
حەمەسەعید حەسەن
کە بەختەوەری وەک هەر کاڵایەک دەبێتە کۆیلەی ڕێساکانی بازاڕ، ئیدی ئالان بادیۆ، وەک فەیلەسووفێک قسەی خۆی دەبێت و جیاوازیی نێوان بەختەوەریی ڕاستەقینە و هی درۆینە دێنێتە بەر باس. بەختەوەریی ساختە، بریتییە لە تێرکردنی خەڵکی دارا، لەڕێی هەندێک کاڵاوە کە هەمان ڕۆڵی دەرمانی ئازارشکێن و هێورکەرەوە دەبینن. لە سەروەختێکی وادا، ئالان بادیۆ دێت، باسی خۆشییەکی ڕاستەقینە دەکات، ئەو خۆشییەی کە زادەی عیشقە و بەرهەمی چێژوەرگرتنە لە هونەر، ئەو خۆشییەی گەڕان بە دوای زانستدا، یان سەرقاڵبوون بە خەباتەوە بۆ گۆڕینی دونیا، پێمانی دەبەخشێت.
بەڵام ئەوە چییە وای کردووە، ئالان بادیۆی فەیلەسووفی هاوچەرخی فەرەنسایی، کتێبەکەی لەبارەی بەختەوەرییەوە، ناو بنێت: مێتافیزیکی بەختەوەریی ڕاستەقینە؟ بۆچی میتافیزیک لە سەردەمێکدا کە لەمێژە جاڕی مەرگی میتافیزیک دراوە؟ بۆچی بەختەوەرییەکی ڕاستەقینە؟ چونکە ئەوەی سەروەرە، بەختەوەرییەکی ساختەیە. بادیۆ لە ڕابردوودا، گەلێک جار لە سێ وێستگە لای داوە: ڕووداو، حەقیقەت و خود. لای ئەو حەقیقەت شتێکە ڕووی داوە، یان ڕوو دەدات، مەسەلەیەکی تیۆریی نییە، لێی ڕابمێنین، لێکی بدەینەوە و بیسەلمێنین. لای وی حەقیقەت شتێک نییە، حازربەدەست، نەگۆڕ، جێگیر و کۆتایی پێ هێنراو، بەڵکوو شتێکە لە کرۆکی ڕووداوێکەوە هەڵدەقوڵێت، ئەمەیش ناکۆکە لەگەڵ بۆچوونە نەریتخوازەکە کە دەیگوت، حەقیقەت زادەی تەبایییە لە نێوان چەمک و بابەتدا.
حەقیقەت لای بادیۆ ئەوە نییە، بە ناوی گەردوونیبوونەوە، ئامێزی بۆ فاشیزم واڵا کردووە، گەڕان نییە لە دووی قازانج، بەڵکوو وەفایە بۆ برەودان بە خەباتی بەردەوام لە دژی هەموو ئەو ڕێکارانەی وەڵاتان دەکەن بە بازاڕێکی گەورە و بەرینی سەرمایەداریی هاوچەرخ و میللەتان دەکەن بە ئامێرگەلی بەرخۆر. حەقیقەت شتێکە بینەرانی پاسیڤ هەستی پێ ناکەن، بەڵکوو بکەرانی لە چەشنی هونەرمەند، خەباتگێڕ، زانا و ئەڤیندار کە لە کۆششدان بۆ بەدیهێنانی، دەرکی پێ دەکەن، ئاخر حەقیقەت هەوڵدانە بۆ وەدەستهێنانی شتێک کە هێشتا نییە.
ئەگەر پشت بە فەلسەفە نەبەستین، ئەستەمە جیاوازیی لە نێوان بەختەوەریی ڕاستەقینە و هی تێربووندا بکەین، ئاخر ئەوە فەلسەفەیە هانمان دەدات، دەست لە گەڕان بەدووی حەقیقەتدا هەڵنەگرین و ئەوە فەلسەفەیە پێمان دەڵێت: بەختەوەری ئەوەیە، عاشقی گۆڕینی دونیا بین و بەوەفا بین بۆ ئەو عیشقە. فەلسەفە فێرمان دەکات، ئەوەی پێی دەڵێن دونیای ئازاد، هیچ نییە لە کارگەیەکی زەبەلاح بەولاوە، بۆ بەرهەمهێنانی بەختەوەرییەکی ساختەی بەکاڵاکراو. فەلسەفە بەرچاومان ڕۆشن دەکاتەوە بۆ ئەوەی بزانین دونیای بەناو ئازاد، ئەو بەهەشتە نییە کە ئینسان هەقە خەونی پێوە ببینێت، چونکە دونیای بەرهەمهێنانی کاڵایە، نەک دونیایەکی ئازاد، دونیای بەرخۆرییە، نەک دونیای بەختەوەری، دونیایەکە لە کاڵا، ڕەنگە زۆرێک لە پێویستی و ئارەزووەکانمان تێر بکات، بەڵام ناتوانێت بەختەوەرییەکی ڕاستەقینەمان بۆ دابین بکات، چونکە گردێک لە کاڵا، نابێتە هەوێنی گەردێک لە بەختەوەرییەکی ڕاستەقینە و ترۆپکی خۆشی ئەوەیە، بەوەی شکی دەبەیت، قایل نەبێت و خەون بە دونیایەکی خۆشترەوە ببینیت.
