە ئەدەبی منداڵاندا،بایەخ بە سایكۆلۆجییەتی منداڵ بدرێت،دابونەریتی رەسەنی كوردەواری و جیهانی بە منداڵان ئاشانا بكات.
3-متمانە بە خۆكردن لای منداڵ بەهێز بكات،مێژوو و شوێنەوار و ناودارانی و ڵات بە منداڵان بناسێنێت، بەتایبەتی ئەو ناودارانەی خزمەتێكی بەرچاوی منداڵانیان كردووە،بەها رۆحییەكان لای منداڵ خۆشەویست بكات،بایەخێكی تەواو بە منداڵە بەهرەدارەكان بدات و بەهەرمیان بڵأوبكرێتەوە،گەورەو بچووكیی پیتەكانی لە گەڵ تەمەنی مەندال بگونجێت.
4- بابەتەكان نەتەوەیی بێ وجیهانی بێت بەڵام نەخرێتە ناو قاڵبی حزبایەتییەوە،بایەخدان بە بابەتەكانی خۆ خافڵاندن و زاخاوی مێشك و كات بەسەربردن بدرێت ، دووركەوتنەوە لەو بابەتانەی كە گیانی دووبەرەكی و شەڕخوازی و تاوان لە ناخی منداڵدا زیاد دەكات .
5-باشتر وایە لاپەرەكانی بڵاوكراوەكان ڕەنگاوڕەنگ و وێنەداری بن و نرخی چاپەمەنییەكان گونجاو بێت و زۆربەی منداڵان بتوانن سوودی لێوەربگرن.
- نووسەرانی تێكستەكانی ئەدەبی مەنداڵان (هۆنراوە،چیرۆك، ئۆپەرێت،شانۆگەری..) لە كوردستان چۆن هەڵدەسنگێنیت؟
* دیارە تێكستەكانی ئەدەبی منداڵان،بە تایبەتی ئەو ژانرە ئەدەبییانەی كەباست كردوون(هۆنراوە،چیرۆك، ئۆپەرێت،شانۆگەری)، وەكو هەموو تێكستە گشتییەكانی دیكەی ئەدەبی كوردی ، هەموویان لەیەك ئاستدا نین، تێكستی باش و سەركەوتوو ومنداڵامان هەیە، هەروەكو بە پێچەوانەشەوە تێكستی ئاست نزمیشمان هەیە، تەنانەت، لەم چوار جۆرە تێكستەشدا ،هۆنراوە،چیرۆك،پێش ئۆپەرێت و شانۆگەری كەوتوون وئەم دووانەی كۆتایی هێندە ئاوڕیان لێنەدراوەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ،ناتوانین بڵێین ئەو بڕیارە رەهایە و بۆ بڕیاری وردتر ،پێویستە بابەتەكانی هەرنووسەر و شاعێرێكی بواری منداڵان بە جیا هەڵبسەنگێندرێت.
بەگشتی ئێمە شاعیر و نووسەری بواری منداڵانمان بەپێی ژمارەی منداڵان نییە، تەنانەت ژمارەیان لە ژمارەی ئەو شاعیر و نووسەرانەش كەمترە كە كار بۆ ئەدەب بەگشتی دەكەن.
ئەگەر دەزگایەكی بە توانای فەرمی هەبێت و بایەخ بە بەرهەمی سەركەوتووی تایبەت بە منداڵان بدات و كێشەكانی چاپكردن و بڵاوكردنەوەیان لە ئەستۆ بگرێت، ئەدەبی منداڵان هەنگاوێكی دیكە دەچێتە پێش.
- لەوماوەیەدا چەند نووسەرێكی منداڵ لە كوردستان بەرهەمەكانیان لەچوارچێوەی نامیلەكەدا بڵاوكردەوە، پێتان وایە ئەگەرنووسەر منداڵ بێت بۆ منداڵ بنووسێت كاریگەری زیاترە لەوەی گەورە بنووسێت؟
* ئەگەر داتایەكی ورد و ڕاست هەبێت سەبارەت بەو كەسانەی كە بۆ مندڵان دەنووسن ،چ گەورە بن یان منداڵ ،بەدیار دەكەوێت كە ژمارەی ئەو كەسانەی بەسەركەوتوویی بۆ منداڵ دەنووسن زۆركەمە ! چونكە بەپێی بەندی یەكەمی مافەكانی منداڵان ، كە پێناسەكراوە(منداڵ ئەو مرۆڤەیە كە تەمەنی لە 18 ساڵ تێنەپەریبێت).
كەواتە بەپێی ئەو پێناسەیە ، زیاتر لە چواریەكی دانیشتووان منداڵن و پێویستیان بە ژمارەیەكی زۆر لە ئێستا زیاتر هەیە كە كاری بۆبكەن.دەمێنێتەوە ئەوەی ئایا گەورە بۆ منداڵ بنووسێت باشترە، یان منداڵ بۆ خۆیان بنووسن.دەتوانین بڵێین ،ئەگەر ئەو ژمارە پێویستەمان لە منداڵی بەهرەمەند و بەتوانا هەبێت،باشترە مەنداڵ بنووسێت،بەڵام ئایا ئەو ژمارەپێویستەمان هەیە؟ بێگومان نەخێر.
