بەشی ٤٩

 پەردەی دوازدەهەم

 شوێن:  دادگا.

 ئەکتەرەکان: ئاری(کارمەند)+ ڕەقیبی ژمارەسێ(دادوەر).

 پڕم لە خودا و خاڵیم لەخۆم

  ڕەقیبی ژمارەسێ: تۆکەسێکی  زندیک و بێباوەڕیت و خەریکی بڵاوکرنەوەی فیکری ئیلحادیت.

 ئاری: ئێوە له ڕوانگەی ڕق و چەقۆ و شمشێرەوە سەیری ژیان دەکەن و بوون وەک سەربڕخانەیەک دەبینن !

ئێمە لە ڕوانگەی عیشقەوە شتەکان دەبینین و گەردوون وەک جوانترین تابلۆ سەرنج دەدەین. تابلۆیەک، کە لەلایان باشترین نیگارکێش(خوداوەند)و بە جوانترین شێوە دروست کراوە.

 ڕەقیبی ژمارەسێ: بەڵام تۆ کفرت کردووە و لە ئایینی ئێمە تەنها سێ ڕۆژ مۆڵەت بۆ هەڵگەڕاوە لە ئایین هەیه. گەر کەسی موڕتەد تۆبە نەکات و نەگەڕێتەوە، ئەدرێت لە ملی و سەری لە لاشەی جیادەکرێتەوە.

 ئاری: ئێوە جگە لە زمانی شمشێر، لە هیچیتر تێناگەن !

 ڕەقیبی ژمارەسێ: هیچ ناچارنیم چیتر گوێ له قسەی کافرێک بگرم و بە زمانی گوڵ لەگەڵ له موڕتەدێک بدوێم. کافر دەبێ بە زاراوەی گوللـە ڕووبەڕووی ببیتەوە و بە شمشێر بدەیت لە گەردنی.

 ئاری: من لە کوێ کفرم کردووە؟ تۆ شیعرەکەی منت خوێندووتەوە؟

 ڕەقیبی ژمارەسێ: نەخێر.

 ئاری: ئەی؟

ڕەقیبی ژمارەسێ: خەڵکی وادەڵێن.

 ئاری: خەڵکی سەریان دای لەبەرد. بۆ چما حوکمی قەرقوشە، تا خەڵکێکی ناهۆشیار و نا ڕۆشنبیر بێت و سنوور و مەرج و ڕێگا و بت بۆ نووسەر و ڕۆشنبیر و خوێندەوار دابنێت و پێی بلێت ئەوە بنووسە و ئاوا بنووسه، ئەوە مەنووسە و ئاواش مەنووسه!

 ڕەقیبی ژماره سێ، دەی لەوە زیاتر کاتمان نەگرە و ئیمزای ئێرە بکە.

 ئاری: ئیمزای چی؟

 ڕەقیبی ژمارەسێ: ئیمزای ئەوەی جارێکیتر کفر نەکەیت لە شیعر و شتە قۆڕەکانت.

 ئاری: هەرگیز، ئەو مەمەحاڵە.

 ڕەقیبی ژمارەسێ: بۆچی؟

 ئاری: گوتم مەحاڵە.

 ڕەقیبی ژمارەسێ: گوتم  ئیمزای بکە. بۆتۆمە و ئاقڵ بە، گەرنا دواتر سەرت بە فەتارەت دەچێت و پسوولەی لێخۆشبوون ناتگرێتەوە.

 ئاری: ئەوە ئێوە بەچی حەقێک دادگایی ئێمە دەکەن؟

 ڕەقیبی ژمارەسێ: بۆچی؟

 ئاری: لەبری ئەوەی من لە شوێنی تۆ و تۆ لەشوێنی من بوایتا و  ئێمە ئێوەمان بە تاوانی بڵاکردنەوەی بیری توندڕۆیی و دەمارگیری ئایینی و پەتای مەزهەبی و جەنگی ئایینی تا حەوسەد پشتتان دادگایی بکردبوایە، کەچی ئێوە هاتوون و ئەقڵانییەت و شیعری ئازاد و لۆژیک و فەلسەفە و ڕۆشنبیر و ڕۆشنگەری دادگایی دەکەن ! ئەفسووس، لە جێی شێران، ڕێوی دەکەن گێران.

 ڕەقیبی ژمارەسێ: دەم هەراش، دەتوانم هەر ئێستا کاسێک گووشت دەرخواردەم و لێرە بتتۆپێنم.

 ئاری: دەتوانی بە تۆمەتی بێبڕوایی و دژایەتی کردنی بتەکان، هەمان شێوەی سوقرات، کاسێک ژەهریشم بدەیتێ.

 ڕەقیبی ژمارەسێ: دەی چیتر کاتمان مەکوژە و درێژەی پێمەدە و ئیمزایەکەت بکە.

 ئاری: دەزانی چی؟

 ڕەقیبی ژمارەسێ: چی؟

ئاری: ئێوە کافر و خواپەرستن، ئێوە پڕن لە خۆتان و خاڵین لە خودا. من خواناسم خواناس. پڕم لە خودا و خاڵیم لەخۆم.

 ڕەقیبی ژمارەسێ: هەستنەوە.

هەموو ئامادەبوانی دادگاکە هەڵدەستنەوە.

ڕەقبیبی ژمارەسێ:  بیسم اللە الرحمن الرحیم.

ئەسسەڵات و وەسسەلام عەلارەسولیهی ئەلئەمین.

ئەمما بەعد.

تۆمەتبار(ئاری)ناسراو بە کارمەند، بە تاوانی بێبڕوایی و چەندین تاوانی تر، هاتەسزادان بە مەرگ.

لەگەڵ دەنگی اللە اکبر و چەپلەی ئامادەبووانی هۆلەکە، پەردەکە دادەرێتەوە.