حەمە هاشم

بەشی يەکەم

پۆستمۆدێرنیزم وا پێناسە دەکرێت وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە بیرۆکە و بەهاکانی مۆدێرنیزم سەری هەڵدابێت، هەروەها وەسفکردنی ئەو قۆناغەی کە دوای باڵادەستی مۆدێرنیزم لە لایەنی تیۆری و پراکتیکی کولتووریدا لە دەیەکانی سەرەتا و ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا روبەڕومان هات.

ئەم زاراوەیە پەیوەستە بە گومانخوازی و ئاڵۆزی و ڕەخنە فەلسەفییەکانی چەمکی ڕاستییە گشتگیرەکان و واقیعە بابەتییەکان.

ئەم زاراوەیە بۆ یەکەمجار لە دەوروبەری ساڵی ١٩٧٠ بەکارهاتووە، ئەگەر بمانەوێ وەک بزووتنەوەیەکی هونەری پۆستمۆدێرنیزم پێناسە بکەین تا ڕادەیەک پێناسەکردنەکەمان ئاڵۆز دەبێت و بەهۆی جیاوازییە فیکرییەکانی لەسەر بزووتنەوەکە هەیە لە هونەردا بابەتەکە کەمێک ڵێڵ دێتە بەردیدە، وەک چۆن کەسێک پۆستمۆدێرن نییە بەڵام شێواز یان تیۆرییەکانی ئاماژە پێدەکات لە هونەرەکەییدا و ئەم ئاماژانە لەسەری وەک متمانەیەک وایە بۆ کارەکانی.

پۆستمۆدێرنیزم زۆر ڕێبازی جیاواز بۆ دروستکردنی هونەر لەخۆدەگرێت، و ڕەنگە گونجاوترین بۆچوون ئەوە بێت کە دەڵێت لە ساڵانی شەستەکاندا لە هونەری پۆپەوە دەستیپێکردووە و زۆرێک لەو شتانەی کە بەدوایدا هاتوون دەچنە خانەی پۆستمۆدێرنیزمەوە و زۆر بابەتی جیا جیا لەخۆدەگرێت لەوانە هونەری چەمکگەرایی، دەربڕینخوازی نوێ، هونەری فێمینیست و تەوژمە هونەرییە جیاجیاکانی هونەرمەندانی گەنجی بەریتانی ساڵانی نەوەدەکان.

🔺پۆستمۆدێرنیزم و مۆدێرنیزم

پۆستمۆدێرنیزم کاردانەوەیەک بوو دژی مۆدێرنیزم، مۆدێرنیزم بە گشتی لەسەر بنەمای ئایدیالیزم و دیدێکی یۆتۆپیایی بۆ ژیان و کۆمەڵگای مرۆڤ و باوەڕبوون بە پێشکەوتن بوو.

وای گریمانە دەکرد کە دەتوانرێت هەندێک لە بنەما گشتگیرەکانی کە لەلایەن ئایین یان زانستەوە داڕێژراون، بۆ تێگەیشتن یان ڕوونکردنەوەی واقیع کەڵکیان لێ وەربگیرێت.

هونەرمەندانی مۆدێرنیستی تاقیکردنەوەیان لەسەر فۆرم و تەکنیک و ئەزموونەکان دەکرد نەک سەرنجیان لەسەر بابەتەکان بێت، پێیانوابوو دەتوانن ڕێگەیەک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی تەنها ڕەنگدانەوەی جیهانی مۆدێرن بێت.

لە کاتێکدا مۆدێرنیزم بۆخۆی لەسەر بنەمای ئایدیالیزم و عەقڵ دامەزراوە، بەڵام هەرچی پۆستمۆدێرنیزمە لە سەر گومان و دیدگاکانی ئەودیوی عەقڵ لەدایک بووە، هەروەها تەحەدای ئەو تێڕوانینەی کرد کە دڵنیایی یان ڕاستییە رەهاکان هەن.

هونەری پۆستمۆدێرن سوودی لە فەلسەفەی ناوەڕاست تا کۆتایی سەدەی بیستەم وەرگرتووە و بانگەشە بۆ ئەوە دەکات کە ئەزموونی تاکەکەسی و لێکدانەوەی ئەزموونەکەمان کۆنکرێتتر بێت لە بنەما ئەبستراکتەکان، لە کاتێکدا مۆدێرنیستەکان پاڵپشتی ڕوونی و سادەییان دەکەن؛ پۆستمۆدێرنیزم چینە ئاڵۆز و زۆرجار دژبەیەکەکانی مانا لەخۆدەگرێت.

🔺 ڕووخسارەکانی پۆستمۆدێرنیزم

بە شێوەیەکی سروشتی پۆستمۆدێرینیزم دژە دەسەڵاتخوازییە، پۆستمۆدێرنیزم ڕەتیدەکاتەوە دان بە دەسەڵاتی هەر تاکە شێوازێک یان پێناسەیەکدا بنێت کە هونەر دەبێ چی بێت.

جیاوازی نێوان کولتوری باڵا و کولتووری جەماوەری یان میللی، نێوان هونەر و ژیانی ڕۆژانە، لەبەر ئەوەی پۆستمۆدێرنیزم یاسا دامەزراوەکانی سەبارەت بە ستایل شکاند، پێی وایە هونەرمەند نابێ وابەستەبێت بە شێوازێکی کارکردنی تایبەت، سەردەمێکی نوێی ئازادی و هەستێکی ناساند کە ‘هەر شتێک هونەرمەند ئارەزووی دەکات و بنەماکانی تۆکمەیی تێدابێت لەگەڵی دەڕوات

وە ڕوبەڕووی سنووری سەلیقە بەستەڵەکبووەکان دەبێتەوە؛ بەڵام لە هەمووی گرنگتر، ڕەنگدانەوەی خۆئاگاییە بۆ خودی شێواز و ستایل.

زۆرجار بە تێکەڵکردنی شێواز و ماتریاڵی هونەری و باو و جیاواز، هونەری پۆستمۆدێرنیستی دەتوانێت بە ئاگاداری و خۆئاگایانەی هونەرمەند شێوازە کۆنەکانی هونەر دووبارە بکاتەوە یان بە شێوەیەکی دیکە کار لەسەر کۆمەڵێک ستایلی ڕابردوو بکات.