
برینی خۆم دەكەم بەشیعر
چیدی ئەوچیرۆكانە ناخوێنمەوە بۆنی خوێنیان لێبێت
خۆم ساڕێژ دەكەم
تا
ئەستێرە لەدەستی شەڕ ڕزگار دەكەم
تا
پێكەنین
(لەحەوشەی ماڵەكەت دەچێنم)
تا
كۆترەكانی سینگت تەڕتەڕ دەكەم
تا
دەسماڵی ئەوین دەچنم و چۆپی بارانی پێ مەست دەكەم
برینی دڵشكانی خۆم دەكەم بەگۆرانی
مردنی پێ دەڕازێنمەوە
قەمیسەكەی هەتاوی پێ دەچنم
پەنچەرەی ڕوح پڕ گوڵ دەكەم
كتێبێكی شیعر دەخەمەسەر ڕەفەی دڵدارەكان
چوار دێری
ناوازە
دەدەمەوە بەئاوێنە
پرچی ئاسمانەكانی پێ ژیردەكەم
شكانی نیگایەكم دەكەم بەشیعر
باخێكی پێ ڕۆشن دەكەم
دایكم بانگ دەكەم
تۆزێك بێتە نسێی زامەكانم
ماچێكی كراسەكەی دەكەم
دەست دەخەمە ملی وبۆنی سینگی دەكەم
دەچم
ئازارم دەنوسمەوە
خەوزڕانم
دەكەمە نۆتەی
ئەوپێكەی ئێواران لەگەڵ فاتحی نۆشی دەكەین
دەیكەمە
دوا بەرگی هەناسەیەكم و نەغمەی نەسیمێك دەهۆنمەوە
دەچم
بەبەرچاوی شارەوە
نزای دڵێكی بزربوو دەنوسمەوە