regaykurdistan regaykurdistan regaykurdistan
  • Home
  • هەواڵ
    • عێراقی و جیهانی
  • وتار
  • ئەدەب
  • دیدار
  • وەرزش
  • نووسەران
  • بەدواداچون
  • هەمەڕەنگ
  • چالاکی حزب
  • شينخوا
  • العربیة

کۆترەکانی لالش

التفاصيل
سارا فەقێ‌ خدر  logo
ئەدەب
05 آب/أغسطس 2023

 

 

سارا فەقێ‌ خدر    

شیعر وتی نیگەرانم

نازانم چۆنا و چۆن  بدوێم

چۆن لە باسی بەھەشتەوە

بچمە دەروازەی تاریکی

پەخشان وتی بێتاقەتم

کە ئێرە بۆ خۆی دۆزەخ بێ

لەترسی ئاگری دۆزەخ ، پەرستن بۆ ؟!

قەڵەم وتی خەمتان نەبێ

گوێ نادەمێ چی دەنووسم

شیعر، پەخشان، چیرۆک،  ڕۆمان

ھەرچی لە نووکمەوە بڕژێ

پەنجەکان سەمای بۆ دەکەن!

من دەبێ ئەمڕۆ سەفەرکەم

دەبێ بچمە جەستەی باڵندەیەکەوە

باخە و باخ و شاخە و شاخ باڵان لێکبدەم

من ئێستاکە:

لەسەر گومبەزەکەی لالش 

چاوەڕێی سیوادی خۆرم

خۆرھەڵدێت و

کراسی سپی ئاودامانیان ١ ، شەپۆل دەدەن

ئاو راوەستێ

 ئەو کیژە قەدباریکانە ڕاناوەستن

گەڵا عیشقی لێدەچۆڕێ

گوڵ لەخۆشیان، ئاونگی خەندەی لێدەتکێ

ڕەنگینە زێدی ئێزیدییان

ھێشتا تارماییەڕەشەکان دەرنەکەوتوون

پاسەوانانی دەروازە

چرای سەوزیان بۆ ھەڵکردن و

تارماییەکان بە ئاڵای قەترانییەوە، وەژوورکەوتن

ویژدان سەری خۆی ھەڵگرت و

مرۆڤایەتی لەبن کەوشە٢کۆنەکاندا، پڵیشایەوە!

وتمان ئەمە، چەندپاتبوونەوەی مێژووە

لە(فەتح)ەوە ھەتا(ئەنفال)

وتیان نەخێر

ماراسۆنی خۆویستانەی منداڵانە

بۆ چیای شەنگال!

ھەرلێرەوە چیرۆکەکان ھاتنە دوان:

حەوتسەد دڵ پێکەوە وەستان

شەشیان ھی براکانی ئەو بوون

سێسەد دەست پێکەوە بەستران

دووانیان دەستەکانی ئەو بوون

یەکێک لەو پەرییە سپیانە، کە ھەر خۆی بوو

درایە دەست دڕندەیەکی زەبەلاح

زۆر گریا و لێی پاڕایەوە

گوتی زۆر بچووکم بۆ تۆ

تۆ زۆر کەتەی

بەڵام.. بەڵام...!

**

سەفەری من بەردەوامە

من یەکێکم لەو حۆرییە دەستبەسەرانە

ھات و گوتی:

کراسێکی کورت لەبەربکە

ئارایشتی پێکردم و

داگیرکردن دەستی پێکرد

زێوانی زۆڵ

نەک کراسی کورت، ھەر تەواو ڕووتی کردمەوە

دامی بەکۆمەڵێک ڕیشدار

بەڕیز نۆرەیان لێگرتم، بوورامەوە!

یەکێکی دی لەڕمبەدەستانی بیابان

بردمییە بارەگاکەی خۆی

گوتی ئایینت بگۆڕە، ببە ژنم

ڕازی نەبووم

دوای چەند ڕۆژێ

لەشەوێکی ئەنگوستەچاو

ئەویش وەکو ئەوانی دی

ڕێک وەک ئەوان...!

