سازدانی: عومەر خدر كاكیل

 كەریم كاكە.. ناوێكی درەوشاوەی نێو كایەی ئەدەبی كوردیە، لەكۆتایی ئەم ساڵەدا بە رۆمانی (دەروێشی ئەڤدی) كتێبخانەی كوردی رازاوەتر كرد. داستانی دەروێشی ئەڤدی كە داستانێكی دڵداریە، سییەم رۆمانی نووسەرە لە بابەتی رۆمانی داستان ئامێز، كە نووسەر لە رۆمانەكانی ئەم دواییەیدا كاری لەسەر كردوون. بۆ شارەزابوون لە كارەكانی و ئەو بابەتە سەرنجڕاكێشانەی كە كردوونیەتیە بابەتی رۆمانەكانی، ئەم هەڤپەیڤینەمان لەگەڵ ساز دا..: 

* دوای بڵاوکردنەوەی رۆمانی (ماینه‌شێی ستی و حەسەن و مریەم و دەروێشێ ئەڤدی)، کە هەرسێکیان سێ داستانی دڵداری و قارەمانیەتین بەهۆی لاوک و حەیران و حەکایەتی بەرئاگردانی زارەکی نەوە لەدوای نەوە بە ئێمە گەیشتوون، تۆ هاتووی بە ڕۆمان جارێکی تر نەمریت بەو داستانانە بەخشیە،پرسیارەکەی من ئەوەیە؟ ئایا تۆ مەبەستت لە تۆمارکردنی ئەو داستانانە بە رۆمان چیە؟ ئایا دەتەوێ داستان و حەقایەتەکان تۆمار بکەیت و لە ناوچون بیانپارێزی؟ یان دەتەوێ لەپاڵ ئەو حەکایەتانە پەیامێک بە خوێنەری کورد بگەیەنی؟

** ئەو داستانانە خۆیان پارێزراون، بە دەنگ بێ، یان وشە لە بەردەستن، لاوکبێژ و بەستەبێژان دەیانڵێنەوە و تۆمارکراون، کەم و زۆریش خراونەتە سەر کاخەز، واتە بەو ناوەڕۆک و داڕشتنەی هەن، مەترسی لەناوچوونیان لە سەر نیە. بۆیە من لە خەمی لەناوچوون نیە کە دێم رۆمانیان لێ بەرهەم دەهێنم. من هەقایەت ناگێڕمەوە، سەربردەکان وەک چۆن بوونە، وا نایانووسمەوە. ئەوەی من کردوومن و دەیانکەم شتێکی دیکەیە، جیاوازە. رۆمانێ کە ناوی منی بە سەرەوە بێ، دەبێ بە ورد و درشتیەوە، بە روخسار و ناوەڕۆکیەوە هی من بێ، واتە نووسینەوەی رووداوێکی مێژوویی یان داستانێ نەبێ بە زمانێکی ئەدەبی، نابێ گواستنەوەی دەقاودەقی هیچ دیمەنێکی ئەو سەربردانە بێ. ئەگەر وا نەبێ، ئەوە رۆمان نیە و هی من نیە. ئەوانەی من نووسینەوە نین، نووسینن، رۆمانن. رۆمان نە دنیای کۆنە، نە دنیای لە بەر چاو، رۆمان دنیایەکی نوێیە،  هەوڵی ئەوەم داوە.

من ئەو داستانانە تەنها وەک چوارچێوەیەک، چوارچێوەیەکی شکاویش وەردەگرم، یان تەنها سەرۆ (ئیلهام)یەکن بۆ من. بە دنیابینیی خۆم، بە هونەرکاریی گونجاو، دەیانووسم، هەڵبەتە لەپشتیشیانەوە پەیامێکی نوێ هەیە، لە سەرووی هەمووشەوە پەیامی جوانی.

هەر کەسێ بەوردی گوێی لە داستانەکان گرتبێت و خوێنەرێکی وردی رۆمانەکانی منیش بێ، تێدەگات دوو شتی هێند لێگدی جوودان، بەروارد ناکرێن. من کەسایەتییەکانم (دەروێش و عەدلێ، حەسەن و مریەم، کەریم و ستی، زەمبیلفرۆش و .....) لە فۆلکلۆر و دیرۆکەوە گۆڕیون بۆ کەسایەتی رۆمان.

