گەیاندن/ تێگەیشتن/ جیاوازی

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

خوێندنەوە ئەو هێزەیە کە وادەکات پەیوەندییەکی داهێنەرانە لەنێوان دەق و خوێنەردا بەرهەم بهێنێتەوە، یان مانا و دەلالەتى تایبەت بەرهەم بهێنێتەوە، خەیاڵێکی داهێنەرانە بونیاد بنێ، نەک پەیوەندییەکی هاڕمۆنی... بەو مانایەش پەیوەندى دەقنووس، نووسەر بە تێکست یان ئەو كەلەپورەى تێکستى بەرهەمهێناوە، پەیوەندییەكە وەك (پۆل ریكۆر) دەڵێت، لە سەر پارادۆكس هەڵچنراوە. بەو مانایەش دەق فرە ئاستی مەعریفی جیاواز و خوێندنەوە جۆراوجۆرو فرە ڕەهەندە، خوێندنەوە جیاوازییەکان هەڵدەنێ و بیرکردنەوە تایبەتەکان دەنووسێتەوە... خوێندنەوە تەنها لە بوونى ڕەوانبێژى دەق و مەعریفە و ئاگایى دەق خۆى نانوێنێ، ئەوەى لە خوێندنەوەدا گرنگە بیركردنەوە و خەیاڵى داهێنەرانەیە، نەک ئاستی ئاسۆیی و هاڕمۆنییەت، لەو ڕووەوە کتێب هیچ پێشنیارێکى هاڕمۆنى نییە، کتێب بەس خۆیەتی لە پەیوەندی بە تاقمە جیاوازەکانی تر و بە گوێرەی جەستە بێ ئەندامەکانی تر، هەرگیز پرسیاری ئەوە ناکەین خوێندنەوە لە پێگەی دال یان مەدلول چ پەیامێكی هەڵگرتووە، چی دەگەیەنێت... ئەوەى بوونى هەیە ئەو خوێنەرەیە کە ڕوو لە دەرەوەیە، نەک ئەو خوێنەرەى کە ڕووى لە پەیامی دیاریكراو و سندووقى کتێب و مەستى مانا و دەلالەتەکانە...

بە کورتى کتێب، تێکست ماشێنێکی بچووکە و بۆ کۆمەڵێ ئاماژەى دیاریکراو یان تێگەیشنێکی دیاریکراو، پەیامی دیاریكراو.... کورت نابێتەوە، بەڵكە پێویستە خوێنەر دووبارە بوونی خۆی بەشێوەیەكی ستوونیتێدا بەرهەمبهێنێتەوە.

هەموو منێكى خوێنەر كە دەخوێنێتەوە دووبارە خودى خۆى دەخوێنێتەوە، چونكە هەموو (منێكى خوێندنەوە) هەڵگرى بەرهەم هێنانەوەى بیركردنەوە و خەیاڵى داهێنەرانەى خۆیەتى، بێگومان هیچ منێكى نووسینەوە و منێكى خوێندنەوە، منێكى كامڵ نییە، پاشان ئەوەى كە منى نووسینەوە و منى خوێندنەوە داواى دەكات، جگە لە داهێنان و بەرهەمهێنانەوەى داهێنان و سەیرورە شتێكى دیكە نییە. بۆیە منى خوێندنەوە هەمیشە نوێنەرایەتى جۆرێك لە سەیرورە (یان بۆشایی داهێنەرانەى بەردەوام) دەكات، یان نوێنەرایەتى ئەو جێگیرنەبوونە دەكات، كە تەواوى ئەزموونگەرییەكانى داهێنان و سەیرورەى لەخۆ گرتووە. کەواتە كردەى خوێندنەوە بەردەوام (منى داهێنەرانە)ى سەیرورە دروست دەكاتەوە. پۆل ریكۆر لە یەكێك لە نووسینەكانیدا دەڵێ‌ كاتێك دەخوێنمەوە (من)ى خۆم ڕووت دەكەمەوە، بۆ ئەوەى لەڕێگاى خوێندنەوەوە بگەمە خودێكى دیكەى داهێنەرانەى نوێ‌. بەو مانایەش منى خوێنەر لەڕێگای داهێنانەوە لەڕێگاى سەیرورەى داهێنانەوە بوونی خۆی و پرۆسەی جێگیربوونى تێگەیشتن و گۆڕانكاری و سەیرورەى بەردەوام فەراهەم دەكات، چونكە بوونی زاتیانەی (خوێنەر/وەرگر) چركەیەكە لە چركەكانی بوونی ڕاستەقینەى داهێنان و كاری داهێنانیش چركەیەكی وجودییە و هەر كاتێكیش هەردوو چركەكە بە یەكگەیشتن ئیدی دیالۆگ لە سەر بنەماى (بەبیرهێنانەوە) و (تێبینكردن) و (سەیرورە) دروست دەبێت، لەوێشەوە پرسی گۆڕانكاری بەردەوام و وەڵامی بەردەوام دێنە دی، كە بە هۆیانەوە ڕووە جێگرەکانى حەقیقەتی بوون ئاشكرا دەبێت، هەر لەوێشەوە بەردەوام ئەزموونی وجودییانەمان لە نێو جیهاندا گەشە دەكات.

بەڵام ئەوەى بەردەوام لە خوێنەر و کلتوورى خوێندنەوەى کوردى بەرچاومان دەکەوێت، ئەوەیە کە خوێنەرى کوردى هەمیشە خوێندنەوە وەک سندوقێکی داخراو ڕوو لە ناوەوە دەبینێ، خوێنەرى کوردى هەمیشە هەوڵدەدا هەموو گرژی و بەرکەوتن و دژایەتیەکانی نووسەر بۆ ناوەوەی خۆی بەشێوەیەكی ئاسۆیی بگوازیتەوە، هەموو سەرسامى و کاریگەرییەکانى نووسەر لە خۆیدا بڕوێنێ، هەرگیز خوێندنەوە وەک کاڵایەکى خاوى گۆڕانكاری و داهێنان و سەیرورە نایبینێ، هەرگیز خەیاڵى داهێنەرانەى خۆى لە خوێندنەوەدا پرۆسیسە ناکات، گرفتى خوێنەرى کوردى ئەوەیە، کە دەکەوێتە ژێر كاریگەری و چالاکییەکانى نووسەرەوە و گرفتى خوێنەرى کوردى ملکەچبوونە، هەرگیز ئەکتیڤیبوونى خۆى نابینێ...