هەندێك كەس وا دەزانن نووسین بۆ منداڵ كارێكی ئاسانە ! بەڵام وانییە زۆرر زەحمەتترە لە نووسین.
بۆ گەورە، بەرپرسیارییەتیشی زیاترە.بەپێی ئەزموونی بەندە لەو ڕووەوە ، زۆر جار هەست دەكرێت، كەئەو نووسینانەی بەناوی منداڵان بڵاو دەكرێنەوە، دەستی گەورەشی تێدایە .تەنانەت وەكوو ئەزموون لەوماوە زۆرەی كە لە گۆڤاری (هەنگ) دا كارم كردووە، زۆرجار باوكێك یان دایكێك، چەند بابەتێكی منداڵانی هێناوەو گوایەهەر بابەتێك یەكێك لە منداڵەكانی نووسیویەتی!
لێرەدا ئەمە دەبێتە مایەی پرسیار،كەئەو ماڵە چۆن لەیەك كاتدا ئەو هەموو ننووسەرە منداڵەی لێ هەڵكەوتووە؟!پێویستە بوار بە منداڵ بدرێت كە ئەوەی دەیەوێ بینووسێت لەو رووەوە هان بدرێت و هەوڵ بدرێت پەرە بە بەهرەكانی بدرێت ، بەڵام چاودێریش بكرێت، لەگەڵ ئەمەش دا ناتوانین نووسینی گەورە بۆ منداڵان فەرمۆش بكەین وبەهەند وەرینەگرین، بە تایبەتی ئەو نووسەرانەی كە توانیویانە بە سەركەتوویی بچنە ناوجیهانی منداڵانەوە.لەلایەكی دیكەوە، گەورە بەرپرسیارە لە زۆربەی شتەكانی تایبەت بە منداڵ "ناوی ، پەروەردەی ، خوێندنی ، ژیانی ، جل وبەرگی ،پێداویستیەكانی و چەندین شتی دیكەش، چی تێدایە ئەگەر بتوانێت بەرپرسیارییەتیی نووسینیشی بۆ بخاتە ئەستۆی خۆی.
- سیستەمی پەروەردەی هەرێمی كوردستان تاچەند لە خزمەت پەروەردەی منداڵان دایە؟
*ئەمە پرسیارێكی گرنگە ، منداڵ وپەروەردەی دروست ،واتە ئایندەیەكی گەش و ڕووناك.بەداخەوە ئێمە سیستەمی پەروەردەمان بەو شێوەیە نییە كە لەگەڵ گۆرانكارییەكانی سەردەم بگونجێت.
ئەگەر بەراودێك لە نێوان ئێستاو(25-30) ساڵ لەمەوپێش بكەین ،پێشكەوتنێكی ئەو تۆ نابینین، چ لە ڕووی بینای قوتابخانە و چی لەڕووی بەرنامەكانی خوێندن و چ لە ڕووی ژمارەی مامۆستایان و چ لەڕووی كردنەوەی خولی بەردەوام و شیاندن بۆ مامۆستایان و كارمەندانی كەرتی پەروەردە و چ دانانی بەرپرسانی پەروەردە لەسەر بنەمای ئەزموون و لێهاتووییان،ئێستاش دوو دەوامی لە بینایەی قوتابخانەكاندا زۆرە و ژمارەی قوۆتابییانی هەرپۆلێكیش زۆر لە پێویست زیاترە ، چەند ساڵە وە كوو پێویست مامۆستا دانەمەزراون و جێی ئەوانەی خانەنشین دەكرێن بە مامۆستای تازە دامەزراو پڕ ناكرێتەوە.لەگەڵ ئەمەشدا دەبینین قوتابخانە ئەهلییەكان بەردەوام لە زیادبوون دان ، ئەمەش هەر بۆ منداڵە دەستڕۆیشتووەكانە،نەك بۆ هەمووان.
بەڕای من پێویستە پێداچوونەوەیەكی خێرا بۆ چاكسازی لە كەرتی پەروەدەدا بكرێت و بتوانێت لەگەڵ ڕەوتی خێرای سەردەم دا بگونجێت.بەداخەوە لە ئێستادا ژمارەی نەخوێندەوارانمان لە پێشان زیاترە.
- چۆن منداڵان رابهێنن لە خوێندنەوە، رۆڵی قوتابخانە و خێزان دەبێ چۆن بێت؟
* قەیرانی كەم خوێندنەوە قەیرانێكی گشتییە و تەنیا تایبەت نییە بە منداڵان.ئێستا بە هۆی زۆری ژمارەی كەناڵە تەلەفزیۆنەكان و ئینتەرنێت و فەیسبووك و لقوپۆپەكانی و هەموو هونەرە تازەكانی ئەم بوارەوە ،كە منداڵان بەتەواوی خوویان پێوە گرتووەو بووەتە بەشێك لە ژیانی ڕۆژانەیاندا،ئاگایان لە خوێندنەوە نەماوە.سەرەرای ئەمە منداڵ ئەگەر لە خێزانێك بێت كە گەورەكانی كتێب نەخوێننەوە، دەبێ چاوەڕێی چی لێبكرێت؟!
