
بیست و سێ
هـاوڕێ سیزیف
سەیران:ئازیزان، ئێره دەڤەری بڤە و
مەملەكەتی تابووتە
ڕێزان:ئێرە سنووری نەریت
و
دوورگەی زەقنەبووتە
بێخاڵ:لێرە ڕۆژ نییە خوێنی دوو ئاشق
نەڕێژن و تەرمی دوو لێو بەتاوانی ماچ
نەنێژن
سەیران:لێره لێناگەڕێن گوڵی ئامێز
چرۆ بكات
و كەس لە زاراوەی ئیشق
تێناگات
ڕێزان:لێره هەر دەیجورە دادەگیرسێت
و هێشووی تریفەی مانگەشەو
هەرگیز پێ ناگات
بێخاڵ:لێره
گوڵەكان بە گەنجی سەردەنێنەوە
و
وەرزی بەهار بەكاڵی دەكوژێتەوە
سەیران:خۆشەویستی لە سەر نووكی چەقۆ
ڕێ دەكات
و
مۆركی مەرگ بۆ ئاشقان
دەبڕدرێتەوە
ڕێزان:ئازیزەكەم، ئێمە لە ناو قەفەزی
مەزهەب و لە كیشوەری
خێڵین
بێخاڵ:وەرن باچیتر
شەتڵی گریان
لە زێدی عەزابا نەڕوێنین
و
كێڵگەی خەم نەكێڵین
سەیران:وەرن با
ئەم فەسڵی هەڵوەرین
و
مەوتنەی زام
جێ بێڵین
ڕێزان:وەرەبا لێ نەگەڕێین چیتر
پەڕەی دەفتەری خەندەكانمان
بە تیغی فرمێسك
كون بـێ
بێخاڵ:وەرە با بڕۆین
بۆ دوور دوور
و
ناونیشانمان
لەو نیشتمانەی سەراب
ون بـێ..
سەیران:كچینە با واز لە وڕێنە بێنین.
ڕێزان:چۆن؟
بێخاڵ:خەو دەرمانی مێشكی ماندووانە، خەو خۆشترین ژەمە سرووشت بە ژیانی بەخشیوە.(٭)
سەیران:لەوەتەی بەبیرم دێت هەر پاییزە ژیان !
ڕێزان:ئاخ لەدەست ژیان.
سەیران: ئەی تەنیایی، تۆی نیشتمانی من.(٭)
بێخاڵ:هاوڕێیان، كێ تۆزی ئەو هەموو دڵتەنگی و قەلەقییەم لێ دەتەكێنێت؟
سەیران:فرمێسكەكانت.
ڕێزان:چی؟
بێخاڵ:گوتم:نوكتە و گاڵتە و گەپ.
سەیران:هەست دەكەم گەر گیرۆدەی خەمێكی وەك ئەو خەمەی تۆبم، لە مرۆڤەكان دوورناكەومەوە وەك ئەوەی تۆ لێیان دوور دەكەویتەوە.(٭)
ڕێزان:ئەوە تۆ شێت بوویت؟
بێخاڵ:دیارە ئەقڵی لەدەستداوە!
سەیران:كچینە گاڵتەم كرد.
ڕێزان:منیش قەڵەقیم لێدەچۆڕێت.
بێخاڵ:چارەسەر؟
سەیران:بێ ئاگایی!
ڕێزان:پێكێك بێ هۆشی.
بێخاڵ:كەوچێك پووچی.
سەیران: بژی عەبەسییەت.
ڕێزان:دەی با بخەوین.
بێخاڵ:بۆچی؟
سەیران:ڕاحەت تەنها لەوێیه.
ڕێزان:هاوڕێیان، تكایە لێم گەڕێن، بەو هەموو پڕش و بڵاوییەم با جگەرەیەك داگیرسێنم.
بێخاڵ:من لەتێكم لە نەفرەت
سەیران:زۆر پەشیمانم كە لێرەم.
ڕێزان:یەع لە بوون.
بێخاڵ:خۆشكان، ئەرێ گوتتان لەكوێوە هاتووین؟
ڕێزان:نازانم !
سەیران:ُئەی بۆ لێرەین؟
بێخاڵ:ئەوەش نازانم!
ڕێزان:ئەی بۆ كوێ دەڕۆینەوە؟
سەیران:گوتم نازانم.
بێخاڵ:ئەها بیرم كەوتەوە !
ڕێزان:چی؟
سەیران:ئێمە لەكوێ هاتووین.
بێخاڵ:لە عەدەمەوە.
ڕێزان:ئەی چی دەكەین لێرە؟
سەیران:تا ڕووبەڕووی قەدەر ببینەوە.
بێخاڵ:بەچی؟
ڕێزان:بە ڕەش بینییەكەی شۆپنهاوەری گەواد و چەكوكەچەی نیچەی سمێڵ حیز و بەردەكەی هاوڕێ سیزیفی گەمژە.
سەیران:هاوڕێیان، ئەرێ هــەر نەتان گوت بۆ كوێ دەڕۆینەوە؟
بێخاڵ:بۆ قوزی قەحپە، بۆ عەدەم، بۆ جەهننەم، جا ئەوە كەی كێشەیه؟
ڕێزان:تكایە، بمگەڕێننەوە سەر ڕەچڵەكی ڤایرۆسە حیزەكە.
بێخاڵ:ئەرێ بەچی هەوساری ئەو هەموو گومان و نا دڵنیایی و قەڵەقییەی وجود، و ئاژاوە و شەڕانگێزی مرۆڤەكان و قێزەونی و ناعەدالەتی ژیان بكەین؟
ڕێزان:دیسان هەر قانوونی عەبەس!
سەیران:عەبەس، تاقە ڕێگای ڕزگاربوون.
هەرسێكیان پڕ بە گەروو دەگوڕێنن:بژی عـەبەسییەت.
-------------------------
٭لە "ماكبێس"ی شكسپیرم وەرگرتییە.
٭وتەیەكی نیچەیە.
٭وتەیەكی دۆیستۆیفسكییە و لە ڕۆمانی" تاوان و سزا"م وەرگرتووە.