چەند شاعیرێک بە نموونە

 

ئەرسەلان حەسەن

 

نەورۆز، جەژنێکی کۆنی کۆمەڵگای کوردەوارییە و هەموو ساڵێک لە (بیست و یەکی سێ)، واتا لە یەکەم ڕۆژی سەرەتای ساڵی کوردی، گەلی کوردیش وەک هەموو ئەو گەلانەی بەچاوی جەژنێکی نەتەوەیی و نیشتمانی و پیرۆز لە جەژنی نەورۆز دەڕوانن، لە هەموو سەردەم و کاتێکدا بەگرنگییەوە لەم جەژنەیان ڕوانیوە و لەویادەدا بە کردنەوەی ئاگر و سازدانی ئاهەنگ و چوونە دەر و دەشت و سەیران،ئەوڕۆژەیان پیرۆز کردووە، بە واتا باوەکەی ڕۆژێکی نوێ و نەمانی سەرما و سۆڵە و هاتنی وەرزی بەهار و دەستپێکردنی ژیانێکی نوێ دەگەیەنێت.

لە ناو نووسەرانی کورد (ئەحمەدی خانی یەکەم نووسەری کوردە، بە کوردی باسی داب و نەریتی نەورۆزی کردووە و بە نەورۆز دەڵێت (مەرسومێ قەدیمێ کوردستانی)، واتا بۆنەی کۆنی کوردستانی)١. هەر چەند نەورۆز لە ناو ئایینەکاندا پێگەی تایبەتی خۆی هەبووە، بەڵام لە ئایینی یارسانیشدا نەورۆز بۆنەیەکی گرنگە و جێی بایەخی تایبەتی بووە و (تەنانەت دەفتەری نەورۆزیان ھەیە و دەروێش نەورۆز سۆرانی یەکێکە لە پیرەکانیان)٢.

گومان لەوەدا نییە کە نووسینی هۆنراوە بۆ نەورۆز لەدوای ڕاپەڕینەوە جیاوازە لەو هۆنراوانەی نەورۆز کە پێش ڕاپەڕین نووسراون، چونکە کردنەوەی ئاگری نەورۆز و یادکردنەوەی لەسەردەمی پێش ڕاپەڕین و هەژموونی حکومەتی عێراقی ئەوکات لەگەڵ ئێستادا کە ئەو هەژموونە بوونی نەماوە و نییە و هەموو تاکێکی ئەم هەرێمە کە بیەوێت ئەم یادە بکاتەوە، دەتوانێت بەوپەڕی ئازادی و چۆن و بە چ شێوازێک بیەوێت، دەتوانێ ئەو یادە بکاتەوە و هەستی خۆی بەرامبەر بەم جەژنە دەربڕێت.زۆربەی شاعیرانی کورد بە گشتی ئاوڕییان لەم بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییە داوەتەوە و هۆنراوەیان بۆ جەژنی نەورۆز و ئاهەنگی نەورۆز و بەهارو سەری ساڵی کوردی و یادی ئەو ڕۆژە و بە تایبەت بەمەبەستی ناساندنی ئەم بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانیی و سەری ساڵە بە منداڵان و مێرمنداڵان، هۆنراوەی نەورۆزییان نووسیوە و هەر یەکەیان بەجۆرێک و بەپێی تێڕوانینی خۆیان لەهۆنراوەکەیان دا، ئەو ڕۆژەیان پێ ناساندوون. لەمبارەیەوە هـۆنـراوە نووسی عـەرەب، سلێمـان ئەلعـیسا دەڵێت: "بـۆ ئەوەی منـداڵان زمـانەکەیان خۆش بووێـت، نیشـتمانەکەیان خۆش بوویـت، خەڵکەکەیان خۆش بووێـت، گـوڵ و بەهـار و ژیـانیان خۆش بووێـت، فـێری سـروودی خۆشـییان بـکەن".٣

بە خوێندنەوەی هۆنراوەکانی ئەو شاعیرانە و سەرنجدانیان، بۆمان دەردەکەوێت کە لە یەکەم ڕۆژی نەورۆزدا دەکەوینە یەکەم ڕۆژی بەهارەوە کە دەکاتە یەکەم ڕۆژی سەری ساڵی کوردی و ئاماژەیە بۆ ژیانەوە و ئازادی و ڕزگاری، خۆری زێڕین تیشکی بەسەر دەشت و دەر و شاخاکەندا پەخش و بڵاو دەکاتەوە و سروشت بە گژ و گیا و گوڵ و گوڵزاری جوان ڕەنگین دەبێت و ناشبێت ئەوەمان لەبیر بچێت کە دەرکەوتنی یەکەم گوڵی نێرگز و پشکوتنی، مژدەی هاتنی وەرزی بەهار و جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی و تووانەوەی شەختەو بەفر و نەمانی سەرما و سۆڵە و دەرکەوتنی تیشکی خۆری زێڕینە. لێرەدا چەند هۆنراوەیەکی نەورۆزی شاعیرانی دوای ڕاپەڕین کە بۆ منداڵانیان نووسیوە، دەکەینە مشتێک لە نموونەی خەروارێک.

