
بەشی چل و یەك
پەردەی هەفتەم
-ئەکتەرەکان: کارمەند(ئاری)+سەروین.
شوێن(بەندیخانەی حەججاج)
حاجی درێدا
کارمەند: سەروین، هەرنەتگوت، کە لەسەر چی گیراویت؟
سەروین: سکاڵای ئاغای دێ.
کارمەند: بۆچی؟!
سەروین: بە تاوانی سووکایەتی کردن به قانوونەکانی خێڵ و نەریتەکانی سمێڵ.
کارمەند: سەیرە !
سەروین: لەسەر ئەوەی گوتم: زۆرێک لەو ئاغایانە تا دوێنێ جاش و مستەشار و ڕەفیق حزبی و بەعسی عەیارە بیست و چواربوون، کەچی ئەمڕۆ کوردایەتی بە ڕۆحی شەهید لەیلا قاسم دەفروشنەوە.
کارمەند: سەیرە !
سەروین: ئاری، دەزانی ڕاستە من، بە جەستە و شێوە سەروینم، بەڵام ڕۆحەکەم هی لەیلاقاسمە و لە ڕێگای دونادۆنەوە هاتووەتە ناو لاشەمەوە !
کارمەند: ئەوەش سەیرە !
ئینجا باشە بۆچی دەبێت مرۆڤ دادگایی بکرێت لەسەر مۆدێڕنبوون و بیر و ڕای جیاواز و ڕەخنەی ئازاد؟
ئاغا و فیوداڵ و نەریتی کۆنەخوازی و پیاوانی ئایینی و سەلەفییەت و خەلیفە و سوڵتان، دەستیان تێکەڵ کردووە و مۆدێڕنێتە دادگایی دەکەن !
سەروین: گوتت مۆدێڕنێتە؟
کارمەند: بەڵێ.
سەروین: کوڕە چەندە لە خێڵ و سمێڵ بەم، دەقات لە مۆدێڕنێتەی ئێوە !
کامەند: بۆچی؟
سەروین: کورە لە هەرچی حەکایەتی گەورە و بیروباوەڕ و ئایدۆلۆژیایە بەم.
گەوادینە، نازیەت و فاشییەت و جەنگی جیهانیتان جوانە.
هیتلهر و مۆسۆلۆنی و فرانکۆتان جوانە.
خۆت و یۆرگن هابرماسە بێ ئیشەکەت، چۆن لە ڕووتان دێت، بێن و باسی پڕۆژە تەواونەبووەکەی مۆدێڕنێتە بکەن؟
کارمەند: داکی داکم، دەزانی ئەتوو لینگاو قووچ لە مۆدێڕنێتە حاڵی بوویتی !
کچی پۆست مۆدێرن، باشە بۆ تاوانی فاشییەت و نازییەت و فرانکۆییبوون و هیلتەربوون و مۆسۆلۆنیبوون دەخەیتە ئەستۆی مۆدێڕنێتە؟
مۆدێڕنێتە تاوانی چییە؟
من تێناگەم ئێوە جەماعەتی پۆستەکان کێشەتان چییە لەگەڵ مۆدێڕنێتە؟
سەروین: ئێمە کێ؟
کارمەند: تۆ و خاڵە میشێل فۆکۆ و حاجی درێدا و خەلیفە جان بۆدریار و دەروێش جان فرانسۆ لیوتار و شێخ ڕۆلان بارت و کوێخا جیل دۆلۆز و هەموو پۆست ئال مۆدێڕنەکانی تر.
خۆ بەشێکیشیان دواتر فەقیرانە وەلڵاهی لۆخوای بڵێم، وازیان لە پۆستمۆدێرنە هێنا.
خاتوو سەروین، ئینجا دواتر پۆستمۆدێرنە لە مێژووی مرۆڤایەتی دەرکەین چیمان بۆ دەمێنێتەوە.
ئاخر حەیاتەکەم، لۆژیکی ئەمە لە کوێدایە تۆوەک پۆستمۆدێرنەتەیەک، بێیت و بەوان ئایدیۆلۆژیا فاشیست و نازیزم و بۆلشەویزمانە، لە مۆدێرنەتە بدەیت. لە کاتێکدا جەوهەری مۆدێرنەتە، ڕەتکردنەوەی ڕەگەزپەرستی و ڕاسیزم و تۆتالیتاریزم و فاشییەتە. مۆدێرنەتە، ناواخن و پرەنسیپ و کرۆکەکەی مرۆڤدۆستی و پەرەسەندنی عەقڵانییەت و زانست و ژیاندۆستی و ئازادی و لیبڕاڵییەتە.
ئازیزەکەم"مۆدێرنەتە فیکر و فەلسەفەیەک نییە هەتا بتوانرێ لەسەر ئەو فیکر و فەلسەفەیە دادگایی بکرێ و ئۆباڵی کارەساتەکانی بخرێتە ئەستۆ. مۆدێرنێتە دەورانێکە لە ئازادی ئەقڵەوە بۆ ئازادی بیروڕا، فەلسەفەی جیاواز، رێبازی جیاواز و داهێنانە دونیاییە نوێکانە دژی نەریتەکۆن و بەسەرچوەکان، دەگرێتەوە..مودێرنەتە، جێ هێشتنی قۆناغی سەدەکانی ناوەڕاست و تێک و پێک شکاندنی چەمکە داڕزیوەکانیەتی.
