
25
ماتـــڕیالیزمـی مێژوویـی سمێڵ
بێخاڵ:سمێڵ زل و جامانە بەسەر و شەڕواڵ لەپێی کورد،
سەیران:چی؟
ڕێزان:هەزار ساڵ لەدواوەی شارستانییەتن
بێخاڵ: ژن کوژ و خێڵەکین.
ڕێزان:بژی سمێڵ.
سەیران:نا بۆ سمێڵ.
بێخاڵ:با بمرێت سمێڵ.
ڕێزان:بە نەفرەت بێت سمێڵ.
سەیران:با ون بێت سمێڵ.
بێخاڵ:بۆ دۆزەخ سمێڵ.
ڕێزان:من یاخیم لە سمێڵ.
سەیران:بەو دەستانەم دەتخنکێنم ئەی سمێڵ.
بێخاڵ:بێ دەنگ بە سمێڵ.
ڕێزان:ڕێزی خۆت بگرە ئەی سمێڵ.
سەیران: سووکت دەکەم ئەی سمێڵ.
بێخاڵ:واز لە ژن کوشتن بێنە سمێڵ.
ڕێزان:چەکەکەی پاکدەکردەوە سمێڵ.
سەیران:گوللەیەک بە هەڵە لەدەستی دەرچوو سمێڵ.
بێخاڵ:وەیش کە گوناحە سمێڵ.
ڕێزان:بە هەڵە خوشکەکەی خۆی کوشت سمێڵ.
سەیران:خوشکم دەڵێن بە هەڵەبوو!
بێخاڵ:قەزا و قەدەری سمێڵ بوو.
ڕێزان:نەخۆشی دەروونی هەبوو کاکە سمێڵ.
سەیران:سمێڵ سمێڵ دەکوژێت، بە هەڵە بوو.
بێخاڵ: سمێڵ کەر دەکوژێت، نەخۆشی دەروونی هەبوو.
ڕێزان:جەنگی جیهانی دوومیش هەر بە هەڵە بوو، گولەیەک لە دەستی سمێڵ هیتلەر دەرچوو
سەیران:هاهاها.
بێخاڵ:هی یەکەمیش هەر بە هەڵە لە لایان سمێڵێکەوە، گوللەیەک بەرسەری شازادەی نەمسا بەڕێز سمێڵ(فرانز فردیناند) کەوت.
ڕێزان:تیرۆرکردنی مستەر سمێڵ(جۆن کەنەدی)ش بە هەڵەبوو.
سەیران: بەڵێ هی ئەنوەر ساداتی سمێڵیش هەڵەبوو.
بێخاڵ:مارلین مۆنرۆیش دەڵێن بە هەڵە خۆی کوشت.
ڕێزان:کچێ هەڵەی چی؟ وەک شازادە دایانا کوشتیان، کوشتیان.
بێخاڵ:خوشکان دەزانن ئەو کوردە بۆرەیە زۆر خۆشیشە، ببوورن مەبەستم خۆشباوەڕیشە؟
ڕێزان:زۆر
سەیران:ئێ ئەو هەموو بکوژه سمێڵ حیزە، چۆن خۆیان لە سزای تاوانی کوشتن و دادگا قورتاربکەن، گەر نەڵێن بە هەڵەبوو یان کاکە سمێلی تاوانبار و بکوژ، نەخۆشی دەروونی هەیە.
بێخاڵ:ئاخ سمێڵ.
ڕێزان:سمێڵ وای گوت.
سەیران:گەورەم سمێڵ.
بێخاڵ:فەسڵ فەسڵی سمێڵە.
ڕێزان:هەر سمێڵە چرۆدەکات.
سەیران:هەر قامچی سمێلە و بەلاماری خەونەکانی ژن دەدات.
بێخاڵ:هەر مینتاڵێنتی سمێڵە و بە فێمێنزم بووندا هەڵدەشاخێت.
