حەوشەی بۆن و شیعر و جوانی..

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

 

 حەشەکەمان پڕ لە بۆنی خۆشەویستی و ڕەشەڕێحانەی جوانی بوو

شیعر دەهات هەموو ڕۆژێ بەسەتڵێ ئاوی باوەڕ و مرۆڤدۆستی

ئاوڕشێنی بەر هەیوان و ڕاڕەوەکەی بۆ دەکردین

خەیاڵ سۆندەی لە بۆڕی جوانی دەبەست و

سەری باڵندە شەرمن و بێکەسەکانی دەشووشت و

دەیخستنە بەردەم هەتاو و خۆری ژیان

چیرۆک دەهات لەناو حەوشەی ماڵی ئێمە دەبووە ڕاستی

خوشکەکانم دڵدارییان لەگەڵ خەم و بێکەسی خۆیان دەکرد و

یەک یەک دەبوون بە ئەفسانە و

دەچوون لەناو قژی مێژوو دەبوون بە چیرۆکی ئومێد

حەوشەکەمان تەنها دەرگایەکی هەبوو، دەیڕوانییە سەر کێڵگەیەک لە جوامێری و

دەشتاییەک لە ئاوازە بەسۆز و ئاوارەکانی ئەم مەملەکەتە بێڕەنگە

دەرگای حەوشەکەمان ئێستا لەسەر پشتە و

کراوەیە بەڕووی ڕۆمانی تەریوو و شیعری ونبوو

کراوەیە بەڕووی کچانی نێو سەفەر و کۆچەکان

ئاگادارن.. یەک یەک هەموو بینیتان چۆن

ڕووبارەکان هاژەیان کرد و ڕۆیشتن

بێ ئەوەی گوێ لە ئاخ و ناڵەی خەمخۆریی و بێدەربەستی ئینسان بگرن

شەقامەکان پڕ ڕێبوارن و هەر کەس حیکایەتێک دەیبەستێتەوە بە بوون و

هیچ کەس ئاگای لە دڵی پڕ برینی ڕەشپۆشەکانی حەوشەی پڕ نهێنی نییە

وەرزەکان هاتن و چوون و باڵندەکان سەفەریان کرد و هاتنەوە

تەنها فرمێسکی چاوانی دایکم نەبێ ئەمێستاکەش

قەتیس قەتیس لەگۆشەی چاو دەڕوانێتە دەرگای حەوشە

هەتا ئومێد، هیوا، ئاوات بێنەوە ماڵ.

دایکم ڕۆیی و مێژوو لەگەڵ خۆی هەڵیگرت

باوکم سەفەر کردی بە ڕێبواری ڕێگای دۆزینەوەی بەختەوەری

خوشکەکانم یەک یەک لەگەڵ گوڵ و مانگ و ئەستێرەکان بوونە هاوڕێ

براکەشم دەڵێن هەتاو دڵڕەقانە بۆ خۆی بردی

تەنها من لەم حەوشە گەورەیەی خەیاڵ و بیرەوەری ماومەتەوە

بەدەم سروودی جەنگەکان دەستی شیعر و بۆنی گوڵم بەدەستمەوە و

دەبمە هەوری سەر ئاسمانی قەسیدەیەک لە بێکەسی و بێ سەفەری

دەبمە خولیا و دەڕۆم ترۆپکی شاخەکان دەکەم بە ژوانی خەیاڵ

دەبمە فڕین .. ئاسمانی حەوشە پڕ دەکەم لە شەقەی باڵ

دەبمە جوانی لەناو دڵ و نیگای ژیان

بۆ هەمیشە دەبمە خۆرەتاوی یەکسانی و ئازادی ئینسانەکان.