ڕزگارکردنی مرۆڤە لەنەریتەزاڵەکانی ئەو قۆناغە تاریکەی ژیان. ئایە بە بێ مۆدێرنەتە، دەکرا، ئابووریەکی نوێ، ژیانێکی کۆمەڵایەتی نوێی ،پێشەکەوتنی نوێ، بخوڵقێت و بێتەبوون؟ دەکرا هەموو نەریتە پیرۆزەکانی کەنیسە و میتافیزیکیەت ئایدیالیزم، هەژموونی ڕەهاو موتڵەق و تۆقێنەریان لەسەر بیر و هۆش و ئەقڵی مرۆڤ نەمێنێت و مرۆڤ لەو تۆقانەی ئایدیالیزم و کەنیسە و میتافزیکا، قورتاری بێت و ببێت بە مرۆڤێکی ئازاد؟
بە بێ مۆدێرنەتە، ئەو شارستانیەتە نوێچەشنەی رۆژئاوا دەخوڵقا؟"٭
ئینجا با پێت بڵێم"
لەوەتەی ژیان و مرۆڤ خوڵقاوە هەتا ئەمڕۆش، بەشەریەت لە سایەی دەستکەوتە گەورەکانی مۆدێرنێتە دەحەسێتەوە و هیچ نەتەوەیەک، گەل و دەوڵەتێک، بەبێ پرۆژە و حیکایەتی گەورە و وەرچەرخانە گەورەکانی ژیان، نەیتوانیووە گۆڕانی گەورەی ئازادی ئەقڵ، حیکایەتی گەورەی پیشەسازی، حیکایەتی جیاکردنەوەی دین و دەوڵەت، حیکایەتی رۆشنگەری، مەدەنیەت، ئەقڵانی، زانست و زانیاری، رزگاری دیموکراسی و رەخنەی ریشەیی لە بیروڕاکانی سەدەکانی ناوەڕاست، بێنێتەدی. رۆشنگەری، مەدەنیەت، علمانیەت، ئەقڵانیەت، دەوڵەتی نەتەوەیی، سیستەمی دیموکراسی، ئازادی ئەقڵ، پیشەسازی، تەکنیک، میکانیک و پشت بەستن بە جیهانی فەلسەفه دانراوەکان و بیرکردنەوەی دونیاگەرایی..تاد، هەموو ئەوانە ناونیشانی جۆراوجۆری دەسکەوتە گەورەکانی مۆدێرنیزمن"٭
هێشتا هاتوویەتی دەتەوێ بەناوی پۆستهۆڕێنە و بە ڕوانگەیەکی تۆتالیتارانە و پۆپۆلیستانەی فێندەمێنتالیستەکان، سەرلەبەری مۆدێڕنێتە و دەستکەوتە گەورەکانی مۆدێڕنێتە ڕەتکەیتەوە !
سەروین: کورە دەلاچۆ. سەیرکەن، چۆن دەیەوێت مۆدێڕنێتەمان لێ بکات بە بت و فریشتە.
کارمەند: نەخێر، من هەرگیز وام نەگوتووە، کێشەی ئێوەی جەماعەتی پۆستەکان ئەو ڕەشبینی و چاویلکە ڕەش و ئەو ڕەهاییگەراییەی بڕیاردان و بینینی شتەکانە.
گوایە هاتوون بتەکان و ئایدیۆلۆژیاکان و یەقین و عەقیدەکان و حەکایەتەگەورەکان تێک و پێک بشکنێن و هەڵوەشێننەوە و عەدەمییەت و عەبەسییەت و ڕێژەیی و تەفکیک و گومان و چی و چیتان بۆ مرۆڤایەتی هێناوە.
کەچی خۆتان ڕوانگەی خۆتان لێبووەتەوە بت و تووشی هەمان پەتای موتڵەقگەرایی هێزە دینییە کۆنزەرڤاتیڤ و فێندەمێنتالیستەکان بوونەتەوە !
ئێوە بە هەموو قەناعەتتانەوە دێن و دەڵێن: حیکایەتەگەورەکانی فێرگە فەلسەفی و سیاسی و سیستەمەکان تەواو، هەموو کۆتاییان پێ هاتووە ئەلفاتیحا و چیتر ئەو پرۆژەمۆدێرنێتەیەی کە یۆرگن هابرماس دەڵێت تەواو نەبووە، بە ناتەواوی کۆتایی پێ هات و پۆست مۆدێرنێتە ڕەشبین و بە بت بووەکەی ئێوە شوێنی گرتەوە؟!
دادە سەروینی پۆستمۆدێرنیست:
ئێمەش دەڵێین مۆدێرنێتە کەموکوڕی هەیە، بەڵام نەک بێیت و وەکوو ئێوەی پۆست مۆدێرنەکان، سەراپای مۆدێرنێتە رەتبکرێتەوە.
بەخوای دایکم رەتکردنەوەی مۆدێرنێتە بۆ پۆست مۆدێرنێتە، چەندە ڕاکردن و خۆ گێڵکردنە لە واقیع، دەهێندەیش هەڵگەڕانەوەیەوە لە مێژوو.
سەروین: یانی تۆ پێت وایه مۆدێڕنێتەی قەحپەگەرا، هێندە پاشەڵ پاک و بێتاوانە؟
کارمەند: نەخێر، من وام نەگوتووە.
کاکە گوتم: ئێمەش دەڵێن سەرەرای هەر ناتەواوی و کەم و کورتییەک، بەڵام هابرماس وتەنی مۆدێرنێتە هەرگیز، دەورانی تەواو نەبووە و دووچاری ئاستەنگ و کەموکوڕیش هاتبێت، پێویستی بە پێداچوونەوە و خوێندنەوە و رەخنەی نوێ، خیتابی فیکری و فەلسەفی نوێ و چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانە و دواجار ئەڵتەرناتیفی مۆدێرنەتەیش، هەر مۆدێرنەتە خۆیەتی.
ــــــــــــــــــــ
٭مەلا بەختیار، دیموکراسی لە نێوان مۆدێرنێتەو پۆست مۆدێرنێتە.