محەمەد چاوشین/ قەڵادزێ

کۆمەڵێک لە شیعرەکانی مامۆستا"ھێمن موکریانی" کە پێشتر بە دەستخەتی خۆی نووسیوونی، بۆیەکەم جار لەچوارچێوەی کتێبێکدا، لەژێر ناونیشانی"شیوەنی من شیوەنی ئینسانییە"، چاپ و بڵاو دەکرێنەوە.

ڕۆژی ٣٠ی نۆڤامبری ٢٠٢٣، لە ھۆڵی "ماڵی کەلەپووریی و ڕۆشنبیریی قەڵادزێ"، لە ئێوارە کۆڕێکدا کە بۆ "مامۆستا عەبدە" ھاوڕێی مامۆستا ھێمنی شاعیر سازکرابوو، ناوبراو تیایدا زۆر بەوردی چۆنییەتی ئاشنابوونی خۆی لەگەڵ مامۆستا ھێمندا، چۆنییەتی وەرگرتنی ئەم دەفتەرە شیعرییە دەستنووسانەی مامۆستا لە خودی شاعیر، دواتریش چۆنییەتی ئامادەکردنی ئەم کتێبەی بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە بۆ ئامادەبووان باسکرد و ڕایگەیاند،"بڕیامدا وەکوو سەرمایەیەکی بەنرخی ئەدەبیی، ئەو شیعرە دەستنووسانە لەچوارچێوەی کتێبێکدا چاپ و بڵاو بکەمەوە بۆئەوەی لە فەوتان بیان پارێزم".

سەبارەت بە ناوی کتێبەکەش، عەبدوڵا ساڵح گوتی"بۆیە ناوم نا شیوەنی من شیوەنی ئینسانییە، بۆئەوەبوو کە گەورەییەکەی مامۆستا ھێمن لەچوارچێوەی نەتەوەیەکدا دەرچووبوو و شێعرەکانیشی مۆرکێکی گەورەی ئینسانی و گەردوونییان پێوە دیاربوو، بۆیە ئەو ناوەم بۆ ھەڵبژارد، ھەروەھا یەکێک لە دێڕە شیعرە بەناوبانگەکانی ناوبراویشە".

"مامۆستا عەبدە"کە خۆی ھاوڕێی نزیکی مامۆستا ھێمنی شاعیر بووە، لە لێدوانێکدا بۆ ڕێگای کوردستان ڕایگەیاند"ئەو شێعرە دەستنووسانەی مامۆستا ھێمنم لە کۆتاییەکانی دەیەی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو لە خودی مام ھێمن وەرگرتووە و  پێشکەشی خەڵکی قەڵادزێی کردوون. ھەروەکوو چۆن خۆم پاراستووە، ئەو شێعرە دەستنووسانەی مامۆستا ھێمنیشم ئاواھی پاراستوون".

مامۆستا عەبدە ڕوونیشی کردەوە، ئەو شێعرە دەستتنووسانەی مامۆستا ھێمن ھەمووی بە دەستخەتی خۆی نووسراونەتەوە و پێشتریش لە دیوانە شێعرەکانیدا چاپ و بڵاوی کردوونەتەوە، بەڵام گرنگی ئەم کتێبە ئەوەیە کە شیعرەکان بە خەت و پێنووسی خۆی نووسراونەتەوە و دەبێ بۆ مێژوو بمێننەوە.

بەگوێرەی گێڕانەوەکانی مامۆستا عەبدە کە لەپێشەکی ئەم کتێبەشدا ئاماژەی بۆکردووە، باوکی مامۆستا عەبدە پێشمەرگەیەکی ناسراوی کۆماری کوردستان لە مەھاباد و ئەندامێکی چالاکی حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە، لەدوای ڕوخانی ڕێژیمی شاھەنشاھی لە ئێران، ماڵی مامۆستا عەبدە ئاوارە و پەڕیوەی دیوی باشووری کوردستان و بەدیاریکراویش قەڵادزێ دەبن و لەو شارە نیشتەجێ دەبن.

کاتێک بەھۆی زوڵم و زۆری ڕێژیمی ئێران تێکۆشەرانی کورد ئاوارە و دەربەدەری دیووی باشووری کوردستان دەبن، زۆربەی ئەو تێکۆشەرانە لەماڵی مامۆستا عەبدە دەگیرسێنەوە کە مامۆستا ھێمنی شاعیر یەکێک لەو تێکۆشەرانە بووە. ئەوەش یەکەم ھەنگاوی ئاشنابوونی نووسەری ئەم کتێبەیە بە مام ھێمن موکریانی.

ھەر لەو کۆڕەدا، کۆڕگێڕ تیشکی خستە سەر کۆمەڵێک وێستگەی ژیانی مامۆستا ھێمن کە پێشتر کەمتر ئاوڕیان لێدراوەتەوە و تیایدا باسی زۆربەی ئەو چەرمەسەری و ناخۆشییانەی کرد کە مامۆستا ھێمن لە ژیانی حزبی، سياسى و ئەدەبیی خۆیدا لە ئێران و لە عێراق بەسەری ھاتوون.

دوای کۆڕەکەش کتێبەکە بەدیاری بەسەر ئامادەبوواندا دابەشکرا

مامۆستا"عەبدوڵا ساڵح"، مامۆستایەکی ناسراو و دێرینی شاری قەڵادزێیە. وەکوو کەسایەتی چەپ و دێموکراتخواز، ھەمیشە جێگای متمانەی مامۆستا ھێمنی شاعیر بووە و باوەڕی زۆری پێی ھەبووە.

ناوبراو ئێستا لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێیە.