ئەلیف شەفەق (ڕۆمان نووسی بەناوبانگی تورک و جێگری سەرۆکی «ئەنجومەنی شاهانەی ئەدەب» لە بەریتانیا.)

لە فارسییەوە: ئەرسەلان حەسەن

بیهێنە بەرچاوت تۆ لەشەمەندوفەرێکی تیژڕەودای.بەردەوام ئەودیمەنە دەگۆڕێت لەپەنجەرەکەوە دەیبینی، بێئەوەی چانسی ئەزموونکردنیت هەبێت. من تۆ و هاوسەفەرەکانمان بەنیشتمانێکی نادیاردا تێدەپەڕین. شوێنی مەبەست نادیارە: دنیایەکی کۆنیتر نییەو هەموومان چووینەناو خاکێکی نادیارەوە.

ئێمە لەسەردەمێکی سەیرو لەوەگرنگتر، ترسناکدا دەژین. سەردەمەکەمان سەردەمی ترس و دڵەڕاوکێیە، جۆرێک دڵەڕاوکێی وجودی و ماندووبوونی زەینی لەژیانی ڕۆژانەدا دەبینرێت، جۆرێک سەرلێشێوانی بێوێنە کە ئامادەنین دانیپێدابنێین یان توانای تێگەیشتنمان نییە. لەبەگژداچوونەوە بەئاڵنگارییە گەورە و جیهانییەکان، هەست بەزەلیلی و تەنانەت بێ بایەخ بوون دەکەین. بەرەوڕووی پرسیارەکانی بوونناسی بووینەوە کە وەڵامێکی سادەیان نییە:«قەیرانی ژینگە کێشەیەکی گەورەیە، بەڵام من بەتەنیا بۆ وەستاندنی چیم پێدەکرێت؟»، «هەژاری و نایەکسانی زۆر نیگەرانم دەکات، بەڵام تا ڕادەیەک هیچم لەدەست نایەت.»، «شەڕ ترسناکە، بەڵام بۆ پێش پێگرتنی هیچمپێ ناکرێت.»

... پرسیاری تری وەها. ئێمە نەک تەنیا هەستدەکەین بچوک و بێ بایەخین، بەڵکو هەستدەکەین کە ئاسایش و سەقامگرییمان نییە. هاوشێوەی سەرنشینانی شەمەندۆفێرێکی قەرەباڵغ و تیژڕەو وێڵی دەسگرێکن دەستیپێبگرن، ئێمەش بەدوای هۆکاریکدا دەگەڕێین بۆئەوەی هەست بەهەستێکی خۆش، بەڵام خەیاڵی سەقامگیری و بەردەوامی بەسەرماندا زاڵ بێت.

هەندێکجار لەخۆوە، دەستەوداوێنی خەڵکخەڵەتێن و پڕوپاگەندە دەبین، تەنیا لەبەرئەوەی بەڵێنی سەقامگیری و ئاسایشی ڕواڵەتیمان پێدەدات، بەڵام شەمەندوفێرەکە بەتاڵوکە دەڕوا و تەقوهوڕەکەی گوێکەڕ دەکات، ئێستا چیدی دەوروبەرانمان بەهاوسەفەری خۆمان نازانین، بەڵکو بەدوژمن، فاکتەری دەستێوەردان و سەرچاوەی مەترسییان دەزانین. بەخۆمان دەڵێین: من پارەی بلیتەکەممداوە، بەڵام ئەوەی پەنام داویەتی؟ ئەی ئەگەر شوێن بۆهەموان نەبێت؟ هەرچەند زیاتر بەگومانەوە سەیری دەوروبەرمان بکەین، زیاتر دەزانین کورسییەکان بەشی هەموویان ناکات و بەوئەنجامە دەگەین کە بێشک هەندێکییان بێ بلیت سەرکەوتوون. بەخۆمان دەڵێین، هیچ شەمەندۆفێرێک ناتوانێت هەموویان هەڵبگرێت. پێویستە هەندێکیان لەشەمەندۆفێرەکە داببەزێنی و لەخاکێکی نادیار بەتەنیا جێیان بێڵی.