* بۆ نووسینی ئەم جۆرە لە رۆمان، تەنها سودت لە بەیت و لاوکی زارەکی وەرگرتوە؟ یان سوودت لە سەرچاوەی نووسراویش بینیوە دەربارەی ئەم داستانانەت؟

وە ئایا توانیوتە یان هەوڵت داوە سەردانی ئەو شوێنانەش بکەیت کە داستانەکەی تێدا رویداوە؟ بۆ زیاتر شارەزابوون لە سروشت و کەش و هەوای ئەو ناوچانانە ؟

چونکە لەکاتی خوێندنەوەی رۆمانەکان خوێنەر هەست بە نزیکیت دەکات لە سروشت و کەژ و کێوی ئەو شوێنانە؟

** لە منداڵییەوە هۆگری لاوک و حەیرانم، کەم لاوک و حەیران هەیە نەمبیستبێ. مەبەستمە بڵێم بەر لەوەی خەیاڵی بە رۆمانکردنی ئەو داستانانەم لە سەر بێ، چەندان جار بیستوومن و بە دیاریانەوە دانیشتووم. بەر لە دەستپێکردنی هەر رۆمانێکیشم لەمانە، گوێم داوەتەوە لاوکەکان، بەستەکان، ئەوانەی خراونەتە سەر کاخەز. دیارە ئەو داستانانەی تا ئێستا من کارم لە سەر کردوون، کەمتر کەوتوونەتە ناو مێژووەوە، زۆر بە دوایاندا گەڕاوم، شتێکی وا لە بارەیانەوە تۆمار نەکراوە، بە نموونە دەروێش و عەبدی بەگی بابی. زەمبیلفرۆشیش مێژووەکەی بە روونی دیار نیە، پتر داستانی فۆلکلۆرییە. کەریم و ستی تەنها کەوتوونەتە چەند بەستەیەکەوە، حەسەن و مریەمیش هەروا، هەرچەند ئەو دووانەی دوایی مێژووەکەیان هێندە دوور نیە، من بە منداڵی لە زاری بەتەمەنەکانەوە زۆرم لە بارەیانەوە بیستوون و لە یادگەم پاریزراون. بە کورتی بڵێم من بە دواداچوونی زۆرم بۆ کردوون، ئەمەش بۆئەوەی کاتی روودانیان بزانم و چوارچێوەیەک بکێشم و رستەیەک، کۆپلەیەک ببێتە هۆی سەرکردنی نووسین و خەیاڵم بفڕێنم.

رۆماننووس دەبێت شوێنناس بێ، ئەو شوێنانەی ناویان دێنێ، دەبێ شارەزای جوگرافیاکەی بێ. مەرجیش نیە خۆی سەردانی ئەو شوێنانەی کردبێ، دەکرێ لە رێی خوێندنەوە و وێنەوە زانیاری ورد پەیدا بکات. ئێستا ئەوە زۆر ئاسان بووە، هەر شارێکت بوێ، لە رێی وێنەی جوولاوەوە دەیانبینی، هەر دەشت و شاخ و رێوبانێکت بوێ، دێنە بەر چاوت. با ئەوەش بڵێم شوێن کە دەچێتە ناو رۆمانەوە مەرج نیە کتومت ئەوە شوێنە بێ کە هەیە.