**

کە من دۆزەخم بینیوە

ئیتر لەمردن ناترسم

سەیری پێیەکانمم دەکرد

نەمدەتوانی باوەڕبکەم 

ئەو جەستە ھیلاکە، منم!

چاوەکانم دادەخست و

شەبەنگی وێنەکەی دایکم

لەئاوێنەی خەیاڵمدا، بریسکەی دەدا

نەمدەویست چاوم ھەڵبێنم و

ببینم کە چیم لێدەکەن

دەنگیان توندترین ئازار بوو

توانجیان لە جەستەی من دەدا ، کە لاوازە!

پەنجەکانیان پڕبوو لە تاڵە پرچی من 

ھەریەکەو بەشی خۆی دەبرد!

**

من تەنیا نیم 

زیاتر لە سێھەزار پەری

وەکومن ژیاون و دەژین

وەک (سەبایا)

دەکرێن بەدیاری پێشببڕکێی ئایینەکان

لەسەر دیوارەڕەشەکەی دادگا بەناو شەرعییەکەیان

ھاوپێچ لەگەڵ ناو و ژمارەی موبایلی خاوەنەکان

وێنەکانیان ھەڵدەواسرێ

بۆ فرۆشتن و گۆڕینەوە و بۆ بەکرێدان!

خاوەنی من چەندان جار منی بەکرێدا

جارێکیان لێی پاامەوە، کە نەمنێرێ

پێم پێکەنی

بەرگەکانی لێێ داماڵیم

گوتی دواپارچە بەدەستی خۆت لایبەرە

گوتم خولی مانگانەمە

بەھێز فڕێیدام

یەکەمجاربوو من بەختەوەربم بەم خولە!

**

زۆرم بینین پەری منداڵ پەری دووگیان

دایکانی منداڵی ساوا

پەرییەکی یانزەساڵم دی بەپەرژینی باخی ماڵەوە بەسترابوو

بەیانی ھەتا ئێوارێ ھێرشکردن درێژەی ھەبوو

تاوانەکەشی ئەوەبوو

ھەوڵی ڕاکردنی دابوو!

**

ئازیزە دڵشکاوەکەم

فرمێسکەکانت بسڕەوە

ببینە چۆن

ھەر تەوارە وباڵی تۆڵەی لێ ڕواوە

ھەر پەرییە وپەشمینێکی ڕەنگاو ڕەنگی لەسەرناوە

لەگەڵ باز و ھەڵۆیەکان پێکەوە ئاسمان تەی دەکەن

یەکە..یەکە، تارماییەکان دەکەن بەتۆز!

**

دەتۆش وەرە و باڵی سووتاوی کۆترەکان لەیاد مەکە

ھەموویان لەگەڵ خۆت بەرە

بەجانتا سپییەکەی شانت 

وڵات بە وڵات، بیانگێڕە

پێیان بڵێ:

ئەوە تەنیا چیرۆکی ئێزیدییان نییە

ئەمە ڕۆمانی گەلێکە

چەندان ساڵە نەتاویستووە بیخوێننەوە!

**

با جەستەی تۆ ھەر کزۆڵ بێ 

ڕۆحت لەگەڵ دەریای بەریندا ڕادەگرم

تۆ نوێنەری ھەر دڵێکی

کە دەروێشی ڕاستەقینەی ئازادی بێ

ئەتۆ ئێستا،کۆترێکی پەڕلەپێ و جوان و ناسکی

گشت سەحەرێ

لەئاسمانی (کۆجۆ)١ ی وێران، چەرخان دەدەی

ئێوارانیش بە گمەگم

لەنێو ھێلانەی دڵی من دەنیشییەوە!

**

سارا فەقێ خدر/ ٢٠١٤

ئاودامان: درێژ ھەتا سەر پەنجەی پێ

کەوش: پێڵاو

Share


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا

   

Copyright ©  2023  رێگای كوردستان  All Rights Reserved
  • ئێمە کێین
  • پەیوەندی
  • ستاف
  • چەپ و كرێكاری