هەنوکە مرۆڤایەتی بەرەوڕووی قەیرانی جیاجیای ژینگە، سیاسی، کۆمەڵایەتی و زمانناسی بووەتەوە. وشەکان زیاتر مشتومڕ خوڵقێنن. ئەمڕۆ وشەکان وەک چەک بەکاردێنن، لەئینتەرنێتدا بەسەریەکدا هاواردەکەن و جنێودەڵێن بێئەوەی گوێ بەئاکامی زیانباری بدەن. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانوەها لەتاروپۆیژیانماندا تێکچڕژاون، کە بەئەستەم دەتوانی باوەڕبکەی دیاردەی تازە سەرهەڵدراوون. لەوانەیە ئیتر نەتوانین ژیان بێ موبایل لەخەیاڵماندا بەرجەستە بکەین، بەڵام دەبێت لەبیرمانبێت و بیری یەکتری بێنینەوە کە ئینتەرنێت تەنیا پێش چەند دەیەیەک، لەنەوەدەکان، خرایە بەردەستی خەڵک. بەسە ئەم قۆناغە بەمێژووی درێژی مرۆڤایەتی بەراورد بکەین بۆئەوەی توانای ئینتەرنێت و ئەو زیانەی لەتەندروستی دەروونمانیداوە و باشتر لەهەڕەشە زۆرەکانی داهاتووی دیموکراسی بگەین. پڕوپاگەندە ناکەم کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەنیا خراپ یان تێکدەرن: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندەرفەتی لێدوانیان بۆکەسانێک ڕەخساندووە، پێشتر ئەو دەرفەتەیان نەبوە. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕێگەی بەناڕازییان و چالاکوانان داوەبۆهاوبەشکردنی زانیاری لەگەڵ کەسانی تر و ئاڵنگارییکردنی بۆچوونە باوەکان. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانکۆمەڵە جیاوازەکانی خەڵکییان پێکەوە گرێداوە، بەڵام خێرایی گۆڕانی تەکنەلۆژیا دیجیتاڵەکانزۆر زیاتر لەخێرایی پرۆسەکانی هەستکردنمانو زۆرزۆر زیاترە لەخێرایی سیستمی یاسایی، کلتووری و سیاسییمان. لەئەنجامدا، کەلێنێکی گەورە کەوتووەتە نێوان ئێمە و گۆڕانی تەکنەلۆژیاوە.

پێویستە بۆتێگەیشتن لەشێوازی کاری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و زیانەکانی، لێیان بچینەدەرەوە. دەبێت چەندی زووترە پەیوەندی بەسێ شتەوەبکەین: بەخۆمان (پەیوەندی دەروونی یان ڕۆحی)، بەیەکدی (پەیوەندی کۆمەڵایەتی، کلتووری و سیاسی) و بەسرووشت (پەیوەندی ژینگەیی).

ئەگەر خۆمان نەخافڵێنین و گوێ لەسروشت بگرین، بۆمان دەردەکەوێتکە سروشت مامۆستایەکی گەورەیە. لەکاتێکدا تەمەنی ئینتەرنێتی مرۆڤایەتی تەنیا چەندساڵێکە، "ئینتەرنێتی قارچکی" پێش ملیۆنان ساڵ هەبوە. بە پێچەوانەی ئێمە، دارەکان باش و بونیادنەرانەسوودییان لەهاوپەیوەستی پەیوەندییان وەرگرتووە. تۆڕی قارچکی لەجەنگەڵە کۆنەکان زۆر پێشتر لەپەیدابوونی شارستانیەتی مرۆڤایەتی بەئاڵۆزییەکی نائاسایی چالاک بووە و توانای دروستکردنی پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی پەیامە گرنگەکانی نێوان گیاکانی هەبوە. ئاڵۆزی ئەم ئاڵقە فیدباکە سەرسوڕهێنەرەو توانای بەردەوامی ژیانی درێژی ئیکۆسیستمە سروشتییەکانی هاوسەنگ کردووە، بەڵام ئێمەش وەک زۆر لایەنیتری سروشت لەم ڕاستییە بێئاگا بووین، چ جایقەدری بزانین.      

