کزەی جەرگم ئەتۆ لە کوێی

هەرنازانم

بارودۆخی

ئێستات چۆنە

ئاخر چنگی ستەم نەیهێشت

تێر تێر لە باوەشت بگرم

یان بەکامی دڵ هەڵمژم

هەناسەی ئەو عەتر و بۆنە

 

ئاخر هەروا بەبێ پەروا

ڕۆژ و شەوی تەمەن دەڕوا

ئەشکی حەسرەتیش چاوانم دەشواتەوە

 لە ( بێروون )ی تەنیاییم

ناخم ژەهر و

شەڕابی خەم ئەخواتەوە

 

کۆرپەم ئیتر لە کام هەوار

لەبن سایەی کام داری ژوان

لە چرکەساتی کام دیدار

دەرفەتێکی بۆ دەڕەخسێ

تا ئەوەندەی هێز پەیداکەم

وەک سەرنجی باز بەرەو ڕووی نێچیرەکەی

بە تاو بێم و

باوەشی سۆزت پێداکەم

 

کزەی جەرگم

ساڵانێکە گوێ هەڵئەخەم

لەرە لەری گڕوگاڵت

بۆ تاوێکیش هەر نەگەیشتە

پەردەی دووگوێم

هۆ بەرخەکەم

دە وەک پەپوولە بێ چرپە

باڵەکانت لێک بکەوە و

من هێشتانیش

لە سۆراخی تۆدا لەگەڵ

گەڵای دار و گژ و گیا و

کەوی چیا و

زیخ و چەوی ڕووبار ئەدوێم

 

ئەی ئەو کۆرپەی لەنێو سکما

نۆ مانگ وزەی گیانم پێدای

بە هێمای ئەو پەڕ و باڵە ناسکانەت

بە جەڵادی

ئەم ستەمی

کۆرپە لەدایک ستێنە بڵێ کامە

ڕاهێنەری ئەهریمەن بوو

تا ئەم ئاستی

بێویژدانییە ڕێگەی پێدای ...!

 

....................................

_ ( بێروون ) یانی بیابان