زۆر لەو شوینانەی کە لە رۆمانی (دەروێشێ ئەڤدی......) ناویان دێ، من لە نزیکەوە نەمدیون، باکوورم نەدیوە، روها و مێردین و بایەزید و چیای ئاگری وێرانشار و گردی عەدژان و .... م نەدیون، بەڵام لە رێی خوێندنەوە و وێنەوە بست بست شارەزام، شارەزای ئاووهەوا و بەرزی و نزمی و رێوبان و کانی و رووبار و... دەزانم مێردینی کۆن هەڵکەوتەکەی چۆنە، وا بزانم ئەولیای چەلەبییە جوانی پیشانداوەتەوە. دەزانم هەینێ روها چۆن بووە، لە وێنەی جوولاوەوە جوان لە گۆلا ماسی وردبوومەتەوە، لە مزگەفت و ئەشکەفتەکەی برایمی پەیامبەر وردبوومەتەوە. لە سەر گردی عەدژانێ چەندان جار سەیری ئەو گرتەیەم کردووە کە گۆڕی دەروێشێ ئەڤدی پیشاندەدات، بەڵام ئەو شوێنانەی دەکەونە باشوور لە زاخۆوە بۆ لالش لەوێوە بۆ بۆ چیای مەقلووب و شنگال هەموویم دیوە و پێویستی نەکردووە پەنا بۆ خوێندنەوە و وێنە ببەم. بۆ رۆمانی ( زەمبیلفرۆش....) چوومە سەر گۆڕەکەی کە کەوتۆتە نزیک باتیڤە، لە بنارەوە لە قەڵای شابانیم روانی. هێ لەوە پێویستم بە دووری نێوان ئەو شوێنانە بووە، ئەوەش زۆر ئاسانە، لە لاپتۆپەکەی خۆتەوە دەزانی بۆ نموونە نێوان شنگال و حەسەکە چەند هەنگاوە، بە پێیان، بە سواری چەند دەمژمێرە. بەر لە نووسینی رۆمانەکە ئەو زانیاریانەم لای خۆم تۆمارکردبوون.

پیشاندانەوەی شوێن بە شێوەیەک کە خوێنەر کەمەندکێش بکات، پتر دەگەڕێتەوە سەر توانای نووسەر.  

* ئەحمەدی خانی لە سەردەمی خۆی داستانی مەم و زینی بە شیعر هۆنیەوە و داستانێکی مەزنی لێ خولقاند تا ئێستا سەدان لێکۆڵینەوەی لەسەر نووسراوە. 

ئایا تۆ توانیوتە هەمان کاری ئەحمەدی خانی بکەیت ؟

چاوەڕێ دەکەی رۆمانەکانت هەمان کاریگەری مەم و زینیان هەبێ؟

** مەم و زینی ئەحمەدی خانی شاکارە، شاکارێ لە ئەدەبی کوردیدا نە بەر لەو نە دوای وی نموونەی نیە. من چوار پێنج جار خوێندوومەتەوە، پێشتر ئەوەی هەژار وەریگێڕابوو، دواتر دەقە بنجییەکە. بە شێوەیەک چنیویەتی کەمەندکێشت دەکات، تا نەگەیتە کۆتایی بەرتنادات، وێنەی شیعریی وای تێدایە مەستت دەکات. دەبوو هەموو شاعیر و نووسرێ بیخوێننەوە، هەموو خوێنەرێ بیخوێنێتەوە، دەبوو بەش بەش لە قوتابخانە بخوێندرێ. چ دەقێ شان لە شانی دەدات!

ئەوانەی من ناکرێ لەگەڵ مەم و زینی خانی بەرواردبکرێن. چوونکێ دوو سەردەمی زۆر لێکدی دوورن، هەروابێتەوە هی وی داستانی شیعرین، هی من رۆمان. راستی نازانم رۆمانەکانی من چ کاریگەرییەکیان دەبێ و چۆن دەکەونەوە.

** رەخنەی ئەدەبی لەم سەردەمە چۆن دەبینی؟ ئایا لە ئاست ئەو هەموو بەرهەمەی ئەو چەند ساڵانەی چاپ كراون بەتایبەتی لە رۆمان؟

** هێندەی من ئاگادار بم، رەخنە هەیە، لێ کەم و کزە. ئەو نووسینانەی لە بارەی بەرهەمەکانی منەوە نووسراون، کەمێکیان نەبێ، ناکەونە چێوەی رەخنەوە، پتر خوێندنەوەی سەرپێیین، زۆریان پیاهەڵدانن، هەندێکیان دابەزین و شکاندنەوەن، دیارە من خۆشیم لە هیچ کامیان نایێ. نە بە پیاهەڵدان لە خۆ بایی دەبم، نە بە شکاندنەوە سارددەبمەوە.

