ستار ئەحمەد

 

 

كە شیعرێك

 له‌ خاكی ده‌روونم دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌

له‌گه‌ڵ به‌فرا ده‌توێته‌وه‌

كێ ده‌توانێ

 ڕووی خۆر به‌شه‌خته‌ داپۆشێ

بابێت زامه‌كانم به‌ ئاگر پینه‌كا

شیعریش وكو ئێمه‌

به‌كۆچ نه‌شوونما ده‌كا

خاڵێك له‌ په‌راوێزی ناسنامه‌كه‌مه‌وه‌

بووه‌ هێشووی ترێی ئه‌زمڕ

شارێك له‌ گڵۆپی شه‌قامه‌كانا توایه‌وه‌

بووه‌ تیشكێكی به‌رزه‌فڕ

ئه‌وه‌تا چه‌ندین ساڵه‌

به‌دوایدا ئاواره‌م

به‌دوای گیانی دایكما ده‌فڕم و

له‌ خوێنی خۆما گلۆر ده‌بمه‌وه‌

نه‌ به‌ هاوڕازی چرۆی هیواكانم ده‌گه‌م

نه‌ له‌گه‌ڵ سووتانی كانیه‌كا

له‌گه‌ڵ بارینی بارانا

وه‌كو گه‌واڵه‌یه‌كی كه‌مته‌مه‌ن ده‌ڕه‌وێمه‌وه‌

هه‌موو شتێك

ڕۆژێك بارخانه‌ی ده‌پێچێته‌وه‌

زه‌مین ماچی ئاسمان ده‌كا

شوێنه‌واری زامه‌كانمان كاڵده‌بنه‌وه‌

ئه‌ستێره‌كان هه‌ڵده‌قرچێن و

شه‌وگاره‌كان

له‌پێستی تاریكییا بزر ده‌بن

هه‌ڵبه‌ست ئاكاره‌كانمه‌

له‌ جیهانێكی بێ كۆتاییدا زیندوو ده‌بنه‌وه‌

به‌رامبه‌رم ڕاده‌وه‌ستن

گه‌واهی له‌سه‌ر پاكیم ده‌ده‌ن

لێمده‌پرسن

چیم كردووه‌ بۆ سوودی میله‌ت و

 به‌رزی وه‌ته‌ن

بۆیه‌كه‌ شیعرێك بانگمده‌كا

ده‌ترسم به‌ره‌و مه‌یته‌ری

بوونی خۆم ڕاكه‌م

ده‌ترسم ببمه‌ شاڵاوی ڕق و

به‌سه‌ر نه‌دارو نه‌گبه‌تا داكه‌م

یه‌كسه‌ر خۆم ناده‌م به‌ده‌سته‌وه‌

ده‌زانم ده‌بێ شیعریش كۆچبكا

 ده‌زانم ئه‌ویش داڵده‌ی له‌ ناخما نه‌ماوه‌

ده‌زانم شیعری قه‌ترانی

به‌فرێكی سپیه‌..

بۆ مافی چه‌وساوه‌ سووتاوه‌