
حەمەسەعید حەسەن
خوێندنه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی كارێكی چاكه، چونكه زانیاریمان پێ ده‌به‌خشێت، وه‌لێ خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی، وێڕای به‌خشینی زانیاری، وامان لێ ده‌كات، ئینسانێكی باشتر بین له‌وه‌ی كه هه‌ین، ئه‌وه بۆیه ئه‌وانه‌ی ئه‌ده‌ب ده‌خوێننه‌وه، زێتر جێی متمانه‌ن. ئه‌و كه‌سانه‌ی ئێمه له‌نێو كتێبدا ده‌یانبینین، له كه‌سانی زیندوو ده‌چن، ته‌واو وه‌ك ئێمه ده‌په‌یڤن، هه‌ناسه ده‌ده‌ن، ده‌گرین و پێده‌كه‌نن، وه‌لێ كاتێك ده‌خوازین باوه‌شیان پێدا بكه‌ین، وه‌ك ئه‌وه وایه هه‌وا له ئامێز بگرین. خوێندنه‌وه وه‌ك سه‌كۆی شانۆیه‌ك وایه، تێیدا نووسه‌ر و خوێنه‌ر، سه‌رقاڵی نمایشكردنی شانۆنامه‌یه‌كی فانتازی ئامێزن، له‌و نمایشكردنه‌دا، ڕۆڵی خوێنه‌ر هیچی له ڕۆڵی نووسه‌ر كه‌متر نییه. جۆزیف كۆنراد له نامه‌یه‌كدا بۆ هاوڕێیه‌كی ده‌نووسێت: (هه‌واڵێكی چه‌ند خۆشه، كه كتێبه‌كه‌مت به دڵه، ئه‌گه‌ر چی ئه‌وه‌ی من نووسیومه، ته‌نیا نیوه‌ی یه‌كه‌می كتێبه‌كه‌یه و نیوه‌ی دووه‌میم بۆ خوێنه‌ر جێ هێشتووه، ته‌واوی بكات.)
كتێبی چاک وا له خوێنه‌ر ده‌كات، هه‌ست بكات، ئه‌وەی ده‌یخوێنێته‌وه، ئه‌زموونی خۆیه‌تی. ئه‌ده‌بی چاک له‌ناكاو، شتێكی گرنگمان وه‌بیر دێنێته‌وه، كه پێشتر زانیومانه، وه‌لێ له یادمان چووه‌ته‌وه. هاوژینه‌كه‌ی تۆلستۆی له سه‌روه‌ختی پاكنووسكردنی (شه‌ڕ و ئاشتی)دا، ده‌كه‌وێته ئه‌تمۆسفێرێكی هێنده شاعیرانه‌وه، پێی وا ده‌بێت، ئه‌وه ڕۆمانه‌كه نییه كه هێنده جوانه، به‌ڵكوو ئه‌وه خۆیه‌تی كه هێنده زیره‌كه. نووسینی جوان، كارێكی تا بڵێیت سه‌خت و ئه‌سته‌مه، بۆیه هێنده كاریگه‌ره، سه‌رنجی هه‌ر دێڕێک یان په‌ره‌گرافێک له نووسینێكی جوان بده‌یت، وا هه‌ست ده‌كه‌یت، نووسه‌ره‌كه‌ی به باشترین شێوه دایڕشتووه و هیچ ئه‌ڵته‌رناتیڤێكت به خه‌یاڵدا نایه‌ت، له‌وەی نووسه‌ر باڵاتر بێت.
مه‌شقكردن و كاری به‌رده‌وام، وه‌ک چۆن بۆ هه‌موو بوارێک پێویستن، له نووسینیشدا هه‌مان بایه‌خیان هه‌یه. بیرۆكه و ڕیتم، دووانه‌یه‌كن، بێ یه‌كدی ناژین، نووسه‌ری چاک، به‌ده‌گمه‌ن وشه‌یه‌ك له هه‌مان ڕسته‌دا دووباره ده‌كاته‌وه. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بۆ نموونه له ڕسته‌ی یه‌كه‌مدا (كۆچ)ی به‌كار هێنابوو، له ڕسته‌ی دووه‌مدا، هانا بۆ (ڕه‌و) ده‌بات و (كۆچ) دووباره ناكاته‌وه. نووسه‌ران به ده‌گمه‌ن باسی ته‌كنیكی كاركردنی خۆیان ده‌كه‌ن، ئه‌وی خوازیاره له نهێنییه‌كانی چۆنییه‌تی كاركردنیان تێبگات، هیچ ڕێگه‌چاره‌یه‌كی دیكه‌ی نییه، بێجگه له‌وه‌ی به وردی له به‌رهه‌مه‌كانیان بكۆڵێته‌وه.
نووسه‌ر بۆ كێ ده‌نووسێت؟ مارگرێت ئابێنیوس ده‌یگوت: (بۆ خوێنه‌رێكی نه‌بینراو ده‌نووسم.) ئه‌وی نامه بنووسێت، ده‌زانێت ڕووی ده‌می له كێیه، وه‌لێ بۆ نووسه‌ر، ده‌ستنیشانكردنی وه‌رگر، كارێكی ئاسان نییه. ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر نووسه‌رێكی خۆش بوێت، دڵی له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر دێڕێكی نووسینه‌كانیدا، لێ ده‌دات، ئه‌گه‌ر قینی لێی بێت، به نرخی خۆڵه‌مێش، پشكۆی وشه‌كانی لێ ده‌كڕێت. ستیگ داگه‌رمان هێنده به ترسه‌وه ده‌ینووسی، ده‌یگوت: (بووم به كۆیله‌ی ناوی خۆم، زۆر ترسی ئه‌وه‌م هه‌یه، دێڕێك بنووسم، ناوه‌كه‌م بریندار بكات.)