ڕێزان:هەر سێدارەی سمێڵە لە بەرامبەر ئازارەکانی ژن
ختکەدەکات.
سەیران:هەر سمێڵە و خەونەکانی ژن دەخنکێنێت.
بێخاڵ:هەر سمێڵە و خۆزگەکانی ژن بێ سەر و شوێن دەکات.
ڕێزان:ئێرە سمێڵخانەیە سمێڵخانە.
سەیران:مەلا سمێڵ
بێخاڵ:مام حاجی سمێڵ
ڕێزان: سەید سمێڵ
سەیران:شێخ سمێڵ، فوئادە سمێڵ، خالدە سمێڵ، حەمەدە سمێڵ.
بێخاڵ: مام ساڵحە سمێڵ، خاڵە سمێڵ، مامە سمێڵ، ئامۆزا سمێڵ.
ڕێزان: مامۆستا سمێڵ، ئەندازیار سمێڵ، دکتۆر سمێڵ، فەیلەسوف سمێڵ.
سەیران: بەڕێز بیرمەند و ڕۆشنگەر سمێڵ، پارێزەر سمێڵ، کاکە سمێڵ، ئەفسەر سمێڵ، پاسەوانی سنووری سمێڵ.
بێخاڵ: دادە سمێڵ، باجی سمێڵ، خاتوو سمێڵ.
ڕێزان:سمێلۆژیست.
سەیران:گەڕەکی سمێڵان، کۆڵانی سمێڵان، قوتابخانەی دواناوەندی سمێڵانی تێکەڵاو.
بێخاڵ:وانەی سمێڵ بۆ هەموان، ئەلفبێی سمێڵ، بەڕێوەبەر سمێڵ، نەخۆشخانەی لە هاوارهاتنی سمێڵان، شەقامی سمێڵان.
ڕێزان: شاری سمێڵ، پایتەختی سمێڵ، شارەدێی سمێڵ، پارکی سمێڵ، چایەخانەی سمێڵ، کتێبخانەی گشتی سمێڵ، زانکۆی سمێڵ، پرۆژە یاسای سمێڵ.
سەیران:قانوونی باری کەسێتی سمێڵ، خێڵی سمێڵ، قەبیلەی سمێڵ، پیاوانی سمێڵ، جەژنی سمێڵ، دەستوور و حوکمی سمێڵ.
بێخاڵ:ئەتەکێتی سمێڵ، نەریتی سمێڵ، کولتووری سمێڵ، وێستگەی سمێڵ، فەرمانگەی سمێڵ، مزگەوتی سمێڵ، مەساجخانەی سمێڵ، قەحپەخانەی سمێڵ.
ڕێزان:مەزهەبی سمێڵ، حزبی سمێڵ، چێشتخانەی سمێڵ، ساردەمەنی سمێڵ، باخچەی منداڵانی سمێڵ، دووڕیانی سمێڵ.
سەیران:سینەما سمێڵ، فیلمی سمێڵ، شانۆی سمێڵ، شیعر و ڕۆمانی سمێل، فیکر و ئایدیای سمێڵ.
بێخاڵ: کامێرامان سمێڵ، ستۆدیۆی سمێڵ، ستایلی سمێڵ، سەرتاشخانەی سمێڵ، مەلەوانگەی سمێڵ، گۆشتفرۆش و سەر و پێخانەی سمێڵ.
ڕێزان:گەراجی سمێڵ، پەنچەرچی و ڕوونگۆڕی سمێڵ، تیپی تۆپی پێی سمێڵ، یانەی باسکەی سمێڵ، یاریگای سمێڵ، هاندەر و هەوادارانی سمێڵ.
سەیران: بڕیاری بەڕێز سمێڵ، ڕێکەوتنی نێوان سمێڵەکان، کابینەی سمێڵ، لیستی سمێڵ، پەڕلەمانتار سمێڵ، ماراسۆنی سمێڵ، مێژووی سمێڵ.