 * رەنگە هەندێ خوێنەر یان هەندێ كەس بڵێن ئەو جۆرە رۆمانانە تەنها كۆپی كردن و گێڕانەوەی داستانەكانە بەشێوەیەی كە دەماو دەم بۆمان هاتوون؟ ئایا ئەمە راستە ؟ یان تۆ خەیاڵ و فەنتازیات لەو داستانانە تەوزیف كردوە؟ و جێگای خەیاڵی خۆت وەك نووسەر تێدا جێ كردۆتەوە؟ 

** ئەگەر کەسێ قسەی وای کردبێ، گوللەی بە تاریکییەوە ناوە، رۆمانەکانی منی نەخوێندووەتەوە. یان هەقایەت و رۆمان لێک جیاناکاتەوە. وەک پێشترێش ئاماژەم پێکرد، داستانە فۆلکلۆرییەکان بۆ من تەنها کەرەستەیەکی سادە و خاون، من رۆمانم لێیان بەرهەم هێناوە، رۆمانیش واتە خەیاڵ، فەنتازیا... لە خەیاڵی خۆمەوە کەسایەتییەکام بە شێوەیەکی دی ئافراندووە، رووداوەکان بە زۆری زادەی خەیاڵن، چنین و دارشتنیش لەوێ بوەستێ. تۆ ئەگەر بەراوردێکی سەرپێێ داستانە فۆلکلۆرییەکان و رۆمانەکانی منت کردبێ، دەزانی دوو شتی زۆر لێک جیاوازن، رەنگبێ تەنها لە کات و هەندێ شوێن، نەختێ رووداو خزم ببنەوە. لە کورتی بیبڕمەوە، تەنها کەسی رۆمانناس دەتوانێ پێبکەوێ داخوا ئەوانەی من رۆمانن یان نووسینەوەی داستانی فۆلکلۆری و دیرۆکی.

* دوای بڵاوكردنەوەی ئەو پێنج رۆمانە لە داستانی دڵداری قارەمانییەتی بەنیاز نی ئاوڕێك لەو ئەزموونەت بدەیتەوە؟و تاكو بزانیت ئایا تا چەند خشتێكت خستۆتە سەر خەرمانی رۆمانی داستان ئامێز؟ یان بەردەوام دەبیت لەسەر ئەو تەرزە رۆمانانە؟

** تا حەزی نووسینم تێدا بێ، درێژە بە نووسینی رۆمان دەدەم، جا داستانان بکەمە کەرەستە، یان هەر شتێکی دی. چیم بە خەیاڵدا بێت و لام گەڵاڵە بێ و توانام بەسەریدا بشکێ، دەست بە نووسینی دەکەم. هەر کاتێ هەستمکرد ئەوەی دەینووسم لاوازە و بە ناو رۆمانە، بڵاوی ناکەمەوە. راستی هەندێ چەمک هەیە من زۆر لەگەڵیان تەبا نیم، وەک: رۆمانی داستانئامێز، رۆمانی مێژوویی، یاداشتە رۆمان... شتێ کە رۆمان بوو، رۆمانە، ئەگەر نا، دەبێ ناوێکی دی لێ بنرێ.

* من وەك خوێنەرێك لەكاتی خوێندنەوەی ئەم سێ رۆمانە و بەرهەمەكانی تریشت، هەم بەهۆی زمانە تایبەتەكەت و هەم بەهۆی تەكنیكی گێڕانەوەت هەست بە بێزاری ناكەم، بۆیەش دەستبەرداری خوێندنەوەیان نابم. ئایا تا چەند گرینگە رۆماننووس رەچاوی ئەو خاڵانە بكات كە دەبێ لە رۆماندا هەبن تا خوێنەر لەگەڵ بەرهەمەكە بمێنێتەوە و دەستبەرداری نەبێت؟.

