
شەماڵ بارەوانی
کچانی ڕیاز ڕۆمانێکی خاتوونە نووسەری بە ڕەگەز سعوودیی(ڕەجاء عەبدولڵا سانعی)یە.
ڕەجا لە دایکبووی ساڵی ١٩٨١. یەکەم چاپی ئەم ڕۆمانەی لە ساڵی٢٠٠٥ بڵاوبووەوە. نووسەر ئەوکاتە هێشتا تەمەنی نەبووبوو بە بیست و پێنج ساڵ. کچانی ڕیاز دەنگدانەوەیەکی زۆری لە عەرەبستان دروست کرد و خاتوو ڕەجاء بە هۆیەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگ و ناخۆشی و تۆمەتی زۆر بووەوە و زۆر قسەی لە دژ هەڵبەسترا. نووسەر لە ڕێگەی کچانی ڕیازەوە زۆر بوێرانە باس لە چیرۆکی کۆمەڵێک کچی(قەمرە، لەمیس، مێشێل یان مەشاعل، سەدیم) ڕیازی پایتەختی سعوودیە دەکات. ئەو چوار کچەی کە سەر بە چوار خانەوادەی ئەرستۆکراتین. نووسەر لە ڕێگەی ئەم ڕۆمانەوە ڕووبەڕووی بیری نێرسالاری و نەریتە کۆنینەکانی کۆمەڵگا دەبێتەوە و قسە لەسەر برینەکانی کۆمەڵگەی سعوودیە و هەلومەرجی ژیان و دۆخی ژن و نەهامەتییەکانی ژن دەکات لە سایەی هەژموونی ئەقڵییەتی نێرسالاریی لە کۆمەڵگادا. کچانی ڕیاز، لادانی پەردەیە لەسەر ڕووە تاریکەکەی عەرەبستانی سعوودیە و ئابڕووچوونێکی مێنتەڵێنتی پاتریاریکییە لەو وڵاتەدا. وڵاتێک، ژن تێیدا لە سەرەتاترین مافەکانی بێبەش کراوە و وەک پەتی ئەهریمەن و نیوەمرۆڤ و کەمئەقڵ و سێبەری پیاو سەیر دەکرێت. وڵاتێک، چەمکی جێندەریزم تێیدا لە کونجی زیندانی ئەقڵییەتی نێرسالاریدا کۆتوبەند کراوە. ژن تێیدا ئەرکی لە وەچەخستنەوە و بەخێوکردنی منداڵ و خزمەتکردنی پیاوەکەی و مانەوە لەناو زیندانی چوار دیواری ماڵەوە زیاتر نییە. وڵاتێک، تەنانەت تا بەو دواییانە شۆفێریکردنی ژن قەدەغە بوو. کچانی ڕیاز، ڕەخنەی دزێوییەکان و تاریکییەکانی شانشینی سعوودیەیە. کۆمەڵگەیەک، یاساکانی هەڵقوڵاوی ئەقڵییەتی نێرسالارییە و کولتوورەکەی هەڵێنجراوی هەمان بیرکردنەوەیە و هەموو شتێکی لە بەرژەوەندی نێر نووسراوە و داڕێژراوە. کۆمەڵگەیەک، هەموو ئازادییەک لە ژن تێیدا زەوت کراوە و ژنبوونی ژن وەک مرۆڤێکی یەکسان و بەهێز و خاوەن ئیرادە و حەز و کەسایەتی، پێشێل کراوە و سایکۆلۆجیای ژن و شکۆی ژن و کەسایەتی ژن، وردوخاش کراوە و ژن بووەتە قوربانی کۆمەڵێک نەریتی دواکەوتووانە و دابی بەدوو و دۆگمی خێڵ و نەنگی ئەقڵییەتی نێرسالاری و مەزهەبگەرایی و بیری داخراو و وشکی بیابان. کۆمەڵگەیەک، سەلەفییەتی دینی و توندڕۆیی مەزهەبی و تەسکی تێگەیشتن، مرۆڤبوونی ژنی سڕیوەتەوە. کۆمەڵگەیەک، دەنگ و ڕەنگ و بوونی ژن بە نەنگی و عەورەت دەزانێت و هیچ هەڵبژاردنێک و هەناسەیەکی ئازادیی بۆ ژن نەهێشتووەتەوە. نووسەر لە کچانی ڕیازدا پێمان دەڵێت، ئەو کۆد و ستەم و چەوسانەوە و پەراوێزخستنەی کۆمەڵگەی پیاوسالاریی خستوویەتییە سەر کەسایەتی ژن، هێندەی لێدانە لە پیرۆزیی و بەها و شکۆ و کەسایەتی و پرەنسیپەکانی ژنبوون، سەتا هیچ بەرگریکردن و ڕێزگرتن نییە لە ژن. ئەوەندەی کرانەوەی کۆمەڵگە و فەلسەفەی یەکسانی جێندەریی خزمەت بە بوونی ژن و خواست و مافەڕەواکانی ژن دەکات، سەدا هیچ ئەو ئەقڵییەتە نێرگەرا و ئێکسپایەربوو و دواکەوتوو و ناشارستانی و دژەژن و نا مرۆڤە
