بەشی(٢٩)
پەردەی چوارەم

شوێن:کۆمپانیا.
ئەکتەرەکان:ڕەقیبی ژمارە یەک+کارمەند.

دایکەکەم  بە یاخی بوون فرچکی گرتووم


ڕەقیبی ژمارە یەک:کارمەند بێ زحمەت یەک خولەک وەرە ئێرە.
کارمەند:بەڵێ فەرموو؟
ڕەقیبی ژمارە یەک:حەزدەکەم هێندە شت لە فەیسبوک بڵاو نەکەیتەوە.
کارمەند:هاهو، دیسان بەزمەکەیە !
کاکە فەیسبوک نا، ڕۆژنامە و ماڵپەڕ و گۆڤار و گوو.
ڕەقیبی ژمارەیە یەک:ئائا ئەوێ. دانیشە با تۆزێک قسە بکەین.
کارمەند:ببوورە، من ناتوانم دانیشم تا نەزانم بۆچی منت بانگی ئێرە کردووە؟ ئایە وەک لێپێچینەوە، یاخود وەک مام و برازایەک پێکەوە هەندەک گفتوگۆ بکەین و لێک حاڵی بین؟
ئەگەر هەڵەیەکی قانوونیم دژی قانوونەکانی کۆمپانیا و کارکردن کردووە، قانوون هەیە و سزاش هەیه. وەلێ گەر بابەتەکە پەیوەندی بە ژیانی تایبەتی و بیرکردنەوە و بیر و باوەڕ و نووسینەکانی منەوە بێت لە دەرەوەی کار و کۆمپانیاکە، نەتۆ و نە هیچ کەسێکیش ئەو مافەتان نییە نەک لێپێچینەوە، بگرە هەر قسەشی لەسەر بکەن. ئەوە ژیانی تایبەتی خۆمە و بۆ کەس نییە سنوورەکانی بشکێنێت و قانوونەکانی پێشێل بکات.
ڕەقیبی ژمارە یەک:بەڵێ بەڵێ، هەر بۆ ئەوەیە وەکو مام و برازایەک.
کارمەند:دەی باشە فەرموو.
ڕەقیبی ژمارە یەک:حەزدەکەم وەک مامێکی خۆت ئەو ئامۆژگارییەم لێوەربگریت و هێندە شت هەیە، مەیڵێ.
کارمەند:وەکوو؟
ڕەقیبی ژمارە یەک:یانی ئەوەی لە فەیسبوک.
کارمەند:ئەیهاوار، ئێوە دەتانەوێ شێتم کەن؟ سەدجار بڵێم فەیسبوک نا، ڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕ و گوو.
ڕەقیبی ژمارە یەک:ئائا ئەوێ.
یەک، دەزانی ئەو شتانە هیچ سوودی بۆ کۆمپانیاکەمان نابێت و دوو خەڵکێکش پێی ناخۆشە.
کارمەند:یەکەم: من هەرشتێک لە بەرژەوەندی کارمەند و کرێکار و مرۆڤایەتی و یژدان و ئەخلاق بێت، دەیڵێم.
دووەمیش وەکوو گوتم: ئەو جۆرە خەڵکە دەروون نەخۆش و دەست بەتاڵە سەری دای لە بەرد.
ئینجا باش گوێ بگرە: تا ئێستا زۆر شتم بینیوە و تۆیش زۆر شتت گوتووە کە هەمووی بێ ڕێزی و سووکایەتی و شکاندنی شکۆی کارمەندەکان بووە، بەڵام ئێمە هیچمان نەگوتووە. نەک لەبەر ئەوەی لێت دەترسین و ترسی ئەوەمان هەیە لە کۆمپانیاکە و لە کارەکەمان دەربکرێین. نەخێر، بەڵکو لەبەر کۆمەڵێک ئیعتیبار و شتی وەک ئەوەی ڕێزی تەمەنمان گرتووی و من گوتوومە لە زۆر شت پشتیوانم بووە و چاکەت لەگەڵ کردووم و قسەیەک هەیە دەڵێ"ئەلئینسانو عەبدولئیحسان".
