بەشی٣٨

با بڕمێت کۆنەپەرستی

ڕەقیبی ژمارە سێ: بەسیکەن کچەتیوینە.

سەیران:  ئێمە ئارین.

بێخاڵ: ئێمە میدیین.

ڕێزان: ئێمە کاردۆخین.

سەیران: ئێمە گۆتین.

بێخاڵ:ئێمە خوورین.

ڕێزان:ئێمە کاشین.

سەیران:ئێمە لۆلۆیین.

بێخاڵ:ئێمە زەردەشتین.

ڕێزان: ئێمە ئێزدانین.

سەیران:ئێمە:یارسانین.

بێخاڵ: بژی ئاستیاگ.

ڕێزان:نەفرەت لە کۆرش.

سەیران:با بمرێت کاپیتاڵیزم.

بێخاڵ: با بمرێت خێڵ.

ڕێزان: با بمرن هەمووان.

ڕەقیبی ژماره سێ: با گ+وو بخۆن هەرسێکتان.

سەیران: با بڕوات بۆ دۆزەخ نەریت.

بێخاڵ: با ون بێت بیری پاتریارکی.

ڕێزان: با ڕیسوابن ژنکوژان.

ڕەقیبی ژماره سێ: با گ+ا+ن بدەن هەر سێکتان.

سەیران: گەمژە عیسمەت ئینۆنۆی خۆ فرۆش.

بێخاڵ: چرووک تەها یاسین ڕەمەزان.

ڕێزان: ڕسوایی بۆ مەلا خەتێ و مەلا ئدریسی بەدلیسی.

ڕەقیبی ژماره سێ: لە شەڕەفتان بەم.

سەیران: جڕت بۆ حەقیقەتی ڕەها.

بێخاڵ: بڕمێنن بتەکان.

ڕێزان: بەڵێ بۆ پووچگەرایی.

ڕەقیبی ژماره سێ: لە مەعریفەتتان بەم.

سەیران: با لەناوبچن نەیارانی ئازادی.

بێخاڵ:با دابوەشێن تاریکپەرستان.

ڕێزان:با بڕمێت کۆنەپەرستی.

ڕەقیبی ژماره سێ: با کەسێک بێت و س+و+ار+ی ئەم سێ دەیناسۆرە بێت.

سەیران: ئەگەر حیسابی شوورای چینیش بۆ خۆت و بیروباوەڕەکەت بکەیت،

بێخاڵ:بێگومان وەک دیواری بەڕلین دەتانڕوخێنین.

ڕێزان:بە دڵنیاییەوە، دەتانکەین بە هەبوو نەبوو و بەشێک لە ڕابردوو و بە زبڵدانی مێژووتان دەسپێرین.

ڕەقیبی ژماره سێ: هەموان هەستنەوە سەرپێ.

هەموو ئامادەبووانی هۆڵەکە بە دەم گوتنەوەی دروشمی ئەلڵاهو ئەکبەر و مەرگ بۆ مولحیدان، گوێی ئاسمان کەڕ دەکەن.

ڕەقیبی ژمارە سێ:بسم اللە الرحمان الرحیم.

خوشک و برایانی ئیماندار، ئەسسەلام عەلەیکوم.

دوا بڕیاری دادگا بەو شێوەی خوارەوەیە:

بە تاوانی کوشتن و تێکدانی ئاسایشی وڵات و چوونە ڕیزی  موخەڕیبان(پێشمەرگەکان) و دژایەتی کردنی ئایینی دەوڵەت و ئەخلاقی میلەت و بڵاوکردنەوەی بیری ئیلحاد و هەڵگەڕانەوە لە مێژووی موقەدەسی ئومەتەکەمان، دادگا بڕیاری خۆی سەبارەت بەو سێ کچە مولحید و گومڕا و بێ دین و تێکدەرە، بەو شێوەی خوارەوەدا:

١-ڕێزان قارەمان میکائیل: هەزار و دووسەد ساڵ مانەوە لە گرتووخانە، لەگەڵ کاری قورس.

٢-سەیران محەمەد میرزا، هەزار و سێ سەد و دوو ساڵ و چوار مانگ و دوو ڕۆژ مانەوە لە گرتووخانە، لەگەڵ کاری قورس.

٣- بێخال عوسمان ڕەشید: حەوسەد ساڵ و حەوت مانگ و حەوت ڕۆژ و حەوت کاتژمێر مانەوە لە گرتووخانە، لەگەڵ کاری قورس.

سەیران: لە ڕۆمان بمکوژن،

بێخاڵ: لە شانۆنامە بۆتان دێینەوە.

ڕێزان: لە فیلم کۆتا ئەڵقەمان لێبدەن،

سەیران: لە شیعر یەخەتان دەگرینەوە.

سەروین: هاوڕێیان"بڕوانن چەند ئاسوودەین. نابێت دڵگران بن. لەپێناو دۆزێکی بە شەرەفدا تێدەکۆشین، باجەکەشی هەرچییەک بێت ئامادەین. بڕوا بە سەربەخۆیی کوردستان بکەن، بڕوا بە گەورەیی و پیرۆزی ئەم دۆزە بکەن. زۆر گرنگە بزانین لەم دۆزەدا مردن هەیە و لەوەش گرنگتر ئەوەیە بزانین چۆن بمرین. بڕوانێن، هەندێک کەس ژیانێکی ریسوا و رەزاڵەتیان هەڵبژارد. مردنیان قێزەونترین جۆری مردنە(٭)

بێخاڵ: کچینە سەروین هات !

بەڵێ من لێرەم هاوڕێیان. دەی با هەموومان پێکەوە بڵێین:

بژی کورد، بژی کوردستان، نەمری بۆشەهیدان.

سەیران+ڕێزان+بێخاڵ+سەروین:

بژی کورد، بژی کوردستان، نەمری بۆشەهیدان.

لەگەڵ دەنگی چەپلە و دروشمی(بژی کورد و کوردستان)ی  ئامادەبوانی هۆڵەکە، پەردەی شانۆیەکە دادەرێتەوە.

ــــــــــــــــــــــ

٭ساکینە جانسز(سارا)، ژیانم هەمیشەتێکۆشان بوو، بەرگی دووەم، وەرگێڕانی لە تورکییەوە:ئارام پێنجوێنی، ل551.