لە پێناو ژن نییە. ئەو کولتوور و ئەقڵییەتەی هیچ دەرفەتێکی وا بە ژن نادات تا لە کۆمەڵگە خۆی بسەلمێنێت و بەشدارییەکی جیددی و تەواوی هەموو کایەکانی کۆمەڵگە بکات. نووسەر دەیەوێت لە ڕووی کۆمەڵگەی خێڵەکی و نەریتگەرا و مەزهەبگەرا و نێرگەرا و داخراو و دواکەوتووی سعوودیە بووەستێتەوە و پێیان بڵێت واز لەو درۆ و دەلەسەیە بێنن، بەوەی هەر کۆمەڵگەیەک تایبەتمەندی خۆی هەیە. نەخێر، هەرکۆمەڵگەیەک و هەر وڵات و دوورگە و کیشوەر و شوێنێکی جیهان مرۆڤ تێیدا بژیت، هیچ جیاوازییەک لەنێوان مرۆڤەکاندا نییە و ژنی سعوودیی، نەڕوێژیی، ژاپۆنیی، ئەفگانیی، ئێرانیی، ئەمریکی و...هتد. هەموو یەک جۆر مرۆڤن و خاوەنی حەز و ئیرادە و ماف و کەرامەت و مرۆڤبوونن و مرۆڤایەتی کۆیان دەکاتەوە. ئەوە ئێوەی نێرسالارن لەژێر ناوی پووچ و بە پاساوی پووچ و قسەی بێ بنەما و ناماقووڵ و نازانستی، جیاکاری ڕەگەزی و نامرۆڤانە دەخەنە نێوان ژن و پیاو و دیوارێکی نێرگەرایانەتان لەبەردەم هێز و خواست و ماف و ئازادییەکانی ژن ڕۆ ناوە و ژنبوونی ژنتان تیرۆر کردووە. کچانی ڕیاز، بە هەڵگرانی نەخۆشیی بیری نێرسالاریی دەڵێت بەسیەتی چەوساندنەوەی ژن و دەستبەسەرداگرتنی ژیان و کۆنترۆلکردنی بوون و زەوتکردنی ئازادیی و پێشێلکردنی کەسایەتی ژن. کچانی ڕیاز یاخیبوونە لە دژی هەموو ئەو تابوویانەی بۆ ژیانی ژن و ڕەگەزی مێیینە بوون بە تابووتی مەرگ. کچانی ڕیاز چیرۆکی ململانێکانی چوار کچە لەگەڵ بیری نێرسالاریی و بتەکانی کۆمەڵگەی نەریتی. کۆمەڵگەیەک، هەموو شتێک تێیدا لە دەست پیاودایه و ژن لە پەراوێزی ژیاندایه. کچانی ڕیاز، حەکایەتی کۆمەڵگەیەکی دواکەوتووە. ئەو کۆمەڵگەیەی لە بەرانبەر ژن و ڕەگەزی مێیینەدا سیستەمێکی پیاوسالاریی پێڕەوی لێ دەکات. کۆمەڵگەیەک، هەموو شتێک بۆ نێر ڕەوا و حەڵاڵە، لە بەرانبەردا بۆ مێ هەموو شتێک حەرام و بڤە و تابوویە. کچانی ڕیاز، داستانی سەرکەشی ئەو چوار هاوڕێ کچەیە کە لە سەرەتای تەمەندان و یەکێکیان هەموو شەوێک چیرۆکی ئازار و نەهامەتییەکانی خۆی و سێ هاوڕێکەی لە ڕێگەی ئیمێلەوە بۆ دانیشتووانی سعوودیە دەنێرێت و باس لەو تراژیدیا و ناخۆشیی و نەهامەتیی و چەوسانەوەیه دەکات کە بەهۆی کۆمەڵگەی نەریتگەرا و مەزهەبگەرا و نێرگەراوە ڕووبەڕووی دەبنەوە. بێئەوەی ناسنامە و کەسایەتی خۆی، یان هیچ یەکێک لە هاوڕێکانی ئاشکرا بکات. " نامەیەکی زۆرم بۆ دێت و دەیانەوێت ناسنامەی ڕاستەقینەم بزانن و پێم دەڵێن ئایە خۆت یەکێکی لەو چوار کچە؟ بۆچی نا!؟"
چوار کچ، لە هەموو کۆتوبەندێک و نەریتێک یاخی دەبن و دەیانەوێت بەو شێوازە بژین، کە خۆیان دەیانەوێت نەک ئەویتر.
