ئەکتەرەکان/ئاری+ڕەقیبی ژمارە پێنج (مەلا عەونولڵا)

شوێن/گرتوخانەی قەعقاع

پەردەی یازدەهەم

بەشی٤٨

ئایین دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە

ڕەقیبی ژمارە پێنج: تۆ گوتووتە ئایین دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە؟

ئاری: بەڵێ.

ڕەقیبی ژمارە پێنج: یانی تۆ ئاسمانیبوون لە ئایین دادەڕنیت؟

ئاری: بەڵێ.

ڕەقیبی ژمارە پێنج: چۆن؟

ئاری: ئەو هەزاران ئایینەی کە هەن، هیچیان ئاسمانی نین  و  خوداوەند خاوەنی هیچیان نییە.

ئەوکەسانەی ناویان لە خۆشیان ناوە پەیامبەر، بەشێکیان بەرژەوەندیخواز و ساختەچی و بەشێکیان عاریف و بیرمەند و بەشێک ڕیفۆرمخواز و بەشێکیان شۆڕشگێڕ و یاخی و بەشێکیشان دڵسۆز و هەرهێندەیان لەوەزعەکە زانیوە و وایان زانیوە خودا قسەی لەگەڵ کردوون و پەیامی پێداون و وەک پەیامبەرێک هەلبژێردراون !

ڕەقیبی ژمارە پێنج: ئەی خودا مرۆڤ دروست کات،

نابێت پەیامبەر و پەیامیش بنێرێت بۆی و سیستەمی ژیانیان بۆ ڕێکبخات؟

ئاری: ئەی کەواتە سوودی ئەقڵ چییه؟

تۆ پێم بڵێی وا بکە و وا بڕۆ بۆ  تەوالێت و وا بخەوە و وا بیربکەوە و وا ڕێگا بکە و وا سێکس بکە. سیاسەت و سیستەم و نەزمی کۆمەڵایەتیشت با وا بێت.

ئەی بۆچی ئەقڵی پێداینە کەواتا؟

خۆ خوداوەند مرۆڤی قورمیشکرا و ڕۆبۆتۆی دروست نەکردووە. بەڵکو ئەقڵی داوەتە مرۆڤ ئەقڵ.

خۆ ژاپۆن و ئۆروپا، ئایین بەڕێوەی نابات، لەوێ سەنتەر ئەقڵ و بیرکردنەوەیە بیرکردنەوە.

ڕەقیبی ژمارە پێنج: یانی تۆی کافر، لە خودا باشتر دەزانیت چی باشە و چی خراپە؟

ئاری: کاکە مەلا، من وام نەگوتووە. بەڵکو دەڵێم خوداوەند ئەقڵی بە مرۆڤەکان داوە و مرۆڤ لە ڕێگای ئەقڵەوە دەتوانێت خودا بدۆزێتەوە و شتەکان بناسێت و لە گەردوون تێبگات.

ڕەقیبی ژمارە پێنج: یانی پەیامبەران زیادەن؟

ئاری: هیچ پێویست بە پەیامبەر و شت ناکات و ئەقڵی هەرکەسێک پەیامبەر و ڕێنیشاندەری خۆیەتی.

ڕەقیبی ژمارە پێنج: ئەستەغفیرەلڵا.

ئاری: چیبوو کاکە مەلا!؟

ڕەقیبی ژمارە پێنج: کفر هەیە لەوە گەورەتر؟

ئاری: لەچی؟

ڕەقیبی ژمارە پێنج: لە ڕەتکردنەوەی پەیامبەران.

ئاری: من لەوەتەی لە تۆنێلی جەهالەت هاتوومەتە دەر و لە خەوی غەفلەت و لە غەیبووبەی فیکری هۆشیاربوومەتەوە، چەمکی کفرم لە فەرهەنگی خۆم فڕێداوە.

لەگەڵ دەنگی چەپلەی ئامادەبووان، پەردەکە دادرێتەوە.