خدر گوڵانی

بەدیار تریفەی، مانگی ڕوخسارت

خەو هات و خزا سەر، پێڵووی چاوم

وەکو شەکەتیی ڕێگایەکی سەخت

هەناسەم سوارو شل بوون  هەنگاوم 

بیرم ئاڵۆزە و نیگام کز بووە

هێندەی ڕامێنم  لەجەوری گێتی

دەروونم کەیلی خەم و کۆڤانە

هاکا هەڵمگرت شوهرەتی شێتی !!

چاوەڕێی ناکەم بۆم بێتە گۆچان

دارێک دانەیێ بە تەڕی و شلکی 

کەباڵای کردو لە خۆی بوغرا بوو 

بۆ تەورێک باشە، ببێ بە کلکی 

هەر پێڕەوکە بووم کەوتمە ژێر باری

خەمی خاکێکی بێکەس و خاوەن 

بازرگانەکان بست بە بست فرۆشتیان

بە دراوی قوڕسی دۆلارو پاوەن

بزانە ئەوەی دوو ڕکات نوێژی کرد

خەڵوەت نشین و عیرفانی نیە

بشبیتە خاوەن گەنجینەی قاڕوون

کە  مردی کفن گیرفانی  نیە

نیشتمان دۆستی درۆی سیاسەتە !

تەلار نشینان پێمان دەفرۆشن

لای ئەوان تەنها بازاڕی نەوت 

لەبرەو دابێ، دامان دەدۆشن 

ڕۆژێک فرۆشیاری گردو تەپلکەن

ڕۆژێک جوگڕافیا ژێر خان و سەرخان !!

هەر کەس کڕیار بێ بێتە پێشەوە 

زوو تاپۆی ڕەشی بۆ دەکەن تەرخان