دیموکراسیش ئیکۆلۆژییەکی وردو ناسکە. سیستمێکی پێکهاتوو لەئامڕازی پاراستنی هاوسەنگی، ماف و ئەرکەکان، توانا و وەڵامدانەوەیی. دیموکراسی پێویستی بەژینگەیەکی دروست و دینامیزم و کۆمەڵێکی جۆراوجۆری ڕەگەزی پەیوەندی بەرانبەرە. ئەمەش واتا هەریەکەمان لەئیکۆسیستمی گەورەتر بەشداریین. ئێمە نەبچووکین و نەبێ بایەخ،بەڵام لەئەوانی دیکە باشترنین. ئێمە تەنیاو تەنیا گەشتیارنین لەگەشتە خۆپەرستەکاندا،بەڵکو بەشێکین لەچەرخی گەورەتری ژیان. دەنگمان گرنگە. چیرۆکەکان پێکەوەمان گرێدەدەن. بێدەنگی لێکدیمان جیادەکاتەوە.

تەنیا سندووقی دەنگدان بەمانای دیموکراسی نییە. مانەوە و گەشەکردنی دیموکراسی پێویستی بە یاساتەوەری، لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، میدیای ئازاد، زانکۆی سەربەخۆ، مافەکانی ژنان، مافی هۆمۆسێکسواڵەکان، مافی کەمینەکان و هاوشێوەیانە. ئەگەر ئەم پێکهاتانە کەموکوڕییان هەبوو یان زەرەرمەندبوون، هەڵبژاردن تەنیا سەردەکێشێتە حکومەتی زۆرینەوە. زۆرینەگەرایی پۆپۆلیستی و خۆسەپێن زۆر لێکدوورنین.

تۆڕە فراوانەکان کە دارەکان پێکەوەدەبەستنەوە،بیرمان دێنێتەوە هەموومان پەیوەستین پێکەوە. ژیان و چیرۆکەکانمان، خەم و خۆشییەکانمان پەیوەستن پێکەوە. نەزانی تەنیا قەیران خراپتردەکات. هەر کە بێباکبووین بەرامبەر بەوشتانەی لێرە، لەوێ یان لە هەر جێگایەکیتر ڕوودەدەن، بێهێزی و داهێزران زاڵ دەبێت.

جگەلەوە، ڕەنگە فۆکەس خستنەسەر دارەکان ئیلهامبەخش بێت و وابکات بەشێوازێکی نوێ و جیاواز بیرلەشووناس بکەینەوە. شووناس نەک وەک شتێکی تاک یان ئیستاتیک، بەڵکوڕەوانتر، وەک جۆرێک لە هەستکردن بەچەندین سەربەخۆیییان وەک بازنەی هاوسەنتەر لەدارێکدا. من دەتوانم وابەستەییەکی قووڵم بەشوێنێک یان کەلتووری بابوباپیرانم یان تەنانەت بەقەومییەت یان گەلێکەوە هەبێت، بەڵام هاوکات ئاگام لەوڕاستییە بێت کە ئەندامی جۆری مرۆڤ و هاوڵاتیی دنیای مرۆڤایەتیم. من دەتوانم لە هەمانکاتدا هاوڵاتیی "ئێرە" و "ئەوێ" و هەموودنیا بم. هەمووکەس دەتوانێت چەندین ناسنامەی هەبێت. خەڵک فریودەرانی پۆپۆلیست دەیانەوێ هەمووشتێک بۆ دوو جەمسەری "ئێمە" و "ئەوان" دابەش بکەن، بەڵام دەبێت لەسەردەمی شڵەژانی وجودی داکۆکی لەفرەیی و زۆرینەخوازی بکەین. بەمشێوەیە، وردە وردە دەتوانین ببینین ئێمە لەسەر خاکی نادیاری دەوروبەرمان، دنیای ترسناکی ئاخنراو بەناسەقامگیری نوێ و هەڕەشەی نادیار، تەنیا نین. ئەم هەستەی تەنیا نەبوونەوادەکا ژینگەکە بێگەردتر دەرکەوێت: ئێمە لەم ڕێگایەدا هاوسەفەرین و دەبێت بۆ مانەوەمان، بەڕەسمی مرۆڤایەتی یەکدی بناسین.

aasoo.org