** رۆمان بەر لە هەر شتێ هونەرکاریییە، هونەرکاریی تایبەت بە رۆمان. با هەر بابەتەکە گرنگ و سەرنجڕاکێش بێ، ئەگەر نەتوانرا بە تەکنیکێکی لەبار بیخەیتە روو، نەتوانرێ لە چێوەی رۆمان بیگەیەنی. نەتوانرا چێژی رۆمانی پێ ببەخشی، بۆچی ناوی دەنێێ رۆمان؟ بە ناو رۆمان هەیە، بابەتەکەی گرنگە، سەرنجڕاکێشە، جۆرە چێژێکیشی هەیە، بەڵام رۆمان نیە، لە قاڵبی رۆمان دانەڕێژراوە، بەڵام خوێنەری سادە کە هێشتا چێژی رۆمانی نەکردووە، رۆمانی نەناسیوە، بە رۆمانی دەزانێ و پێیدا هەڵدەڵێ، بە راستی رۆمان خوێنەری تایبەتی خۆی دەوێ، ئەو رۆمان و بە ناو رۆمان لێکدی جیادەکاتەوە. من کاتێ دەست بە نووسینی رۆمانێک دەکەم، ئەوەی لەبیرم نەبێ خوێنەرە- دیارە مەبەستم کەمکردنەوە نیە لە بەهای خوێنەر- لە بەر خاتری خوێنەر نیە رەچاوی ئەو خاڵانە دەکەم کە تۆ مەبەستتە، نا، ناچارم، راستتر بڵێم ئەوە هونەری رۆمانە وا لە رۆماننووس دەخوازێ. ئاخر من رۆمان بنووسم، دەبێت بزانم کووکوویی دەیچنم و...

* لەم دواییانەدا لەگەڵ تیمی كەژەوانان بەشداری گەشتی كەژڕەویت كردووە كاتی پێشمەرگایەتیش رەنگە بەهەمان ئەو شاخانەدا رۆیشتبی، ئایا شاخ هەمان ئەو سیحرەی كاتی پێشمەرگایەتی ماوە؟ وەتۆش ئەو شنگ و تاقەتەی جارانت ماوە؟ وە ئەو گەشتانە بیرەوەری ترت بیر ناهێنێتەوە بیخەیتە بەشێكی تر (گوڵەستێرەكان كوژانەوە)

** سەردانەوەی شوێن شتت وەبیردەهێنێتەوە، لەو ساڵانەی دوایی کە سەردانی هەندێ لەو شوێنانەم کردەوە کە پێشمەرگایەتیم لێ کردبوون، وەک: بەری ئامێدی و چیای پێرس و زێبارەتی و سەفین و هەورێ و باواجی و ئاوەگرد و بەنەباوێ و مامەندە و شێنێ و ناوزەنگ و هەندێ شوێنی قەندیل، هەندێ سەربردەم وەبیرهاتنەوە کە لە یادگەم خۆیان شاردبووەوە و نەکەوتبوونە ناو (گوڵەستێرەکان کوژانەوە) ئەگەر دەرفەت هەبێ و حەزی نووسینەوەیان لە سەرم سەربکات، دەیاننووسمەوە و گوڵەستێرەکان تەواو دەکەم، ئەو کتێبەی کە پێموایە هەرگیز دوایی نایێ و چەندی بخەمە سەری، هێشتا زۆری دەمێنێ و بنی نایێ.

کەژەوانی ماندووبوونێکی بەچێژە، بەڵام من ئەو شنگ و تینەی جارانم نەماوە، جاروبار دەچم، ئەو چیایەی کاتی خۆی بە چەند جغارەخۆرێ دەمانبڕی، ئێستا دانەرۆژێکی دەوێ، چیا ئەفسووناوییە، جادووی هەیە، لە هەر سەردەمە و لە هەر دیتنێ بە شێوەیێ، کاتێ پێشمەرگایەتی، لەبەر ماندووێتی وبرسێتی و تینووێتی و سەرماسۆڵە و ترس، زۆر جار هەستت بە جوانی و ئەفسووناویی سرووشت نەدەکرد، بەلام ئێستا بە کامی دڵ لێێ دەڕوانی و سەرمەست دەبێ، کەم و زۆر نووسینیشت پێ دەبەخشێ..

نووسەر و رۆماننووس كەریم كاكە ناوێكی درەوشاوەی نێو كایەی ئەدەبی كوردیە، بە شیعر دەستی پێكرد، لە بیرەوەری و گەشنامە گەیشتە ترۆپك. لە رۆمانیش شان لەشانی رۆمانووسە جوانەكان دەدات. تا ئێسا خاوەنی بیست كتێبە لە بیرەوەری و گەشتنامە و رۆمان...