ئەرکی فەلسەفە ئەوەیە، دەستبەرداری حەقیقەت نەبێت، هەمیشە پێوەندیی نێوان خۆی و حەقیقەت، لە دونیایەکدا کە لەسەر بناغەی ساختە ڕۆ نراوە، پتەو ڕابگرێت. ئەوە کارەساتە لە دونیایەکدا کە درۆ زاڵە، فەلسەفە لە گەڕان بەدوای حەقیقەتدا نائومێد ببێت. ئەگەر فەلسەفە بایەخ بە حەقیقەت نەدات، شارستانیی بەرهەمهێنانی کاڵا، هێندەی تر خۆی دەچەسپێنێت، بۆیە خەباتی شەیدایانی بەختەوەریی ڕاستەقینەی ئینسان، دەبێت لەپێناوی گەردوونیبوونێکی نوێدا بێت، جێی ئەم جیهانگیرییە ترسناکە بگرێتەوە کە فاشیزمی بەرهەم هێناوە و ئینسانی بە شتومەک کردووە.
ئالان بادیۆ جاڕی فەلسەفەیەکی جیاواز لە لێکدانەوەخوازی، شیکردنەوەخوازی و هەڵوەشاندنەوەخوازی دەدات کە لە کۆتایی سەدەی ڕابردوودا تووشی مایەپووچی هاتن، بانگاشە بۆ ڕێبازێکی دیکەی فەلسەفە دەکات کە بەگژ لۆگیکی فرەکاڵاییدا دەچێتەوە و پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، ئەگەر فەلسەفە عەوداڵی حەقیقەت نەبێت، ئەوا بەختەوەریی ڕاستەقینە، مەحالە بەدی بێت. بۆچی پێویستمان بە فەلسەفەیەکی نوێ هەیە؟ بادیۆ وەها وەڵام دەداتەوە:
(*) چونکە زانستە ئینسانییەکان بە هانای کۆمەڵەوە نەهاتن.
(*) چونکە خود لە بەرانبەر چیندا هەرەسی هێنا و ژیانی هاوبەشیش چەمکێکی بێ کرۆک بوو.
(*) چونکە هەڵچوونی دینی و نەتەوەیی جێیان بە عەقڵانیبوون لێژ کرد.
(*) چونکە دونیای ئازاد، بریتییە لە خۆپەرستییەکی خۆرئاوایی.
لە ڕوانگەی بادیۆوە، بەختەوەر کەسێکە، گۆڕینی دونیا بخوازێت، بەختەوەری زادەی پێکگەییشتنە لەگەڵ حەقیقەتێکی زانستی، هونەری یان سیاسی، نەک زادەی تێربوون. خود ناتوانێت بەختەوەریی خۆی لە واقیعی زاڵدا ببینێتەوە، ئاخر بەختەوەریی ڕاستەقینە زۆر لەوە باڵاترە، تەنیا لە درێژەدان بە ژیاندا چڕ ببێتەوە. بەختەوەری ئەو خۆشییەیە، ئەڤینداران وەختی هەستکردن بە ئەڤین پێی دەگەن، ئەوەیە هونەرمەند بەدەم داهێنانەوە، هەستی پێ دەکات و ئەوەیە دەست لە ملی مەحاڵ بکەین. بەختەوەری ئەوەیە بەوەفا بین بەرانبەر بە مەحاڵ، چاوەڕێ نەبین و هیچ کۆسپێک نائومێدمان نەکات، ئاخر چاوەڕوانی و نائومێدی کۆیلە بەرهەم دەهێنن.
تەنیا خودێک دەتوانێت، بەختەوەری بەرهەم بهێنێت و چێژی لێ وەربگرێت، کە شتێکی دەگمەن دابهێنێت، شتێک دژی واقیع. بەختەوەری ناتوانێت تایبەت بێت بە ناسنامەیەک، بەڵکوو بە ڕووی هەموواندا کراوەیە، وەک چۆن ئەڤین و کاری هونەری و داهێنانی زانستی، شتگەلێکی تایبەت نین بە کەسێک یان نەتەوەیەک، بەختەوەرییش وەهایە، نیشتمانی نییە. بەختەوەری ئەوەیشە، بە واقیعی زاڵ ڕازی نەبین و وێڵی دوای ژیانێکی ڕاستەقینە بین.
هەمیشە ئەگەری گەییشتن بە بەختەوەری هەیە، بە مەرجێک بەرچاومان ڕۆشن بێت، جیاواز و نوێ سەرنجی دونیا بدەین، واقیعی زاڵ بە کۆتایی دیرۆک و بە دوا هەوار نەزانین، پڕ بدەینە مەحاڵ و بە دەستی خۆمان کۆشکی بەختەوەری ڕۆ بنێین. ئەگەر فەیلەسووف، بەختەوەریی تێربوون ڕیسوا بکات، چی دی ملکەچی گێڕانەوە خەمناکەکان نەبێت و فەلسەفە لەگەڵ حەقیقەتدا ئاشت بکاتەوە، گەیشتن بە بەختەوەریی ڕاستەقینە، مومکین دەبێت نەک مەحاڵ.
*
(*) د. أم الزین المسکیني، ألان بادیو، السعادة متعة المستحیل.
(**) Alf Rehn, Badiou – en svår filosof i en lättviktig tid, Svenska Dagbladet 26 feb 2007 Stockholm.