هەڵكەوت محەمەد

بەشی یەکەم

گۆڕان بەرەو کشتوكاڵ کردن و ئاژەڵداریی لە نزیکەی ١٢ هەزار ساڵ لەمەوبەر لەو ناوچەیەی بە ڕۆژهەڵاتی نزیک ناودەبرێ و کوردستان بەشێکیەتی، دەستیپێکردووە. یەکەمین لادێکانی پێش دەرکەوتنی گڵسازیی دەرکەوتن. کۆمەڵگە بچووکەکان یەکەمین چاندنی دوولەپەکان و دانەوێڵەیان دەستپێکرد. هەڵبەت وەکو پێشووتر باسکرا، بەڵگەکانی شوێنەوارناسیی دەریدەخەن و دەیسلەمێنن، کشتوکاڵ لە تاکە کونجێکی لاچەپەک رووینەداوە، بەڵکو لە چەند شوێنێک پێکەوە بەرەبەرە پەرەی ستاندووە و بەڵگەی دیکەی بازرگانیکردن و ئاڵوگۆری کاڵا و کەلوپەلیشی لەگەڵ بووە. نموونەی دێرینی DNA نیشانی دەدەن، کشتوکاڵ لە ناوچەکانی ئەناتۆلیاوە لەگەڵ کۆچی جووتیارەکانی ئەوکاتەی ئەو ناوچەیە، بەر لە ٨٤٠٠ ساڵ بۆ ئەوروپا پەڕیوەتەوە.

دەستکەوتنی نموونەی DNA مرۆڤی دێرینی کشتوکاڵسازی سەردەمی شۆڕشی کشتوکاڵ کارێکی زۆر قورسە و هەموو پاشماوەکانی مرۆڤی ئەوکاتە لەبەر شییبوونەوەیان، شیاو نین ئەو جۆرە نموونانەمان بدەنێ، بۆیە پرسیاری هەرە سەرەکیی سەبارەت بەوەی ئایا گۆڕان لە ژیانی کۆمەڵە ڕاوچییەکانەوە  بەرەو جیگیربوون و کشتوکاڵکردن لە ناو کۆمەڵە خەڵکێکی جین هاوشێوە و هاوچەشندا لە ناوچەیەکی بەربڵاوی ڕۆژهەڵاتی نزیک (ئەناتۆلیا و زاگرۆس)، دەستپێکراوە و ئەوان بڵاویان کردووەتەوە؟ یان کۆمەلێک لە هەڵگرانی جینی جیاواز لەو ناوچەیەدا هەبوون و هەر کۆمەڵێک لە لای خۆیەوە کشتوکال و ئاژەڵداریی دەستپیکردووە؟

بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە، توێژەران توانیان لە پاشماوەی ئافرەتێکی شوێنەواری گەنج دارە تەمەن ٣٠ تا ٥٠ ساڵ لە ڕۆژهەڵاتی کرماشان، لە نیوان ١٠ هەزار تا ٩٧٠٠ ساڵ لەمەوبەر ژیاوە، بە ناوی ،GD13a نموونەی DNA وەربگرن. گەنج دارە، شوێنەوارێکی یەکجار بە بایەخی سەردەمی دەرکەوتنی کشتوکال و ئاژەڵدارییە و تەمەنی بۆ ٩٩٥٠ تا ٩٦٥٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. بۆ ماوەی دوو تا سێ سەدە بە بەردەوامیی ژیانی تێدا بووە. لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، دۆزراوەتەوە و چوار گەڕی کنەو پشکنینی لە نێوان ١٩٦٧ بۆ ١٩٧٤ تێدا کراوە. لە ڕۆژهەڵاتەوە دەکەوێتە لێواری ڕۆژهەڵاتی نزیک و لە دامێنی بەرزاییەکانی زاگرۆسە، ١٤٠٠ مەتر لە ڕووی دەریا، بەرزە پێنچ چینی پڕ بەهای تێدا دەستنیشان کراوە، لە سەرەوە بۆ خوارەوە ناویان لە A بۆ E لێنراوە . لە گەنج دارە، کۆنترین بەڵگەی شوێنەوارناسیی بۆ ئاژەڵداریی دەستکەوتووە، مێژووەکەی بۆ ٩٩٠٠ سال لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.

ئابووری نیشتەجێیانی گەنج دارە پشتی بە شوانکاریی بەستبوو، بە تایبەتیش مێگەلەکانی بزن زۆرترین چالاکییان بووە. دۆزینەوەی دەنکە جۆ لە پاشماوەی دۆزراوەکانی گەنج دارە بۆ زانستەکانی شوێنەوارناسیی و کشتوکاڵی دێرین، زۆر پڕ بەهایە، بەڵام هیچ بەڵگەیەک بۆ گەنم نەبووە. بەوجۆرە گەنج دارە دەیسەلمێنێ زۆر پێش لێڤانت، ئەناتۆلیا و دۆڵێ میسۆپۆتامیای باکوور، چاندنی دانەوێڵەیان کردووە. لێرەدا دەبێ ئەوەمان لەبیر نەچێ، ئەگەر بە مێژوودا بۆ ٩٩٠٠ ساڵ بگەڕێئنەوە، ئەوا ئەو کاتە ئەوانەی بە ئاریاییەکان ناسراون و خۆیان بە خاوەنی ئەو خاکەی ئێستە لەسەری دەژین، دەزانن، ئەوان لە هیچ کونجێکی دامێنی زاگرۆس و تەنانەت ئەوەی ناوی ئێرانە، دەرنەکەوتبوون.

