
محمدی مام ڕەسوڵ
چەند جوانە ؟!
لەدەمی ئاوابوون و
لەپەرەگرافێکـــی تاریکدا
شاعیرێک بەڕوناکــی خۆی بشوا ؟!
تۆش لەدەمی ووردو خاش بوونی من
ئەوەندەی چاڵ و چۆڵی بازگەکانی خەیاڵ
خۆڵەکەم بپڕژێـنە بەباخچەدا
نەکا گڤەی ئەو مەملەکەتە کەڕولاڵ بێ و
ساڵێکی تر هەرمێکانی ئێرە پایز بگرن !!
نازانم ئەو هەموو شکانە چۆن لەمندا جێی بۆتەوە ؟!
کەدەم دەبەم بۆ ڕوناکی ،
ئاگر دەڵێ بمخۆرەوە
ئاو دەڵێ : کۆنترین ڕۆیشتنم بگەیەنە ماڵەکانی مێژوو
ئاخر ئێمە لەپێناو چیدا نەبووینە ڕوبار ؟!
کەغەریبیم دەکەمە شیعر
ڕۆمان دێت و سێبەری دار تووەکانی خۆی دادەنێ و
هەرەسی داستانێکی کەسکیش،
جۆگەلەی فاریزەکانی لێ دەڕژێن
هەورێکی سپی و ئاوابوون دێت
قەڵەمێک دەچێتەوە هەڕەدی منداڵی !
تا تۆم هەبێ ،
پێم خۆشە ئەوەندەی بەفر هەناسە دەدا
منیش بەسەر ڕێواسی ئاهەکانتدا ببارم !
ئەودەم هەموو شتێک لەمندا دەبێتە ڕستەو
دەبێتە کەڕنەڤاڵی وشە !
خەریکە لەو پایزستانەدا ،
دەست لە شپرزەیی خۆم دەدەم
خەریکم هەرچی بێداریمە لە شیعری هەڵدەسووم
ئاخر شەممەیەک خۆی پێ تەرجەمە ناکرێ و
شەقامی ڕووت کردۆتەوە
لەبن نسێ ی ڕەقبوونەوەی کانونا
هەڵکوڕماوەو بەعیشقەوە نەی لێدەدا !!