
حەمەسەعید حەسەن
قازانجی ماددی و خۆشیی دنیایی، بەلای (حەلاج)ەوە، هیچ بەهایەکیان نەبوو، ئەو شاعیرە سۆفییە ڕاستەقینەیە، سەنگەری هەژارانی هەڵبژارد و لەپێناوی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیدا گیانی بەخت کرد. چونکە سۆسیالیزم ساراماگۆ گوتەنی: "پێش ئەوەی سیستەمێکی سیاسی یان کۆمەڵایەتی بێت، دۆخێکی ڕۆحییە،" لە سەردەمێکدا کە هیچ باسێک لە سۆسیالیزم نەبوو، حەلاج پڕ بە پێستی وشەکە، سۆسیالیست بوو.
میلان کوندێرا هەستی بە شەرمەزاری دەکرد کە شیعری بۆ ستالین گوتووە، ئەوە پەڵەیەک بوو بە ژیانی (گوێنتەر گراس)ەوە کە لە ڕێکخراوی لاوانی نازیستەکاندا کاری کردبوو. شاعیرە بەعسییەکان لەو شیعرانەیان پەشیمانن کە بۆ سەددام حسێنیان نووسیوە. ڕۆژێک دادێت، ئەوانەی سەرسەختانە داکۆکیی لە هەڵەی ئەم یان ئەو حیزب دەکەن، ئەوانەی لەپێناوی قازانجی دەسەڵاتدارانی گەندەڵکاردا، یەخەی ئەم و ئەو دەگرن و ئەوانەیشی لەسەر خواستی کەسانی سەرووی خۆیانەوە دەنووسن، ئەنگوستی پاشگەزبوونەوە بگەزن.
بۆچی دەنووسیت؟ چونکە کەس شک نابەم هێندە لێمەوە نزیک بێت، متمانەی تەواوی پێ بکەم و نهێنییەکانی خۆمی لەکن بدرکێنم. نازانم بڕوا دەکەن یان نا، فێرناندۆ پیسوا گوتەنی، "کەسێکی دیکەی غەیری خۆم لە ناخمدا دەژی، هەر چی دەنووسم لەسەر خواستی، یان ڕاستتر بە فەرمانی وییە" و تا هەنووکە هەرگیز نەمتوانیوە دڵی بشکێنم، یان دروستتر لە قسەی دەربچم، ئەوە بۆیە ڕێک کەوتووە، شتی وام نووسیوە، سوور زانیومە بەهۆیەوە نەک هەر بەرژەوەندیم، تەنانەت ژیانیشم دەکەوێتە مەترسییەوە.
کە دەنووسم خۆم وەک قوتابی دێتە بەر چاو و کەسەکەی ناخیشم وەک مامۆستای ڕێنووس، ئەو چی بڵێت، ئەوە دەنووسم. پێم وایە ئەوی بە فەرمانی کەسەکەی نێو ناخی نەنووسێت، دەشێت نووسەر بێت وەلێ ناشێت ڕاستگۆ بێت. پۆڵ سێلان پێی وایە: "تەنیا بە زمانی دایکمان دەتوانین ڕاستی بڵێین، ئەوی بە زمانی غەیری زمانی دایکی، شیعر بڵێت، ئەوەی دەینووسێت درۆیە." ئاخۆ ئەو نووسەرانەی بە زمانی دایکیان نانووسن، نووسینیان زادەی فەرمانی کەسەکەی ناخیانە؟
کافکا دەڵێت: "تەنیا ئەو کتێبانە بخوێنەوە کە بێدارت دەکەنەوە، ئەو کتێبانەی دەتهەژێنن و بەستەڵەکی ناخت دەشکێنن." بەو ڕۆماننووسە سەرسامم کە کارەکتەری ڕۆمانی، بەرەو ڕووی بارودۆخێک دەکاتەوە، گۆڕانی ڕیشەیی بەسەردا بێت، شەیدای خوێندنەوەی ئەو کتێبەیشم، وێڕای ئەوەی چێژی لێ دەبینم، دەبێت بە هەوێنی گۆڕانیش لە بیرکردنەوە و ڕەوتارمدا، ئەو کتێبەی هەست دەکەم دوای خوێندنەوەی کەسێکی ترم، کەسێکی چاکتر.
*