ئەمین محەمەدی شاعیر لە هۆنراوەی (نەورۆز)دا دەڵێت:

من کوردم، بچکۆلانەم

منداڵم، خنجیلانەم

بۆ نەورۆز خۆم گۆڕیوە

جلی کوردیم پۆشیوە

وا هاوڕێکانم دیارن

هەموو شاد و بەختیارن

چەند جوانن چاوم لێیە

چەپکە نێرگزیان پێیە

دەوری ئاگرمان داوە

هەڵپەڕکێ دەستگیراوە

خۆزگەی هەموومان وایە

کوردستان ئازاد بوایە..!!

(کتێبی گۆرانی هەورەکان، سلێمانی، چاپی یەکەم ٢٠٢١)٤

شاعیر (چرۆ ڕەشید) لە هۆنراوەیەکدا بەناوی (نەورۆز) دەڵێت:

ڕۆژی نەورۆز ئێواران

لەگەڵ هەموو منداڵان

بەرگی کوردی دەپۆشین

زۆر ئاسودە و دڵخۆشین

کە ئاگر دا دەگیرسێ

بۆلای دەکەوێنە ڕێ

دەبێت بەگەشت و سەیران

بە سەما و چەپڵەڕێزان

لە هەموو گوند و شارێ

شادی و خۆشی دەبارێ

نەورۆز جەژنی کوردانە

بۆ گەورە و منداڵانە

زۆر ئاسودەم هاوڕێیان

وامنیش دێم بۆلاتان  . (

(هۆنراوە بۆ منداڵان، گۆڤاری پەپولە)٥

شاعیر عەلی حەمەڕەشید لە هۆنراوەی (نەورۆز)دا دەڵێ:

وا نەورۆزە نەورۆزە

با پێشوازی لێ بکەین

چەپکە نێرگزی بۆنخۆش

لە سنگ و بەرۆک بدەین

دەم بە گۆرانی و سرود

بەرگی ڕەنگین بپۆشین

بەشداری ئاهەنگ بکەین

شادی و خۆشی بنۆشین

بە ئاوازێکی دڵگیر

دەڵێین نەورۆز بەخێربێی

ئای چەندە شادومانین

کاتێ لەگەڵ نێرگز دێی (هۆنراوە بۆ منداڵان، گۆڤاری هەنگ)٦

شاعیر فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی لە هۆنراوەی (نەورۆز)دا دەڵێ:

هەراو هۆریای منداڵە

دڵخۆشین بەم هەواڵە

ساڵی تازەی کوردییە

لەجیهان وێنەی نییە

بیست و یەکی ئازارە

شادی میوانی شارە

ڕۆژێکی گەورە و پیرۆز

ناومان لێناوە نەورۆز

نەورۆز ڕۆژێکی نوێیە

ئازادی کوردی پێیە

گوڵاڵە و نێرگزی جوان

بە دیاری دێنێ بۆمان

ئاوی کانی هەڵدەقوڵێ

گەشدەبن هەموو گوڵێ

سەوزبوونەوەی گیایە

ژیانەوەی دنیایە (هۆنراوە بۆ منداڵان، گۆڤاری هەنگ)٧

سەرچاوەکان:

١. wikipedia.org

٢. هەمان سەرچاوە.

٣. ڕەزا شوان، رەهەنـدی نەتەوەیی و نیشـتمانی لە هـۆنـراوەی منداڵان، haremnews.com.

٤. ئەمین محەمەد، کتێبی: گۆرانی هەورەکان، سلێمانی، چاپی یەکەم ٢٠٢١. هەروەها ئەمین محەمەد کە لە کۆتایی هۆنراوەکەیدا دەڵێت: (کوردستان ئازاد بوایە)، دیارە مەبەستی کوردستانی گەورە و یەکگرتنەوەی هەر چوار پارچەکەیەتی.

٥.  چرۆ ڕەشید، هۆنرااوە بۆ منداڵان، گۆڤاری پەپولە، ژمارە (٣٢٩) ساڵی (٢٠٢٥).

٦. عەلی حەمەڕەشید، هۆنراوە بۆ منداڵان، گۆڤاری هەنگ، ژمارە (١٨٦) ساڵی (٢٠٢٤).

٧. فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی، ، هۆنراوە بۆ منداڵان، گۆڤاری هەنگ، ژمارە (١٨٦)، ساڵی (٢٠٢٤).