
جەژن
عارفە بوو..
گەڕەک چۆڵ چۆڵ.
هەموویان چووبوونە بازاڕ
هەر منداڵە هەتیوەکە
کز
کز
لەبەرقاپی ماڵەکەیاندا،
وەستا بوو.
کە هاتنەوە؛
کڵاوی نوێ و
کورتەک و شەرواڵی نوێ و
پشتێندی نوێ و
کەوشی تازەیان ،
کڕی بوو.
لێ ،
کە زارۆی هەتیویان دی،
لەهەموویان پۆشتە تر بوو،
توومەز؛
پەپووسڵێمانکە ، کڵاوەکەی و
کۆترە شینکە ، کورتەک و شەڕواڵەکەی و
رەنگاڵە ، پشتێنەکەی و
پەڕەسێلکە،
کەوشەکەی خۆی پێبەخشی بوو.