
خۆزگە دەهاتی
تابلۆی ئاواتم بە چرپەی هەناسەکانت ڕەنگ کەیت و
پاڵتۆی چاوەڕوانیمت پڕ دەکرد لە ئامێزی میهرەبانیت
خۆزگە دەهاتی و
پیاڵەی لێومت بە ماچی ئیشتییا تەڕ دەکرد و
وەک نمەباران تنۆک تنۆک دەڕژایتە ناو قاپی مەراقم
خۆزگە دەهاتی و
کەوچکی حەزمت تەژی دەکرد لە
هەنگوینی سۆز و
کراسی ڕۆحمت بە گوڵی عەشق دەچنی
خۆزگە دەهاتی و
لە ناوەڕاستی حەوشەی دڵم
نەمامی بەختت دەڕواند و باڵاخانەی تەنیاییمت لێوانلێو دەکرد
لە چریکەی ویساڵ
خۆزگە دەهاتی
کەمانی ئارامی بۆ نیگەرانییەکانم بژەنیت و
دەفی ئەوینم پڕکەیت لە وردە نزا
خۆزگە دەهاتی
ئاسمانی فرمێسکەکانم بە هەورەتریشقەی خەندەکانت داپۆشیت و
جامی قوڵپی گریمانت تەژی دەکرد لە عەتری پێەکەنین
خۆزگە دەهاتی و
دەبوویت بە هەڵۆی ڕامان و
لەسەر کێوی ڕوانینم دەحەسایتەوە
دەبوویت بە ئەڵقەی ئیلهام و
لەسەر پەنجەرەی خەیاڵی شیعریم دەگیرسایتەوە