مەریوان فەتحی کەریم

کەئەتۆدێی

خۆریش هەڵدێ و 

هێواش هێواش پاییز دەڕواو 

ڕێواسیش شلك دەبێت و 

حەلوكەی مزریش خڕ دەبێ و 

بۆنی بەهار پرش دەبێ و 

دەمیشم پڕ دەبێ لە ئاو !

*

كەئەتۆ دێی 

قژیشم ڕەش دەبێتەوەو 

ئیدی دڵم پێویستی بە(كۆنكۆر) نابێ و

وەكو سەعات كاردەكات و 

خەیاڵ و شیعریش پڕ دەبن لەبۆنی بەی 

لەبۆنی نێرگزی لەب و 

لەبۆنی كنێرەی قژو 

لەبۆنی تۆ!

*

كەئەتۆ دێی 

خونچەكانی بیركردنەوەم دەكرێنەوەو 

ئێرە دەبێتە گوڵستان

كەئەتۆدێی 

ئەی فانتازیای خەونەكانم:

بۆمنی قەرەج دەبیتە 

شۆخ و شەنگترین نیشتیمان!

---------

حەلوكە: ئاڵو باڵوی مزر

كۆنكۆر: حەبی ڕێك كردنەوەی لێدانی دڵێكی نەخۆش