 بەشێکی باشی زنجیرەی جینەکانی ئەو ئافرەتەی گەنج دارە لە پارچە ئیسقانی سەر شەویلاگی سەرەوەی پەیکەرە ئێسقانی GD13a دەرهێندرایەوە و تا راددەیەکی زۆر، بێ خەوش بوو. زانیارییەکانی DNA مایتۆکۆندریای ئەو نموونەیە لە بەشی X2ی هاپلۆگروپی Xە. هاپلۆگروپ کۆمەڵێک ئەلێلێن، هەر جینێک دوو ئەلێلێی لەسەرە، چۆنییەتی ڕێککەوتنی دوو نیوکلیۆتایدەکان جۆری ئەلێلێ دیاریدەکەن و ئەویشیان کار و چالاکی جینەکان دیاریدەکەن، زۆربەی ئەلێلێیەکان یان هیچ کارێکیان نییە، یان چالاک نین. دووبارەبوونەوەی ئەلێلێ لە نێوان کۆمەڵە خەڵکێک پێی دەگووترێ ئەوانە سەر بە هەمان هاپلۆگروپن. هاپلۆگروپی X2 لەگەڵ بڵاوبوونەوەی مرۆڤ بە ڕۆژهەڵاتی نزیکدا گرێدراوە، واتا ئەو بڵاوبوونەوەیە نیشان دەدات، چونکە لە نموونە دێرینەکانی سەردەمی دەرکەوتنی کشتوکاڵ لە ئەناتۆلیا، هەنگاریا و ئەڵمانیایشدا، دۆزراوەتەوە.

 لە بەراوردکردنی جینەکانی نموونەی GD13a ئافرەتەکەی گەنج دارە لەگەڵ نموونەی دیکەی مرۆڤی دیرین و نوێ، بە بەکارهێنانی ئامرازی شیکاری پێکهاتەی سەرەکیی، ئەویش ئامرازێکی ئامارە لە زانستی بۆماوەیی خەڵک بەکاردێت تا پێکهاتەی جیاوازی بۆماوەیی لە ڕیگەی جوگرافیا و ڕەچەڵەک تێبگات. ئینجا، تەکنیکی ADMIXTURE- واتا تێکەڵبوونی جینەکانی خەڵکانی ڕەچەڵەک جیاواز ئێمە ناوی دەنێین "تێکەڵە" و ئامرازی ئاماری ناونراو بە کۆمەڵەی دەرەوە f3 ، کە تەکنیکێکی ئامارە بڕی گۆڕانی هاوبەش لە کۆمەڵە خەڵکێکدا دەپێوێت، دەکرێت گۆڕانەکان دەرکەون و بمێننەوە، ئەگەریش هەیە هەر خۆیان دیار نەمێنن و لە ناوبچن، دەرکەوتووە GD13a لە هەرسێ ئامراز و تەکنیکی سەرەوە، لە هیچ کەسێکی دێرینی دیکەی ناوچەی ئوراسیا نزیک نییە.

ئەنجامی تەکنیکی "تێکەڵە" دەڵێ ئەو ئافرەتە لە کۆمەڵە ڕاوچییەکانی ڕۆژئاوای گورجستان، کە دەکەوێتە باکووری بەرزاییەکانی زاگرۆس نزیکە، چونکە ئەو کۆمەڵە ڕاوچییانە زۆرترین نزیکییان نیشان داوە. لە هەمان کاتدا شیکیاری پێکهاتەی سەرەکیی نزیکیی لەگەڵ کۆمەڵی دیکەی باشووری ئاسیای ناوەڕاست نیشان دەدات، وەکو بەلوچ، مەکرانی و براهوی. کۆمەڵێکی دیکەی نزیک لە نموونەی GD13a ئەوانەی یامنایا و ئافاناسیڤۆن، هەردووکیان لە دێر زەماندا کۆچیان بەرەو ئەوروپا کردووە. یامنایا کلتوورێکە  بە کلتووری کونە گۆرەکانیش ناسراوە، لە کۆتایی چاخی مس و سەرەتای چاخی برۆنز لە نزیک رووباری ئۆراڵ دەرکەوتووە. لە نێوان ساڵانی ٣٣٠٠ تا ٢٦٠٠ ساڵ پێش زایین، هەبووە.  ئافاناسیڤۆنیش کلتوورێکی باشووری سایبیریایە لە نزیک چیاکانی ئالتای دەرکەوتووە و لە نێوان ٣٣٠٠ تا ٢٥٠٠ ساڵ هەبووە.

بە گەڕانەوە بۆ بەراوردێکی دیکەی نێوان نموونەکەی گەنج دارە لەگەڵ کۆمەڵە ڕاوچییەکانی قەوقاز و ئەوانەی ئێستە لەو ناوچەیە دەژین تا لێکچوونی جینەکانی ئەندامەکانی جەستە ((clade بدۆزرێنەوە، زۆربەی ئەو نموونانەی لە ڕۆژئاوای قەوقاز وەرگیراون نزیکیی خەڵکی دێرین و هاوچەرخی قەوقاز لە کۆمەلە ڕاوچییەکانی قەوقازی بەر لە دەرکەوتنی کشتوکاڵ نیشان دەدەن. بەڵام بە بەکارهێنانی ئامرازی ئامار-د یان D-statistics ئە ونزیکیییەکان لەگەڵ نموونەکەی گەنج دارە، نییە. لە چاو قەوقازییەکان، جینەکانی ئەو ئافرەتەی گەنج دارە بۆ زۆر لە دانیشتووانی ئەوروپای ساڵانی دواتر گواستراوەتەوە، کۆچی ئەوکاتە بەرەو ئەنادۆڵ و دواتر بەرەو ئەوروپای بردووە.