  هەمیشەیش بە کارمەند و کرێکارەکانم گوتووە کە ئەو کەسێکی دڵپاکە و نیازیشی خراپ یان بێ ڕێزی نییە، کاتێک ئەو قسانە دەکات، بەڵکو هەرهێندەی لێدەزانێت.
بۆیە سوپاستدەکەم گەر هەوڵ نەدەیت من بێدەنگ کەیت.
ڕاستە من خۆم بە سروشت کەم دووم و لە کاتی پێویست دا نەبێت قسە ناکەم، بەڵام  ئەوە بزانە  بە ڕۆمانی دایک  سوێند، قسە بکەم پڕبێژترین کەسم  و ئەکبەر واحید ناتوانێت بێدەنگم بکات.
ڕەقیبی ژمارە یەک:ئەوە نیعمەتی خودایه و شوکرانە بژێری بکەن و سوپاسگوزاربن کە کارتان هەیە و لەو کۆمپانیایە کارمەندن. خەلکێک هەیە ئەوەشی نییە،  وەلڵاهی ڕۆژانە دەیان کەس پێوەندیم پێوە دەکەن تا لە کۆمپانیا وەریان بگرم.
تەنانە هەیانە دەڵێت تا دەکرێم بە گرێبەست، نان و سک دێم !
کارمەند:هاهاها.
ڕەقیبی ژمارە یەک:بۆچی پێدەکەنیت؟
کارمەند:بەو بیرکردنەوەی تۆ و مەڕێتییەی ئەو کەسە بەستەزمانە.
باش گوێ بگرە کاکی ڕەقیبی ژمارە یەک،
نەمن و نە هیچ کارمەند و کەسێک لێرە کۆیلەی نین.
ڕەقیبی ژمارە یەک:نامن وام گوتووە.
کارمەند:پێم مەبڕە و دەرفەتم دە با قسەکەم تەواوکەم..
تۆ دەتەوێت بەو قسانەت فێری ڕێساکانی کۆیلایەتی و ڕادەست بوون و قسە نەکردنم بکەیت؟
کوڕە من دایکەکەم هەمان شێوەی (پێلاژیا)ی دایکی پاڤێڵی پاڵەوانی ڕۆمانی دایک، بە یاخی بوون فرچکی گرتووم و فێری ئەتەکێت و یاسا و ڕێسای یاخی بوونی کردووم.
ڕقیبی ژمارەیەک:نانا، من ئەو مەبەستەم نەبوو.
کارمەند:با، تۆ ناڕاستەوخۆ پێمان دەڵێیت:خەڵک هەیە و ئامادەیە تەنها بە نان و زگ لێره کاربکات !
دوو هەڕەشەی دەرکردن دەکەیت؟
ڕەقیبی ژمارە یەک:نانا.
کارمەند:باش بزانە کە ئێمەی کرێکار لە خوامان دەوێت  لە خەونیش هەڵەیەکی وا بکەیت و بیرلەوەها کارێکی قێزەون و نامرۆڤانە بکەیتەوە. سوێند بە مانیفێستی کۆمۆنیستی، عەرشی کۆمپانیا کاپیتاڵیزمە بێ ئەخلاقەکەت دەهەژێنین.
تەواومان کرد.
کارمەند ئاخێک هەڵدەکێشێت و لەژێرلێوەوە دەڵێت:بەڕێوەبەری ناحاڵی و ترسنۆک، بەنەفرەت بیت، بە لەدەستدانی کاردەمان ترسێنێت.
ئینجا جارێکی تر بە دەنگێکی بەرز ڕوو لە ڕەقیبی ژماره یەک دەکات و پێی دەلێت:مارکس وتەنی:کاتێک ئێمەی کرێکارانی جیهان یەک دەگرین و لە دژی دێوەزمەی سەرمایەداری، مان دەگرین و یاخی دەبین و ڕادەپەڕین و شۆڕش دەکەین، لەچی دەترسین و چیمان هەیه تا لە دەستی بدەین؟ جگە لە زنجیرەکەی دەستمان.
لەگەڵ دەنگی چەپلەی ئامادەبوون، پەردەکە دادرێتەوە.