بێخاڵ:سمێڵ گەرا، کۆژیتۆی سمێڵ:
من سمێڵم هەیه، کەواتە من هەم.
سمێڵ وای گوت، سمێڵ تێز، ئەنتی تێزسمێڵ، سەنتێز سمێڵ.
ڕێزان:ڕۆحی جیهانی سمێڵ، ماتریالیزمی میژوویی سمێڵ، فەلسەفەی سمێڵ، تیۆری سمێڵ، زانستەکانی سمێڵ، سێملەکانی جیهان یەک بگرین.
سەیران:سمێڵ تووڕەبوو، سمێل ژنێکی کوشت، سمێڵ ژنەکەی خۆی تەڵاقدا، دوو بنەماڵە سمێڵ بەشەڕهاتن و چوار سمێڵ کوژران و دوو سمێڵیتریش بە سەختی برینداربوون.
بێخاڵ:
شازدە سمێلیتر لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بەر لە بیست ساڵە، کوژران. سمێڵ تەقە دەکات، سمێڵ جوێن دەدات، سمێڵ لە ژن دەدات، سمێڵ نەخۆشی دەروونی هەیه و خەنجەرەکەی لەبەرپشتوێنەکەی دەردێنێت و خوشکەکەی خەڵتانی خوێن دەکات.
ڕێزان:زۆر قۆزه سمێڵ.
سەیران:چاومانە سمێڵ.
بێخاڵ:یەع لە سمێڵ.
ڕێزان:چی گوت سمێڵ؟
سەیران:نێــرەکـــــــەرە، سمێڵ.
بێخاڵ:دەمانکوژێت سمێڵ.
ڕێزان:من زۆر دەترسم لە سمێڵ.
سەیران:زۆر مەترسیناکە سمێڵ.
بێخاڵ:خوێن بەری چاوەکانی گرتووە سمێڵ هات.
ڕێزان:بێ منەتین لێت ئەی سمێڵ.
سەیران:لە زمان تێناگات سمێڵ.
بێخاڵ:کچانی ماد فێری زمانت دەکەن ئەی سمێڵ.
ڕێزان:سمێڵی کوڕی سمێڵ.
بێخاڵ:هاربووە سمێڵ.
سەیران:پەلامار دەدات سمێڵ.
ڕێزان:پێم گوتی بوەستە ئەی سمێڵ.
بێخاڵ:پۆپۆلیستە سمێڵ.
سەیران:دەمارگیریشه سمێڵ.
ڕێزان:خێڵەکی سمێڵ.
بێخاڵ:نێرگەرا سمێڵ.
سەیران:فشەکـــەر سمێڵ.
ڕێزان:کوڕی سەگ سمێڵ.
بێخاڵ:داوەشێیت سمێڵ.
سەیران: بێدەنگبە سمێڵ.
ڕێزان:دەمت داخە سمێڵ.
بێخاڵ:ژەهری مار ئەی سمێڵ.
سەیران:تکایە سمێڵ.
ڕێزان:بابەسبێت سمێڵ.
بێخاڵ:بۆتێناگەیت ئەی سمێڵ؟
سەیران:چێبکەین لەگەڵ سمێڵ؟
ڕێزان: ژیانی وێرانکردین سمێڵ.
بێخاڵ:کۆیلایەتی داهێنا سمێڵ.
سەیران:گرتووخانەی دروستکرد سمێڵ.
ڕێزان: دۆزەخی ڕۆنا سمێڵ.
بێخال:کچینە، ڕاکەن سمێڵ هات.
هەرسێکیان پێکەوە: ئاخخخخخخخخخخخخ سمێڵ، ئاخخخخخخخ.
-------------------------
تێبینی:سمێڵ:لێره هێمایه بۆ ئەقڵییەتی نێرسالاری، نەک سمێڵ وەک خودی سمێڵ خۆی.