
بەشی 45
شانۆنامە
زەردەشتییەت و ئێزدانییەت و یارسانییەت، ئایینی باب و باپیرانی من بووە.
ڕەقیبی ژمارە سێ: لەوە گەڕێ. دەڵێن: تۆ بەرگریت لە مەجووس و ئاگرپەرستێکی پارسی کردووە !
ئاری: کێ؟
ڕەقیبی ژمارە سێ: زەردەشت.
ئاری: یەک، زەردەشتییەت و ئێزدانییەت و یارسانییەت، مێژووی من و ئایینی باب و باپیرانی من بووە و هەرگیز حاشای لێناکەم.
من ڕێز لەبەرماڵەکەی دایکیشم دەگرم و مەلای گەورەشم بە قەد قازی و مارکس خۆشدەوێت.
دوو، زەردەشت پارس نەبوو و کوربوو.
سێ، زەردەشت ئاگرپەرست نییە و ئایینی زەردەشتی، ئایینێکی یەکتاپەرستییە.
چوار، دیسان دۆ و دۆشاو تێکەڵ مەکە و فێربە، مەجووس هەڵەیه و مەشیکە بە مورادیفی ئاگرپەرستی. گیانە، عەرەب پیتی(گ)ی نییە و هاتووە و کردوویەتی به(ج). ڕاستییەکەی مەگووس-مۆگ..مۆگەکان تیرەیەک بوون لەو حەوت تیرەیەی ماد.
مۆگەکان، پیران و دانا و بەرپرسیارانی ئایینی بەهدینی، کەسانێکن کە بە فەلسەفە و ئامۆژگارییەکانی زەردەشت شارەزا بوون و بێجگە لە بابەتی ئایینی، شارەزای زانستی سەردەمی خۆشیان بوون. لە نموونەی زانستەکانی: کیمیا، ئەستێرەناسی، کەشناسی، پزیشکی، ماتماتیک، کشتوکاڵ..
لە مێژووی باب و باپیرانمان، کەسێک هەرگیز نەدەبوو بە پاشا، مەگەر لە لای مۆغان بیخوێندبوایە و خوێندنی تەواو کردبوایە.
ئێوە هاتوون و جاهیلانە و بە هەڵە، بە مرۆڤی بەهدین و زەردشتی دەڵێن مەجووس !
ڕەقیبی ژمارە سێ: کوڕە دەبڕۆ گەمژەی گومڕا، دەتەوێ خەڵکی بگەڕێنیتەوە سەر ئاگرپەرستی؟
ئاری: باشتروایە مرۆڤ کاتێک ماڵی لە شووشەبوو، بەرد نەگرێتە کۆشک و تەلاری خەڵکی تر.
ڕەقیبی ژمارە سێ: چۆن؟
ئاری: یانی زەردەشتییەک کاتێک هەر یەکێک لە چوار تووخمەکە(خاک، ئاو، هەوا، ئاگر) بە پیرۆز دەزانێت، مانای ئەوە نییە کە دەیانپەرستێت.
ئەوە چەواشەکردنە. کار و پیلانی مێژوونووس و پیاوانی ئایینی و نووسەرە ئیسلامییە عەرەب و ناکوردە ڕق لە دڵ و دەمارگیر و چەواشەکارەکانە، کە وایان لە تۆ حاڵی کردووە، گوایە زەردەشتییەکان ئاگرپەرستن!
ئێ زەردەشتییەکیش دەتوانێت بەتۆ بڵێت، مادام کەعبە بە پیرۆز دەزانیت و بە دەوریدا دەخوڵێیتەوە و ڕووی تێدەکەیت، کەواتە تۆش بەردپەرست و بتپەرستیت.
ڕەقیبی ژمارە سێ: بێ دەنگ، هەی کافری زندیک.
ئاری: ئێستا لێت بپرسم وشەی زندیک لە چییەوە هاتووە، بەدڵنیاییەوە نازانی وڵام بدەیتەوە.
نازانم لە کوێ دەستپێ بکەم و کامە هەڵەت بۆڕاست کەمەوە !
ڕەقیبی ژمارە سێ: بێ ئەدەب.
ئاری: گیانە دوژمن هەموو شتێکی لێ شێواندووین و خۆفرۆشێکی وەک تۆیش، شەڕ بۆ کولتووری خەڵکی تر و نەتەوەی تر دەکات و دژی مێژووی باب و باپیرانی خۆی دەجووڵێتەوە.
هەرچەندە من باوەڕم بە چەمکی پێغەمبەر نییە.
بەڵام زەردەشت پەیامبەرێکی کوردە. کەچی نەیارانی نەتەوە و مێژوو و هەموو شتێکمان لەنێوان ئەو سەت و بیست چوار هەزار پەیامبەرەی کە دەلێن خوداوەند بۆ گرووپی(مرۆڤایەتی) ناردوونی، قبووڵ ناکەن دانەکیان کورد بێت !
ئەو دەمارگیرانەی دەڵێن زەردەشت لە نەتەوەی پارسە! وەک چۆن یەزدەکورد و ساسانی و پیرۆزی ئابادی و زۆریتریان لێکردین بە پارس !
ئەو نەیارانەی ڕۆژێک لە ڕێگای مەزهەب و ئایدیۆلۆجیای جیاواز و نامۆ و هاوردە و موتەربەکراو بە بیری عروبە و شۆڤێنی و دەمارگیری، دێن و لە کۆمەڵێک پیاوی ئایینی و کاهین و مەلای ناحاڵی و نەخوێنەواری جاشی خۆیان، جەژنی نەورۆز و بۆنە نەتەوەییەکانمان بە تابوو و حەرام دەکەن و ڕۆژێکیتر نەزانانە بەرگی بێدینی لەبەر سروودی ئەی ڕەقیب دەکەن و تەکفیری ناسنامە و کوردبوونمان دەکەن. ڕۆژی دواتر لە پیرۆزێتی زمانی دایکمان دەدەن و بە ناوی ئایین، ئەجێندا و پیلانی تەعریب جێبەجێ دەکەن و دەڵێن زمانی عەرەبی زمانی خوداوەند و قورئانە و لە هەموو زمانێک پیرۆزترە !
وەک بڵێیت زمانی کوردی زمانی ئەهریمەن بێت و پەڕاوی ڕەش و جیلوە و ئاڤێستا و تەورات و ئینجیل و کتێبە (ئاسمانییەکانی) تر، بە زمانی بوونەوەری ئاسمانی دابەزی بن و نووسرابنەوە. سەیرە!
ئەو کوردە بیکووژە، مێژووی وێران بکه، سواری ئەقڵی بە، زمان و فەرهەنگ و هەموو شتێکی ئەتک بک، هێندە بەسە بڵێ: قالەلڵاهو وەقالە ڕەسوولوهو، تەواو، وریابوون و بێجووڵە، ئاقڵ و جوان وەک بتێک بۆت دەوستێت و ڕادەست دەبێت و دەبێت بە مورید و پاشکۆ و کۆیلە و جاش و کەواسووری سوڵتان و سوارەی حەمیدییە و نوێنەر و وتەبێژ و زوڕنا ژەنی نەیارانی نەتەوەکەی خۆی و شەڕی بێشەرەفی و خۆ تڕێن و بەوەکالەت بۆ دوژمنانی دەکات !