
كاتێ كە ئەگەی شەستە دائەكا
تەرزە كێڵگەكان سپیڕێژ ئەكا
دڵم لە تاوان سینە جیدێڵێ
لوتكە و دۆڵەكان
بۆ نووشتانەوە سەرەولێژ ئەكا
فەزا پڕ ئەبێ لە سەمای مەلان
خاك دائەگیرسێ و ئەدرەوشێتەوە
گیا سەوزایی
بەسەر گەڵا و گوڵ ئەبەشێتەوە
ئاسمان شوێنی خۆی
لەگەڵ زەویدا ئەگۆڕێتەوە
گوڵەگەنمەكان پڕ لەشیر ئەبن
لەبەر ترووسكەی تاجی سەری تۆ
دوچاری دەستی ڕم و تیر ئەبێ
كاتێ كە ئەگەی
ئەی باغی تیشك و كانیی ڕووناكی
چی خەنیم هەیە
ئەكەوێتە ناو گۆماوی گومان
غوربەتی سینەم ئەتاوێتەوە
ئاسمان پڕ ئەبێ
لە بۆنی خاك و جیلوەی نیشتمان
کاتێ کە ئەگەی .
کەریم دەشتی