نووسه‌ری چاک ته‌نیا له‌و بواره‌دا ده‌نووسێت كه شاره‌زاییی تێیدا هه‌یه. نووسه‌ر با به‌سه‌ر زمانیشدا زاڵ بێت، ئه‌گه‌ر له بوارێكدا كه بواری شاره‌زاییی ئەو نییه، خۆی تاقی كرده‌وه، زمان به هانایه‌وه نایه‌ت و ده‌گلێت. نووسه‌ری چاک له‌ڕێی ڕسته‌یه‌ك یان دێڕێكه‌وه یان ته‌نانه‌ت له‌ڕێی ڕه‌وتار و بیركردنه‌وه‌ی كاره‌كته‌رێكه‌وه، حوكم له‌سه‌ر به‌رهه‌مێكی ئه‌ده‌بی نادات، ئه‌گه‌ر وای كرد، خوێنه‌ر متمانه‌ی پێ ناكات. نووسه‌ری چاك له شته بچووكه‌كاندا، شتی گه‌وره ده‌بینێت، وه‌لێ نووسه‌ری بێ‌توانا، پێی وایه ده‌ستڕه‌نگینی له‌وه‌دایه باسی شته گه‌وره‌كان بكات.
مێتۆدێكی دیاریكراو نییه، تا نووسه‌ر ڕه‌چاوی بكات و ئیدی خاترجه‌م بێت له‌وه‌ی هه‌ر چییه‌كی نووسی بایه‌خداره، ته‌نیا ئه‌وه فریای نووسه‌ر ده‌كه‌وێت كه متمانه‌ی ته‌واوی به توانای خۆی نه‌بێت و به‌رده‌وام به ترس و دڵه‌ڕاوكێوه بنووسێت. سامۆێل به‌تڵه‌ر دوو مۆچیاریی هه‌یه، یه‌كه‌میان: كه شیعرێكت نووسی، له خۆت بپرسه، ئایا ئه‌وەی نووسیومه به‌رگه‌ی سه‌د ساڵی داهاتوو ده‌گرێت، یان هه‌ر زوو ئێكسپایه‌ر ده‌بێت؟ دووەمیان: تێكسته‌كه‌ت به‌كاوه‌خۆ و به ده‌نگی بڵند، بۆ خۆت بخوێنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ست به كه‌موكوڕییه‌كانی بكه‌یت. نووسه‌ری چاک به وردی به‌سه‌ر نووسینه‌كانیدا ده‌چێته‌وه و هه‌موو ئه‌و وشه، ڕسته، دێڕ و په‌ره‌گرافانه بژار ده‌كات كه وا ده‌كه‌ن تێكسته‌كه‌ی قه‌ڵه‌و بنوێنێت.
ستریندبێری بۆیه به نه‌مری ماوه‌ته‌وه، چونكه به جۆرێک خێزانی سوێدیی پێكه‌وه گرێ داوه، سوێدییه‌كان له به‌رهه‌مه‌كانی وی‌دا بۆ ڕه‌گوڕیشه‌ی خۆیان ده‌گه‌ڕێن. ئه‌وی (گوننار ئێكه‌لوێف)ی له‌دوا ڕۆژه‌كانی ژیانیدا دیتبێت، هه‌ستی كردووه، ئه‌و شاعیره به زه‌بری وشه‌ی جوان، گره‌وی له ئازار و مه‌رگ بردووه‌ته‌وه، وه‌لێ ئێریك لینده‌گرێن، له كۆتایی ژیانیدا له داڵێك ده‌چوو، دوای ئه‌و هه‌موو دوورفڕینه، له لاقه‌كانی به‌ولاوه، هیچی دیكه شك نه‌با، پشتی پێی قایم بێت.
بۆچی ده‌نووسیت؟ سه‌مۆێڵ بێكێت له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا گوتبووی: (ئاخر هیچ ئیشێكی دیكه نازانم.) ئۆلۆف لاگه‌ركرانتز پێی وایه، نووسین له‌گه‌ڵماندا له دایک ده‌بێت، قه‌ده‌رێكه توانای ئه‌وه‌مان نییه، خۆمانی لێ لا بده‌ین، ته‌نیایییش یه‌كێكه له‌و هۆكارانه‌ی خه‌ڵک بۆ نووسین هان ده‌دات، كه كه‌سمان شك نه‌برد، گوێمان بۆ ڕادێرێت، ئیدی ناچار ده‌بین، بنووسین. ئه‌گه‌ر هه‌ست ده‌كه‌یت، دوا نووسینت له‌وی پێشووت به‌هێزتر نییه، ئه‌گه‌ر وای بۆ ده‌چیت، هیچ توانای تازه له وشه كۆنه‌كاندا نادۆزیته‌وه، ئه‌گه‌ر پێت وایه، هه‌ر هه‌مان ده‌ربڕین و قسه‌كانی پێشووت دووباره ده‌كه‌یه‌وه، چی زووتره، ده‌ست له نووسین هه‌ڵبگره!
*
Olof Lgercrantz, Om konsten att läsa och skriva, Sandbok AB 2003 Falun.