چوار کچ، دەیانەوێ بەو شێوازە بخۆن و بخۆنەوە و بپۆشن و ژیان ئەزموون بکەن کە مرۆڤبوونیان داوای دەکات و ئازاد بن لە هەر بتێک و شتێک کە پێشووتر ئازادیی و کەرامەت و مرۆڤبوونی لە قاڵب داون. کچانی ڕیاز ململانێی نێوان:
یاخیبوون و ڕادەستبوون، ناکۆکی نێوان تازەگەریی و نەریتە. کچانی ڕیاز چیرۆکی وڵاتێکە ژنبوون تێیدا دۆزەخێکە و دۆخی ژن لەوپەڕی خراپیدایه و هەوڵ و هیلاکی و ماندووبوون و قوربانیدانێکی زۆر و پشوویەکی درێژی دەوێ و هێشتا زۆری ماوە تاوەکو ژن هەموو ماف و ئازادییە زەوتکراوەکانی خۆی بەدەست بێنێتەوە. کچانی ڕیاز، چیرۆکی سەدیمەیە. ئەو سەدیمەیەی ئیتر بڕیار دەدات خۆی بێت و نەچێتە ژێر بڕیار و بکە و نەکەکانی نێرسالاریی و ڕەتی بکاتەوە بەو داوایەی بەدرییەی پووری ڕازی بێت لەسەر پێکهێنانی ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ تاریقی کوڕی، کە خوێندکاری کۆلێژی پزیشکییە. تەنانەت دوای ئەوەی باوکیشی دەمرێت و ڕازی دەبێت لەگەڵیان بژیت و مەرجیان بۆ دادەنێت کە نابێت شێوازی ژیانی خۆیانی بەسەردا بسەپێنن و وەک کاڵایەک مامەڵەی لەگەڵدا بکەن. کچانی ڕیاز، چیرۆکی شکستی میشێلە لە خۆشەویستی و سەرکەوتنییەتی لە ژیان. خۆشەویستی لەگەڵ کێ؟ لەگەڵ کوڕێک(فەیسەڵ) کە خۆی وەک کەسێکی سەردەمیی و مۆدێرن و نانەریتی پیشان دەدات. بەڵام دواتر بۆ مێشێل ئاشکرا دەبێت کە فەیسەڵیش هیچ جیاوازییەکی وای نییە لەگەڵ ئەوانەیتر و ئەویش دیوێکی تری نێرسالارییە. ئەوکاتەی فەیسەڵ دەستبەرداری دەبێت و پشتی لێ دەکات بە بیانووی ئەوەی دایکی پشتگیری هاوسەرگیری پێکهێنان ناکات لەگەڵ میشێل و دەیەوێ هاوسەرێکی لە خۆیانی بۆ بێنێت. کچانی ڕیاز، چیرۆکی جیابوونەوەی قەمرە و ڕاشدی هاوسەرێتی. ئەو ڕاشدەی لە ئەمریکا دەخوێنێت و دڵی بە کچێکی ترەوە بەندە. بەڵام ویست و ڕەغبەتی کەسوکارەکەی ئەو هاوسەرگیرییە شکستخواردوو و نابەدڵەی پێ دەکەن. ماوەتەوە بڵێم: جێنشین(وەلی عەهد)ی سعوودیە(محەمەد بن سەلمان) بەو دواییە کۆمەڵێک چاکسازیی لە سیستەمی وڵات و هەلومەرجی کۆمەڵایەتی ئەو وڵاتە کرد. لەوانە: ڕێگەدان بە شۆفێریکردنی ژنان، کردنەوەی هۆڵی شانۆ و سینەما و چەندین چاکسازی تر، کە هەموویان ئاماژه و سەرەتایەکی باشی ئەوەن کۆمەڵگەی سعوودی و ئەو وڵاتە بەرەو کرانەوە و مۆدێرنبوون هەنگاو دەنێت و دەیەوێت هێدی هێدی سەلەفییەت و نەریت و نێرسالاریی لە خۆی دابماڵێت و توڕی زبڵدانی مێژوویان بدات. گەرچی جارێ ئەو گۆڕانکاری و چاکسازیی و هەوڵانەی شازاده بن سەلمان بەراورد بە وڵاتانی پێشکەوتوو و شارستانی و مۆدێرن و یەکسانیخواز زۆر سەرەتایین و هیچ نین، بەڵام مایەی دڵخۆشین.