بەداخەوە زۆربەی گەورەكان ئامادەن دەیان جۆری دیاری بۆ منداڵەكانیان بكڕن،كەهەندێكیان زیانیشیان پێدەگەێنێت، وەكو یاریی چەك وتەقەمەنی و جۆرەكانی تر ، بەڵام بیر لەوە ناكەنەوە كە جارێك كتێبێك ،یان گۆڤارێكی منداڵانەیان بە دیاری بۆ ببەنەوە و لەسەر خۆشەویستیی كتێب خوێندنەوە رایان بهێنن.
- تاچەند لەگەڵ ئەوەی لە قوتابخانە لە ماڵ ،كتێبخانە هەبێت؟
* كتێبخانە یەكێكە لە پپێداویستییەكانی سەردەم ، دەبێ هەرماڵێك كتێبخانەیەكی ئاسایی تێدا بێت و بتوانرێت سوود لە كتێبخانە وەربگیرێت،ئەگەر وابێت ئەو ماڵە بە ماڵێكی زیندوو ئاوادەن و پێشكەوتوو دادەنرێت.
قوتابخانەش ، كە ماڵی دووەمی منداڵەو شوێنی پەروەردەو فێركرنیەتی و منداڵ كاتێكی زۆر لەوێ بەسەر دەبات ، پێویستە كتێبخانەیەكی هەبێت و ژمارەی كتێبخانەكەش لەگەڵ ژمارەی قوتابییانی قوتابخانەكە بگونجێت.
- چیرۆك خوێندنەوە بۆمنداڵ پێش خەوتن تا چەند گرنگ و پێویستە؟
* چیرۆك یەكێكە لەو ژانرە ئەدەبییانەی كە كاریگەریی زۆری لەسەر منداڵدا هەیە.ئێمە لەبیرمانە لەسەردەمی منداڵیمان ،چۆن شەوان پێش خەوتن ،دایك و داپیرە، یان هەركەسێكی دیكەی هەندێك بەتەمەن و ئەزموون ، چیرۆكیان بۆ دەگێراینەوە و ئێمەش بە تاسەوە گوێمان لێ ڕادەگرتن،هەتالە ناوكەشوهەواو كاریگەریی چیرۆكەكەدا خەومان لێدەكەوت.جاران بەهۆی ئەوەی هۆیەكانی كات بەسەر بردن و خافڵاندن وەكوو ئێستا نەبوون ، ئەندامانی خێزان ،هەموویان لە كاتێكی گونجاو و زوودا،دەچوونە سەرجێگا و دەخەوتن . بەڵام ئێستا باردۆخەكە بەگشتی گۆڕاوەو دەتوانین بڵێین ئەندامانی خێزان وەكوو جاران ئاگایان لەیەكتر نییە و هەریەكەو لە ژووری خۆیەتی ،خەریكی یارییە سەردەمەكانەو ئاگای لە دەرەوە نییە.
ئەو دووجۆرە ژیانە،دووجۆری جیاوازن و ئەگەر خێزانێك بتوانێ هەردوو جۆرلەیەكتر نزیك بكاتەوەو لەگەڵ یەك بیانگونجێنێت، كارێكی باشە ،دەنا لەوانەیە پاش چەند ساڵێكی دیكە پێوەندییە ئاساییەكانی نێوان ئەندامانی خێزان،وەكوو ئێستاش نەمینێت.
- ئامۆژگاری و رێنمایی بەرێزتان ، بۆ منداڵان چیە؟
* بەهۆی ئەوەی ئەم بڵاوكراوەی ئێوەزیاتر تایبەتە بە گەورە، نەك منداڵ پێموانییە منداڵ زۆر بیبینێت، بۆیە رووی دەمم دەكەمە خوشك وبراگەوەرەكان، نەك خوانەخواستە وەكوو ڕینماییكردنیان ، بەڵكو بۆ زیاتر بەبیرهێناوەو دیارخستنی ڕاستییەك لە بارەی منداڵانەوە، ئەویش ئەمەیە:ئەگەر ئێمە دەمانەوێ ئاییندەمان لە ئێستادا باش و ڕۆشنتر بێت، با بەهەموومان ،چ تاك ، چ رێكخراو ،چ دەزگا پێوەندیدارەكانی حكومەت بەشێوازێكی سەرەدمییانە و پەروەردەیەكی ڕەسەن و گیانێگی نەتەوەیی و دوور لە دەمارگیری ،مامەڵە لەگەڵ منداڵاندا بكەین، چونكە پاش چەند ساڵێكی دیكە، منداڵانی ئەمڕۆ گەورە دەبن و جێگەی ئێمەی ئێستای گەورە دەگرنەوە، لە بەرزترین پلەوە تا دواترینیان.
لە كۆتاییدا بەهیوای ژیانێكی شەڕەفمەندانەو پەروەردەیەكی ڕەسەن بۆ منداڵان و ئاییندەیەكی گەش و ڕووناكیش بۆ كوردستان.